راوێژکاری ئەڵمانیا: ئیدی ناتوانین تەنیا پشت بە ئەمریکا ببەستین


رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری ئەڵمانیا لە پەیامی سەری ساڵدا رایگەیاند، هێرشەکانی رووسیا بەشێکن لە پلانێکی گەورەتر دژی تەواوی کیشوەرەکە. هاوکات داوای لە ئەورووپییەکان کرد چیدیکە بۆ پاراستنی خۆیان تەنیا پشت بە ئەمریکا نەبەستن و سیستمێکی نوێی ئابووریشی بۆ وڵاتەکەی راگەیاند.
 
رۆژی چوارشەممە 31-12-2025، فرێدریش مێرتس لە پەیامی سەری ساڵی 2026ـدا، کە یەکەم پەیامیەتی وەک راوێژکار، باسی گۆڕانکارییە ریشەییەکان کرد لە سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانیی ئەڵمانیا.
 
"ئەڵمانیا لەژێر هێرشی سیخووڕی و ئەلیکترۆنیدایە"
 
مێرتس لە پەیامەکەیدا هۆشداریدا کە جەنگی ئۆکراینا تەنیا رووداوێکی سنوردار نییە و گوتی: "ئەمە جەنگێکی دوور نییە کە کاریگەریی لەسەر ئێمە نەبێت، چونکە روونتر دەیبینین هێرشەکەی رووسیا بەشێکە لە پلانێک کە دژی تەواوی ئەورووپایە."
 
راوێژکاری ئەڵمانیا ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی راستەوخۆ کراوەتە ئامانج و گوتی: "رۆژانە ئەڵمانیا رووبەڕووی کاری تێکدەرانە، سیخووڕی و هێرشی ئەلیکترۆنی (سایبەری) دەبێتەوە."
 
گۆڕانی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا
 
تەوەرێکی دیکەی پەیامەکە تایبەت بوو بە گۆڕانی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان. مێرتس بەبێ ئەوەی ناوی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بهێنێت، ئاماژەی بەوە کرد، سەردەمی پشتبەستنی تەواوەتی بە واشنتن کۆتایی هاتووە.
 
مێرتس گوتی: "هاوبەشیمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە بۆ ماوەیەکی درێژ گەرەنتیکارێکی جێمتمانەی ئاسایشمان بوو، بەڵام خەریکە دەگۆڕێت. بۆ ئێمەی ئەورووپی ئەمە واتای ئەوەیە: دەبێت زۆر بەهێزتر و لەسەر پێی خۆمان بەرگری لە بەرژەوەندییەکانمان بکەین."
 
گەڕانەوەی سەربازی و خزمەتی خۆبەخشانە
 
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانە، مێرتس بەرگری لە بڕیارەکانی حکومەتەکەی کرد بۆ بەهێزکردنەوەی سوپا و دانانی "خزمەتی سەربازیی خۆبەخشانە". راوێژکاری ئەڵمانیا جەختی کردەوە: "بە خزمەتی سەربازیی خۆبەخشانە، ئێمە وەک وڵاتێک نیشانی دەدەین کە ئامادەین بەرگری لە خۆمان بکەین، چونکە ئازادی و شێوازی ژیانمان شایەنی بەرگریکردنن."