10 جه‌نگ و ململانێی چاوه‌ڕوانكراو له 2020دا
رووداو- هه‌ولێر
جیهان له‌كاتێكدا پێشوازی له ساڵی نوێ ده‌كات كه ئه‌مریكا به‌ره‌به‌ره له گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كشێته‌وه، ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌و روانگه ستراتیژییه نوێیه‌ی ئه‌مریكا به‌ڕوونی له سووریا و كه‌نداو دیاربوون. رووسیا ده‌یه‌وێ ئه‌و بۆشایی و قه‌یرانانه بقۆزێته‌وه كه به‌هۆی دووره‌په‌رێزیی ئه‌مریكاوه دروستبوون، له كاتێكدا زلهێزه نوێیه‌كانی ناوچه‌كه چیدی نایانه‌وێ به ته‌واوه‌تی چاره‌نووسی خۆیان بده‌نه ده‌ست هاوپه‌یمانێكی وه‌ك ئه‌مریكا كه ناتوانێ، یان نایه‌وێ له دۆخه قه‌یراناوییه‌كاندا له پشتیان بێ. گرووپی قه‌یرانی نێوده‌وڵه‌تی له راپۆرتێكدا باس له‌و 10 جه‌نگه ده‌كات كه له دۆخێكی ئاوهادا ده‌شێ رووبده‌ن.
ئه‌فغانستان
له 2019 بۆ یه‌كه‌مجار له 18 ساڵی رابردوودا، ئه‌مریكا رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان خسته ئه‌وله‌ویه‌تی سیاسه‌ته‌كانی خۆی له ئه‌فغانستان. له سه‌ره‌تای هاوینی 2019، دانوستاندنی نێوان شاندی ئه‌مریكی به سه‌رۆكایه‌تی زاڵمای خه‌لیلزاد و نوێنه‌رانی تاڵیبان ده‌ستیپێكرد و ته‌نانه‌ت ره‌شنووسێكیان بۆ رێككه‌وتنه‌كه‌ش ئاماده‌كرد كه تێیدا ئه‌مریكا به‌ڵێنی دا هێزه‌كانی له ئه‌فغانستان بكشێنێته‌وه و له به‌رامبه‌ریشدا تاڵیبان په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ قاعیده بپچڕێنێ و رێگه‌نه‌دات ئه‌فغانستان وه‌ك بنكه‌یه‌كی هێرش بۆ سه‌ر ئه‌مریكا به‌كاربهێنرێ.
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا، له ئه‌یلوولى ئه‌مساڵ گفتوگۆكانی راگرت و دواتر گفتوگۆكه له تشرینی دووه‌م ده‌ستیپێكرده‌وه. راپۆرته‌كه‌ی گروپی قه‌یران ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئه‌و وه‌زعه‌ی ئێستای ئه‌فغانستان به‌رده‌وام بێ، ئه‌وه جه‌نگی ئه‌فغانستان وه‌ك "جه‌نگێكی بێكۆتایی" ده‌مێنێته‌وه، له كاتێكدا ئه‌گه‌ر بێ رێككه‌وتن ئه‌فغانستان جێبهێڵێ، ئه‌وه ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شه‌ڕی نێوخۆ له ئه‌فغانستان زۆر به‌هێزه.
به‌ڵام هه‌موو رێككه‌وتنێكی نێوان ئه‌مریكا و تاڵیبان له كۆتاییدا ده‌بێ بگۆڕدرێ بۆ رێككه‌وتنێكی نێوان ئه‌فغانییه‌كان خۆیان، چونكه ئه‌وه‌یان مه‌رجێكی زه‌روورییه بۆ ئاشتییه‌كی سه‌قامگیر له‌و وڵاته كه به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی گروپی قه‌یران ئه‌وه‌یان "رێگایه‌كی دوورودرێژه" له پێش ئه‌فغانه‌كان.
یه‌مه‌ن
شه‌ڕی یه‌مه‌ن گه‌وره‌ترین قه‌یرانی مرۆیی دروستكردووه، مه‌یدانی ململانێی ئێران و وڵاتانی كه‌نداوه و به درێژایی 2019 چه‌ندینجار خه‌ریك بووه ئێران و سعودیه تووشی جه‌نگی راسته‌وخۆ بكات له كه‌نداو كه نه ئێران ده‌یه‌وێ رووبدات و نه سعودیه.
له یه‌ك ساڵی رابردوودا كۆمه‌ڵێك پێشهات وایانكردووه هه‌وڵه‌كانی رێككه‌وتن له نێوان حكومه‌تی یه‌مه‌ن به پشتگیری سعودیه و به‌ره‌ی حووسییه‌كان به پشتیوانی ئێران خێراتر بێ. یه‌كێك له‌وانه سه‌رهه‌ڵدانی دووبه‌ره‌كی بوو له‌نێوان جوداخوازه‌كانی باشوور و لایه‌نگرانی حكومه‌تی یه‌مه‌ن.
رووداوه‌كه‌ی دیكه هێرشه‌كه‌ی ئه‌یلوولی سه‌ر دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كانی ئارامكۆی سعودی بوو كه حووسییه‌كان به‌رپرسیارێتییه‌كه‌یان هه‌ڵگرت، به‌ڵام ئه‌مریكا په‌نجه‌ی تۆمه‌تی بۆ لای ئێران درێژ كرد. ده‌سته‌وه‌ستانیی ئه‌مریكا له‌دوای ئه‌و هێرشه، سعودیه‌ی گه‌یانده ئه‌و بڕوایه‌ی مه‌رج نییه له حاڵه‌تی جه‌نگێكی ناوچه‌یی له نێوان ریاز و تاران‌دا، ئه‌مریكا به كرده‌وه پشتی سعودیه بگرێ.
ئه‌و دوو رووداوه ئه‌گه‌ره‌كانی رێككه‌وتنی نێوان حووسییه‌كان و هێزه‌كانی لایه‌نگری حكومه‌تی له یه‌مه‌ن به‌هێزتر كردووه، له كاتێكدا سعودیه خۆیشی هه‌وڵه‌كانی چڕكردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی گرژییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران و حووسییه‌كان هێوربكاته‌وه.
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه، ئه‌و گۆڕانكارییانه ده‌كرێ له 2020دا سه‌ره‌تای پڕۆسه‌یه‌كی سیاسی له یه‌مه‌ن بهێننه ئاراوه و له‌و حاڵه‌ته‌شدا ئاشتی ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراوه.
به‌ڵام گروپی قه‌یران پێیوایه رێككه‌وتنی له‌رزۆكی نێوان جوداخوازه‌كانی باشوور و لایه‌نگرانی حكومه‌تی یه‌مه‌ن له لایه‌ك و رێككه‌تنه لاوازه‌كه‌ی نێوان حكومه‌ت و حووسییه‌كان ده‌كرێ له هه‌ر كاتێكدا هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، له كاتێكدا هه‌ر گرژییه‌كی دیكه‌ی ناوچه‌یی له نێوان تاران و ریاز ده‌كرێ جارێكی دیكه دۆخی یه‌مه‌ن ئاڵۆز بكاته‌وه، بۆیه‌ش "ده‌رفه‌تی ئاشتی ده‌بێ ئێستا بقۆزرێته‌وه"، ئه‌گینا "ده‌رفه‌ته‌كان ده‌بنه هه‌ڵم".
لیبیا
شه‌ڕی لیبیا هاوشێوه‌ی شه‌ڕه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست خه‌ریكه ره‌هه‌ندێكی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رده‌گرێ، له كاتێكدا گروپه دژبه‌ره‌كانی ئه‌و وڵاته هه‌تا دێ زیاتر پشت به هاوكاریی سه‌ربازیی هێزه بیانییه‌كان ده‌به‌ستن، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه گروپی قه‌یرانی نێوده‌وڵه‌تی پێیوابێ بارودۆخی شه‌ڕی لیبیا ده‌كرێ له مانگه‌كانی داهاتوودا به‌ره‌و خراپتر بچێ.
لیبیا له 2014ه‌وه به‌ده‌ست دوو ئیداره‌ییه‌وه ده‌ناڵێنێ. له ساڵی 2016ه‌وه، لیبیا به كرده‌وه دوو حكومه‌تی هه‌یه كه یه‌كێكیان حكومه‌تی دانپێدانراوی نێوده‌وڵه‌تییه به سه‌رۆكایه‌تی فایز سه‌راج و ئه‌وه‌ی دیكه‌یان حكومه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی لیبیا یان سوپای نیشتمانیی لیبیایه به سه‌ركردایه‌تی خه‌لیفه حه‌فته‌ر كه له رۆژهه‌ڵاتی لیبیا حوكم ده‌كات.
له نیسانی ئه‌مساڵ دۆخی لیبیا جارێكی دیكه قڵپ بووه‌وه، كاتێك هێزه‌كانی حه‌فته‌ر به پشتیوانی ئیمارات، میسر و رووسیا هێرشێكی به‌رفراوانیان بۆ سه‌ر ترابلۆسی ژێر ده‌سه‌ڵاتى سه‌راج ده‌ستپێكرد. له‌و شه‌ڕه‌دا، حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره پشتیوانی له حكومه‌تی ترابلۆس ده‌كات و به‌ڵێنی ناردنی هێزی سه‌ربازی داوه.
ئه‌وه وایكردووه شه‌ڕی لیبیا چیدی شه‌ڕێكی نێوخۆ نه‌بێ، به‌ڵكو له‌و شه‌ڕه‌دا فڕۆكه و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی سه‌ربازیی ئیمارات و سه‌دان چه‌كداری كۆمپانیا سه‌ربازییه‌كانی رووسیا رووبه‌ڕوو فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و ئوتۆمبێلی سه‌ربازیی توركیا ده‌بنه‌وه.
هه‌تا ئێستا دیار نییه ئاخۆ له سه‌ره‌تای 2020 كۆنفرانسی ئاشتیی لیبیا به چاودێریی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له به‌رلین به‌ڕێوه‌ده‌چێ یان نا، به‌ڵام گروپی قه‌یرانی نێوده‌وڵه‌تی پێیوایه زۆربوونی ئه‌كته‌ره بیانییه‌كان له قه‌یرانی لیبیا كێشه بۆ كۆتاییهێنان به شه‌ڕه‌كه دروستده‌كات، له كاتێكدا ئه‌و ئه‌كته‌رانه هێزه وه‌كیله‌كانی خۆیان له گۆڕه‌كانی شه‌ڕی لیبیا پڕچه‌ك ده‌كه‌ن.
گروپی قه‌یرانی پێشبینی ده‌كات دۆخی لیبیا ده‌كرێ به دوو ئاراسته‌دا بڕوات، واته چه‌قبه‌ستنی شه‌ڕه‌كه یان گرتنی ترابلۆس له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حه‌فته‌ره‌وه، كه ئه‌وه‌ی دووه‌میان شه‌ڕێكی درێژخایه‌نی میلیشیاكانی لێده‌كه‌وێته‌وه.
ئه‌مریكا، ئیسرائیل، وڵاتانی كه‌نداو و ئێران
ململانێی ئه‌مریكا و ئێران له 2019 گه‌یشته ئاستێكی بێوێنه له 40 ساڵی رابردوودا، هێرشه‌كانی سه‌ر دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كانی ئارامكۆ له به‌قیق ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ململانێیه بوون له ناوچه‌كه. گروپی قه‌یران پێیوایه ئه‌و ململانێیانه ده‌كرێ له 2020 بگه‌نه خاڵێكی گه‌رم.
گرژیی نێوان ئه‌مریكا و ئێران له كه‌نداو دوای ئه‌وه په‌ره‌ی سه‌ند كه ئه‌مریكا ده‌رچوونی خۆی له رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه و سه‌پاندنه‌وه‌ی سزا ئه‌تۆمییه‌كان به‌سه‌ر ئێران‌دا راگه‌یاند. ئه‌و سزایانه هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێرانی به رێژه‌ی نزیكه‌ی 60٪ كه‌مكردووه‌ته‌وه. به‌درێژایی 2019 ئێران هه‌نگاو به هه‌نگاو ماده‌كانی رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی پێشێل كردووه.
گروپی قه‌یران جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه ئه‌گه‌ر ئێران له‌سه‌ر پێشێلكردنی ماده‌كانی رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی 2015 به‌رده‌وام بێ، ئه‌وه ده‌كرێ ئه‌وروپییه‌كانیش بڕیار بده‌ن سزای خۆیان به‌سه‌ر ئێران‌دا بسه‌پێنن و ئه‌وه‌ش ئیسرائیل و ئه‌مریكا هان بدات بیر له به‌كارهێنانی بژاره‌ی سه‌ربازی له‌دژی ئێران بكه‌نه‌وه.
له ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا ئیسرائیل بنكه سه‌ربازی و مووشه‌كییه‌كانی ئێران و حیزبوڵڵای له سووریا و لوبنان بۆردومان كردووه. ساڵی رابردوو ئیسرائیلییه‌كان له چه‌ند هێرشێكدا بنكه‌كانی حه‌شدی شه‌عبییان له عێراقیش كرده ئامانج. هه‌تا ئێستا نه ئێران و نه حیزبوڵڵاش به جۆرێك ده‌ستیان نه‌كردووه‌ته‌وه كه جه‌نگی نێوان ئێران و ئیسرائیلی لێبكه‌وێته‌وه، به‌ڵام راپۆرته‌كه جه‌خت ده‌كاته‌وه كه ئه‌م جۆره هێرشانه ده‌كرێ له هه‌ر ساته‌وه‌ختێكدا دۆخه‌كه له كۆنترۆڵ ده‌ربكه‌ن.
له دوای هێرشی سه‌ر ئارامكۆ، هه‌وڵێكی ناوچه‌یی بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه له رێگه‌ی كاناڵه دیپلۆماسییه‌كانه‌وه ده‌ستیپێكردووه، له‌وانه‌ش ئیمارات كه ده‌رگای په‌یوه‌ندی و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ئێران كردووه‌ته‌وه و سعودیه‌ش هه‌وڵده‌دات قه‌یرانی یه‌مه‌ن وه‌ك ده‌رگایه‌ك بۆ دیالۆگ له‌گه‌ڵ حووسییه‌كان و ئێران به‌كاربهێنێ.
گروپی قه‌یران ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه "بێ متمانه‌یی قووڵی نێوان لایه‌نه دژبه‌ره‌كان وایكردووه هه‌ر لایه‌نێك چاوه‌ڕێی لایه‌نی به‌رامبه‌ر بكات بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م سازش بكات". جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه كه هه‌رچه‌ند چاره‌سه‌ری دیپلۆماتیك له نێوان كه‌نداو و ئێران یان واشنتن و تاران وه‌ك ئیمكانێك ماوه، به‌ڵام "له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی گوشاری سزاكان و ده‌ستكردنه‌وه‌ی ئێران‌دا، كات خه‌ریكه ته‌واو ده‌بێ".
كشمیر
2019 ساڵی زیندووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی نێوان پاكستان و هیندوستان له‌سه‌ر كشمیر بوو. له شوباتی 2019 هێرشێكی خۆكوژی له‌دژی هێزه سه‌ربازییه‌كانی هیندوستان له كشمیر روویدا. هیندوستان له وه‌ڵامدا بنكه و باره‌گاكانی گروپێكی ئیسلامی له پاكستان بۆردومان كرد، پاكستانیش له به‌رامبه‌ردا ناوچه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی هیندوستانى له كشمیر بۆردومان كرد.
نارێندرا مۆدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هیندوستان، له هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی ئایاردا سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنابوو، ئه‌و سه‌ركه‌وتنه وایكرد مۆدی له ئابی 2019 به‌ڵێنێكی كاتی كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنه‌كان جێبه‌جێبكات، كه به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه ئه‌منییانه بوو كه له كشمیره‌وه له‌سه‌ر ئاسایشی هیندوستان دروستده‌بوون، بۆیه ئۆتۆنۆمیی جامو و كشمیری هه‌ڵوه‌شانده‌وه، ده‌یان هه‌زار سه‌ربازی هیندی دیكه‌ی ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه كرد، هێڵه‌كانی په‌یوه‌ندیی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و ده‌ستی به هه‌ڵمه‌تێكی ده‌ستگیركردنی ناڕازییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه كرد.
هه‌وڵه‌كانی پاكستان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ راگرتنی هه‌ڵمه‌ته سه‌رتاسه‌رییه‌كه‌ی هیندوستان بێ سوود بوون، له كاتێكدا ئیسلاماباد تۆمه‌تباره به‌وه‌ی پشتگیری له گروپه جیهادییه‌كانی كشمیر ده‌كات و رێگه‌یان پێده‌دات خاكی وڵاته‌كه‌ی له‌دژی هیندوستان به‌كاربهێنن، جیا له‌مه ئه‌سته‌مه وڵاتانی رۆژئاوایی ئابوورییه‌كی زه‌به‌لاحی وه‌ك ئه‌وه‌ی هیندوستان به چاره‌سه‌ریی قه‌یرانی كشمیر وه‌ك ئه‌وه‌ی پاكستان داوای ده‌كات بگۆڕنه‌وه.
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه، دۆخی ئێستای كشمیر ئه‌گه‌ر هه‌ڵكوتانه سه‌ر پێگه سه‌ربازییه‌كانی هیندوستان له‌لایه‌ن گروپه ئیسلامییه‌كانه‌وه به‌هێزتر ده‌كات، له‌و حاڵه‌ته‌شدا ئه‌گه‌رى بۆردومانكردنی بنكه‌كانی ئه‌و گروپانه له‌ناو خاكی پاكستان زۆره، كۆی ئه‌و ئه‌گه‌رانه ده‌شێ بارودۆخه‌كه به‌ره‌و خراپترین حاڵه‌ت به‌رێ، واته جه‌نگی نێوان دوو وڵاتی خاوه‌ن چه‌كی ئه‌تۆمی.
ئۆكراینا
ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی، سه‌رۆكی نوێی ئۆكراینا، له كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ڵێنی دا له‌گه‌ڵ جوداخوازه‌كانی دۆنباس له رۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌ی و رووسیا ئاشتی بێنێته‌دی و كۆتایی به شه‌ش ساڵ شه‌ڕ بهێنێ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له ئه‌یلوولی 2019 له‌گه‌ڵ ڤلادیمیر پوتین، سه‌رۆكی رووسیا له‌سه‌ر گۆڕینه‌وه‌ی گیراوانی هه‌ردوولا رێككه‌وتن، مانگێك دواتریش به‌ڵێنی دا كه پێگه‌یه‌كی تایبه‌ت به ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ئۆكراینا بدات.
پوتین و زیلینسكی له كانوونی یه‌كه‌م به ناوبژیوانی فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا له پاریس كۆبوونه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنی 2015ی مینسك به‌ره‌و پێشتر به‌رن، ئه‌و هه‌وڵه‌یان شكستی هێنا، به‌ڵام بڕیاره سه‌رۆكی رووسیا و ئۆكراینا جارێكی دیكه له به‌هاری 2020 له فه‌ره‌نسا كۆببنه‌وه، باسی لێخۆشبوو‌ن، كشانه‌وه‌ی زیاتری هێزه سه‌ربازییه‌كان و پێدانی پێگه‌ی ئیداریی تایبه‌ت به رۆژهه‌ڵاتی ئۆكراینا بكه‌ن.
رووسیا ره‌تیده‌كاته‌وه پشتگیری سه‌ربازی و لۆجیستیكی پێشكه‌ش به جوداخوازه‌كان كردبێ. گروپی قه‌یران پێیوایه ئه‌و پێداگرییه‌ی رووسیا له‌سه‌ر بێلایه‌ن بوونی وڵاته‌كه‌ی، حكومه‌تی ئۆكراینا ناچارده‌كات له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی جوداخوازه‌كان دابنیشێ.
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه ئه‌زموونی چه‌ند ساڵی رابردوو سه‌لماندوویه‌تی ئاگربه‌سته‌كان ده‌كرێ هه‌ڵوه‌شێنه‌وه و شه‌ڕ و پێكدادانی قورس ده‌ستپێبكاته‌وه.
ئه‌مریكا و كۆریای باكوور
له ماوه‌ی یه‌ك ساڵ و نیوی رابردوودا، تره‌مپ و كیم جۆنگ ئون، سه‌رۆكی كۆریای باكوور دوو جار كۆبوونه‌ته‌وه. دوایین كۆبوونه‌وه‌یان له شوباتی 2019 بوو كه تێیدا ناكۆكی نێوان واشنتن و پیۆنگیانگ له‌سه‌ر قه‌باره و ئاستی لادانی چه‌كه ئه‌تۆمییه‌كانی كۆریای باكوور و لادانی سزاكانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته به روونی ده‌ركه‌وتن.
له‌و كاته‌وه پڕۆسه دیپلۆماسییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات خاو بوونه‌ته‌وه، كۆریای باكوور ده‌ستی به تاقیكردنه‌وه‌ی مووشه‌كی دووربڕ كردووه. راپۆرته‌كه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه ئه‌گه‌ر پیۆنگیانگ له‌سه‌ر دنه‌دانی ئه‌مریكا به‌رده‌وام بێ، ئه‌وه دوور نییه ئه‌مریكا هاوشێوه‌ی 2017 سزاكانی قورس‌تر بكات و ته‌نانه‌ت بیر له به‌كارهێنانی بژاره‌ی سه‌ربازی بكاته‌وه كه ئاكامه‌كه‌ی بۆ ناوچه‌كه و بۆ جیهانیش كاره‌ساتبار ده‌بێ.
ڤه‌نزوێلا
له سه‌ره‌تای 2019دا هه‌موو لایه‌نێك چاوه‌ڕێیان ده‌كرد حكومه‌ته‌كه‌ی نیكۆلاس مادورۆ، سه‌رۆككۆماری ڤه‌نزوێلا، ته‌مه‌نێكی كه‌می مابێ، كاتێك خوان گوایدۆ، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی خۆی وه‌ك سه‌رۆكی كاتی ڤه‌نزوێلا ناساند و ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپی و زلهێزه‌كانی ئه‌مریكای باشوور پشتگیری‌یان لێ‌كرد.
له نیسان، مادورۆ شكستی به سه‌رهه‌ڵدانێكی سه‌ربازی هێنا، گروپی قه‌یران پێیوایه ركابه‌ره‌كانی مادورۆ به چاوی كه‌مه‌وه سه‌یری هێزی مادورۆیان ده‌كرد، به‌تایبه‌تیش ئه‌و وه‌فایه‌ی فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كان بۆ سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌یان هه‌یه.
ئێستا وادیاره ئه‌مریكا وازی له بیرۆكه‌ی ده‌ستتێوه‌ردانی سه‌ربازی هێنابێ، له كاتێكدا هه‌م مادورۆ و هه‌م گوایدۆ له‌سه‌ر داواكانی خۆیان سوورن. به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ش ئه‌وه دۆخێكی چه‌قبه‌ستووی دروستكردووه كه ده‌كرێ قه‌یرانه‌كه قووڵتر بكاته‌وه و ته‌نانه‌ت ئاگری شه‌ڕی نێوخۆ داگیرسێنێ یان كه‌سانی پراگماتیستی هه‌ردوو لایه‌ن بگه‌یه‌نێته ئه‌و بڕوایه‌ی به دوای رێگایه‌ك بۆ سازشدا بگه‌ڕێن كه وازهێنانی ئۆپۆزیسیۆن له داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی مادورۆ و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له 2020 له‌خۆده‌گرێ.
ئه‌سیۆپیا و بۆركینافاسۆ
ئابی ئه‌حمه‌د عه‌لى له نیسانی 2018 پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی ئه‌سیۆپیای وه‌رگرت، له‌و كاته‌شه‌وه ئه‌سیۆپیا كرانه‌وه‌ی سیاسیی نێوخۆی و ناوچه‌یی گه‌وره‌ی به خۆوه بینیوه، ته‌نانه‌ت خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئه‌مساڵیش هه‌ر بۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌و وڵاته بوو كه كۆتایی به قه‌یرانێكی 20 ساڵه‌ی ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كانی نێوان ئه‌سیۆپیا و ئه‌ریتێریا هێنا.
به‌ڵام به درێژایی 2019، ئابى ئه‌حمه‌د ته‌حه‌دایه‌كی سه‌ختی له پێش بووه كه بۆ 2020یش درێژ ده‌بێته‌وه و په‌یوه‌ندیی به ناكۆكییه قه‌ومییه‌كانی دانیشتووانی هه‌ردوو ویلایه‌تی ئه‌مهه‌ره و ئۆرۆمیاوه هه‌یه، له هه‌ردوو ویلایه‌ته‌كه‌دا كه‌مینه‌ی تیگرای باڵاده‌ستن و خه‌ڵك به‌و واقیعه ناڕازین. شه‌ڕ و پێكدادانی قه‌ومی زیادیكردووه، به جۆرێك سه‌دان كه‌س له‌و شه‌ڕانه‌دا كوژراون و ملیۆنان كه‌س ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.
له لایه‌كی دیكه‌وه له ئه‌سیۆپیا دیبه‌تێكی گه‌رم له‌باره‌ی فیدرالیزم له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازییه قه‌ومییه‌كان ده‌ستیپێكردووه. لایه‌نگرانی ئه‌و پڕۆژه‌یه پێیانوایه ئه‌و جۆره له فیدرالیزم مافی قه‌ومه جیاوازه‌كان گه‌ره‌نتی ده‌كات، له كاتێكدا دژبه‌ره‌كانی پێیانوایه ئه‌و سیسته‌مه كێشه بۆ یه‌كپارچه‌یی خاكی وڵاته‌كه‌یان دروستده‌كات. كه‌م نین ئه‌وانه‌ی پێیانوایه ئه‌سیۆپیا له خراپترین حاڵه‌تدا به ده‌ردی یۆگۆسلاڤیای كۆن ده‌چێ، ئه‌وه‌ش له ناوچه‌یه‌كدا كه هه‌ر ئێستا به‌ده‌ست قه‌یرانی گه‌وره‌وه ده‌ناڵێنێ.
بۆركینافاسۆ دوایین وڵاتی ناوچه‌ی ساحلی كیشوه‌ری ئه‌فریقایه كه به‌ده‌ست سه‌رهه‌ڵدانی چه‌كداره ئیسلامییه توندئاژۆكانه‌وه ده‌ناڵێنێ. گروپی ئه‌نسارولئیسلام كه بنكه‌ی سه‌ره‌كییان له مالییه، به درێژایی 2019 په‌ره‌یان به هێرشه‌كانیان داوه، به‌و هۆیه‌شه‌وه نیو ملیۆن كه‌س له خه‌ڵكی باكوور و رۆژهه‌ڵاتی بۆركینافاسۆ ئاواره بوونه.
خه‌ڵكی واگۆدوگۆی پایته‌خت له دۆخی ئابووری و سیاسه‌ت و هه‌نگاوه ئه‌منییه‌كانی حكومه‌ت ناڕازین و زوو زوو ده‌ڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان. بڕیاره له تشرینی دووه‌می 2020 هه‌ڵبژاردن له‌و وڵاته‌دا به‌ڕێوه‌بچێ، به‌ڵام به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی توندوتیژییه‌كان مه‌شروعییه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان و حكومه‌تی داهاتوو ده‌باته ژێر پرسیار. گروپی قه‌یران پێیوایه بوركینافاسۆ له رووخان نزیكه، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی ئه‌منی گه‌وره له‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كه داده‌نێ.