بەڕێوەبەری ئێف بی ئای: هێرشێکی تیرۆریستیمان لە میشیگن پووچەڵ کردەوە
رووداو دیجیتاڵ
کاش پاتێل، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا دەڵێ، "هێرشێکی تیرۆریستی"یان پووچەڵ کردووەتەوە، کە پلانەکە بەو جۆرە بووە لە پشووی کۆتایی هەفتەی هاڵۆویندا لە ویلایەتی میشیگن لە باکووری ئەمریکا بکرێت.
رۆژی هەینی 31-10-2025 کاش پاتێل لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "ئەم بەیانییە، ئێف بی ئای هێرشێکی تیرۆریستی پووچەڵکردەوە و چەندین گومانلێکراوی لە میشیگن دەستگیرکرد کە گوایە پیلانی هێرشێکی تووندوتیژییان بۆ پشووی کۆتایی هەفتەی هاڵۆوین داناوە."
بەڕێوەبەری ئێف بی ئای رایگەیاند، دواتر وردەکاریی زیاتر لەبارەی پیلانەکە بڵاودەکرێتەوە.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی شاری دێربۆرن، کە شارێکە دەکەوێتە رۆژئاوای دیترۆیت لە ویلایەتی میشیگن، لە پۆستێکدا لە فەیسبوک رایگەیاند، ئێف بی ئای بەرەبەیانیی رۆژی هەینی ئۆپەراسیۆنێکی لە دێربۆرن ئەنجام داوە.
پۆلیسی دێربۆرن رایگەیاند، "دەمانەوێ دانیشتووانمان دڵنیا بکەینەوە کە ئێستا هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر خەڵک نییە."