رووداو - هەولێر
بەپێی بڕیارێکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان داهاتەکانی هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت دەچێتە سەر ژمارەی بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش لەکاتێکدا پێشتر داهاتە نەوتییەکان دەچوونە سەر ژمارەی بانکیی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان.
هەر بەپێی ئەو بڕیارە، کە لە 31 ی ئایاری 2015 واژۆی لەسەرکراوە، دەبێت وەزارەتەکانی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی دارایی هەماهەنگی تەواو بکەن بۆ داڕشتنی میکانیزمێک بۆ ئەو پرۆسەیە، کارکردن بەو بڕیارەش تا کردنەوەی سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتیی و گازییەکان دەبێت.
لە چەند هەفتەی رابردوو لە پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیاسای سندوقی داهاتە نەوتییەکان پەسەندکرا، بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایەش سەرجەم داهاتە نەوتی و گازییەکان لەو سندوقە دادەنرێن، کە راستەوخۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران سەرپەرشتی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ