چیرۆکە دڵتەزێنەکانی دوای زریانی مێلیسا؛ 'چوار منداڵەکەم گیانیان لەدەستدا، یەکێکیان ساوا بوو'
رووداو دیجیتاڵ
کاریبی، زنجیرە دوورگەی جوان و پڕ لە ژیانی ئەمریکای نێوەڕاست، ئێستا لەنێو وێرانکارییەکی بێوێنەدایە. زریانی (مێلیسا) بە تووندی بەم ناوچەیەدا تێپەڕی و لە دوای خۆی جگە لە مەرگ و خەسارەتێکی بێشومار، هیچی دیکەی بەجێنەهێشت.
ئەم زریانە، کە یەکێکە لە بەهێزترین زریانەکانی تۆمارکراو لە ناوچەکە، پرسیار گەلێکی نوێی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ئامادەیی ناوچەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتە سرووشتییەکان وروژاندووە.
مێلیسا، کە لە پۆلینی پێنج دا بوو، شارۆچکەکانی تەخت کرد، گوند و کۆمەڵگە دانیشتووانەکانی نوقمی ئاو کرد، و بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان کەس. سەرەتا زریانەکە بە تووندی لە دوورگەی جامایکای دا. بەرپرسانی ئەو وڵاتە رایانگەیاندووە کە لانیکەم پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.
نەخۆشخانەکان، بنکەکانی پۆلیس، کتێبخانەکان و، بەندەرەکانیش زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، کە ئەمەش کاریگەرییەکی "قووڵی لەسەر ژیانی رۆژانەی هاوڵاتییان" بەجێهێشتووە.
ئەلێکسیس رامۆن، یەکێک لە ماسیگرانی ناوچەکە، لە کاتێکدا هەوڵی پاککردنەوەی ناوچەکەی دەدا، بە دڵێکی پڕەوە بە رووداوی گوت: "لەم کاتەدا، هەوڵی پاککردنەوەی ناوچەکە دەدەین بۆ ئەوەی بزانین چی رزگار دەکرێت. ئینجا دەبینین چی روودەدات."
قسەی ئەو هاووڵاتییە بارودۆخی نادیار و بێ ئومێدیی هاوڵاتییانی جامایکا و ناوچەکەی بە گشتی نیشان دەدات.
دواتر، زریانی مێلیسا بەرەو هایتی، کوبا و باهاماس بەڕێ کەوت. لە هایتی، یەکێک لە هەژارترین وڵاتانی جیهان، زریانەکە زیانێکی زۆرتری لێکەوتەوە. لانیکەم 20 کەس گیانیان لەدەستدا و کارەبای سێ لەسەر چواری وڵاتەکە بڕا. هەزاران کەس ناچار کراون روو لە شێڵتەرەکان بکەن و ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.
ستیڤن گوادارد، هاوڵاتییەکی هایتی، بە چاوی پڕ فرمێسکەوە چیرۆکی لەدەستدانی چوار منداڵی خۆی گێڕایەوە: "چوار منداڵم لە ماڵەوە هەبوون، منداڵێکی ساوا کە تەمەنی مانگێک بوو، یەکێکیان تەمەن حەوت ساڵ، یەکێکی دیکەیان تەمەن هەشت ساڵ و ئەوی دیکەشیان کە خەریک بوو ببێتە چوار ساڵ. هەر چواریان گیانیان لەدەستدا."
ئەم چیرۆکە دڵتەزێنە تەنها یەکێکە لە سەدان چیرۆکی هاوشێوە کە لە دوای مێلیساوە لە هایتی دەبیسترێن.
ئێستا زریانی مێلیسا بەهێزییەکەی دوو پلە کەمبووەتەوە و بایەکی بەهێزی بە خێرایی 115 میل لە کاژێرێکدا لەگەڵ خۆی هێناوە، بەڵام کاریگەرییەکانی هێشتا بەردەوامن.
لەم نێوەندەدا، توێژینەوەیەکی نوێی زانایان لە کۆلێژی ئیمپریال لەندەن ڕایگەیاندووە، گۆڕانی کەشوهەوا تووندیی زریانەکەی بە رێژەی 7% زیاد کردووە. ئەم داتایە "ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ داهاتوو"، چونکە نیشان دەدات کە لەگەڵ بەردەوامبوونی گۆڕانی کەشوهەوادا، چاوەڕوان دەکرێت زریانەکان زیاتر وێرانکەر و کارەساتبارتر بن.
کارکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتە ناوچەییەکان بۆ گەیاندنی یارمەتی و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە دەبێت خێراتر بێت، لە کاتێکدا دانیشتووانی کاریبی لەنێو پرسە و خەمۆکی دا بەربەرەکانی لەگەڵ ژیانێکی نوێ دەکەن، هیواخوازن دووبارە بتوانن خۆیان بونیاد بنێنەوە.