بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتووچۆ پۆلیسی فەرەنسا تاكتیكێك بەكاردێنێت

رووداو – ئیلاف

دەسەڵاتدارانی ناوچەیەكی فەرەنسا، تاكتیكێكی نوێ دەدۆزنەوە بۆ كەمكردنەوەی شۆفێرە سەرخۆشەكانی شەوی سەری ساڵ، بە دانی پارەی بەنزینی ئەوانەی سەرخۆش نین.
 
پۆلیسی فەرەنسا وەك هەموو ساڵێك مەترسی لە رووداوەكانی هاتووچۆ هەیە لەشەوی سەری ساڵدا، بەتایبەتی لەكاتی تەواوبوونی ئاهەنگەكان و گەڕانەوەیان بۆ ماڵ بەسەرخۆشی.

دەزگا حكومییە پەیوەندیدارەكان لە فەرەنسا هەمیشە چەندین رێگەیان گرتووەتەبەر لەو بۆنانەدا بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتووچۆ، بەڵام رووداوەكانی هاتووچۆ بەردەوام لەزیادبووندان كە سەدان قوربانی لێدەكەوێتەوە. بەڵام ئەو تاكتیكە تازەیەی كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوچەی فار دانراوە لەسەر لێوارەكانی باشوور، سەردەكەوێت.

تاكتیكەكە بریتییە لەوەی كە پۆلیس 20 یۆرۆ وەك پاداشت دەداتە هەر شۆفێرێك كە دەربكەوێت سەرخۆش و مەست نییە.

لۆران كایریل، پارێزگاری ناوچەكە رایگەیاند "دەمانەوێ هەموو ئەوانە پاداشت بكەین كە وەك هاووڵاتی چاك هەڵسوكەوت دەكەن و ئەركی شۆفێریكردنیان داوەتە كەسێك كە مەی ناخواتەوە، بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان".

هەر شۆفێرێك بیەوێت بەمەبەست بەدوای ئەو پارە كۆكردنەوەدا بگەڕێت، كارەكەی سەرناگرێت، چونكە ئەو بلیتانەی پارە لەكاژێر 2:30 ی دوای نیوەشەو تاوەكو 6:00ی بەرەبەیانی چوارشەممە لە چەند ناوچەیەكی دیاریكراوی شارۆچكەی تۆلۆن و دەورەبەریدا دابەشدەكرێن.