لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ هیچ شاعیرێک پلەی یەکەمی بەدەستنەهێنا

08-04-2018
سامان بەشارەتی
سامان بەشارەتی
شاعیرانی بەشدار لە فێستیڤاڵەکە گلەیی دەکەن
شاعیرانی بەشدار لە فێستیڤاڵەکە گلەیی دەکەن
نیشانەکردن فێستیڤاڵی گەلاوێژ
A+ A-

  رووداو - سلێمانی 

سەرباری قەیرانی دارایی و ئاڵۆزی دۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستان، فێستیڤاڵی گەلاوێژ خولی 21ـیشی بەڕێکرد، جیاوازی فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵ ئەوە بوو: ژمارەیەکی کەمتری میوان بانگهێشتکرابوون و کەسیش لە کاتەگۆری شیعردا، پلەی یەکەمی بەدەستنەهێنا.

پێشڕەو عەبدوڵڵا، براوەی یەکەمی بەشی توێژینەوە بوو لە خولی عەفرینی فێستیڤاڵی گەلاوێژ. پێشڕەو دەڵێ "لە ماوەی سێ رۆژدا ئامادەکەرانی فێستیڤاڵەکە زۆر ماندوو بوون، دەستخۆشییان لێدەکەم، ھەڵسەنگاندنەکانیشیان زانستییانە بوون لێیان رازین".

لەکۆی 36 توێژینەوە، کە بەشداری فێستیڤاڵەکەیان کردبوو، توانرا خەڵاتی یەکەم و دووەم و سێییەم بە شەش توێژەر بدرێت. لە کۆی 60 چیرۆکیش تەنیا شەش چیرۆکنووس خەڵاتیان بەدەستھێنا، لە کۆی 68 تێکستی شیعریش تەنیا خەڵات بە چوار شاعیر درا، ئەوانیش بە دووەم و سێیەم، بەڵام خەڵاتی یەکەم لە شیعردا، نەدرایە ھیچ بەشداربوویەک.

ئازاد حەمە، دادوەری تێکستە شیعرییەکانی خولی 21ـەمی فێستیڤاڵی گەلاوێژ دەڵێ "ئەوانەی شیعریان ناردبوو، شیعرەکانیان لە رووی رێزمانی و وێناکردنی شیعرەوە زۆر لاوازبوون، ھەر ئەوەیش وای کرد ئێمە نەتوانین ھیچ تێکستێک بە یەکەم ھەڵبژێرین".

ئەگەر فێستیڤاڵەکە بۆ بەشداربووانی چیرۆک و توێژینەوەکان جێگای دڵخۆشی بووبێ، بۆ شاعیران جێگەی رەخنە و گومان بوو.

شەھرام موژەبری، وەرگری خەڵاتی دووەمی شیعر لە فێستیڤاڵەکە دەڵێ "خۆ ئەوان نەھاتوون تێکستەکان بە شاعیری گەورە شێکۆ بێکەس و ناڵی بەراورد بکەن، ئەوانەی شیعریان نووسیوە تێکستەکانیان باشبوون و، بۆ ئەو ئاستەش دەبوایە خەڵاتی یەکەم دیاریبکەن، کە نەیشیان کردووە، ئەوە پرسیارە لە سەر فێستیڤاڵەکە دروست بووە".

فێستیڤاڵی گەلاوێژ ھەرچەندە نزیکەی پێنج مانگ دواخرا و بەھۆی قەیرانی داراییەوە ماوەکەی لە پێنج رۆژەوە کرایە سێ رۆژ، بەڵام وەکو رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بۆ دەکەن: ئەوان ھەر سوربوون لە سەر ئەوەی لە ناساندنی ئەدەب و کولتووری کورد بە وڵاتانی دونیا دانەبڕێن.

 

 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە