بەهۆی لافاوەوە لە شاری نیویۆرک دوو کەس گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە بەشێک لە شەقامەکانی شاری نیویۆرک لە رۆژی پێنجشەممەوە لافاو دروستبووە و بە هۆیەوە دوو کەس گیانیان لە دەستداوە. 
 
بەرپرسانی پۆلیسی شاری نیویۆرک رایانگەیاند، بەهۆی لافاوەوە لە ناوچەکانی برۆکلین و مانهاتنی نیو یۆرکدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا. بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، تەرمی هەردوو کەسەکە لە نهۆمی ژێرەوەی باڵەخانەیەکدا دۆزرانەوە. 
 
ئاژانسی کەشناسی نیشتمانی ئەمریکاش لە ئێکس بڵاویکردەوە، لە ناوچەی سێنتراڵ پارک 45.75 ملیمەتر و لە فرۆکەخنەی لاگواردیاش 50 ملیمەتر باری. ئەمە زۆرترینە لە ساڵی 1917ەوە بۆ سێنتراڵ پارک و لە ساڵی 1955ەوە لە فرۆکەخانەکە. هەروەها، بارانی بەخوڕیش لە ناوچەکانی برۆکلین، برۆنکس، کوینز و مانهاتنی شاری نیویۆرکدا باریوە. 
 
ئاژانسی کەشناسیی نیشتمانیی ئەمریکا داوای لە هاووڵاتییانی ئەو ناوچانەی نیویۆرک کردووە بە وریاییەوە لە دەرەوە بجوڵێنەوە و خۆیان لە نهۆمەکانی ژێرەوەی ماڵەکان و باڵەخانەکان بەدوور بگرن. 
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، بەهۆی بارانبارینەوە زیاتر لە هەزار گەشتی ئاسمانیش لە ئەمریکا هەڵوەشێندرانەوە ،کە زۆرینەیان لە نیویۆرک و ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بوون.