دادگای باڵای عێراق لێكۆڵینەوە لە ژێرئاوكەوتنی حەوت ملیار دینارەکە دەكات

15-11-2018
سەمیع زوبێر
A+ A-

رووداو ـ هەولێر

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق دەستپێكردنی لێكۆڵینەوەی لەسەر ژێرئاوكەوتنی حەوت ملیار دینار راگەیاند. 

لە بەیاننامەیەكدا عەبدولسەتار بەیرەقدار، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند، دادگای لێكۆڵینەوەى رەسافە لەبارەی ژێرئاوكەوتنی حەوت ملیار دینار لێكۆڵینەوە دەستپێدەكات و رێكاری یاساییش بەرامبەر هەموو ئەو كەسانەی هۆكار بوون لە بەهەدەردانی پارەی بانكی ناوەندی، دەگیرێتەبەر.

رۆژی دووشەمە عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق لەبەردەم پەرلەمانی عێراق گوتی "بەهۆی چوونی ئاوی باران بۆ نێو گەنجینەی بانكی رافیدەینی حكومی لە ساڵی 2013 حەوت ملیار دینار ژێر ئاو كەوتووە و كەڵكی كارپێكردنی نەماوە".

سەبارەت بەو پرسە، د. هومام شەماع، پسپۆڕی بواری ئابووری بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "پێش ئەوەی گەنجینەكانی بانكی رافیدەین ژێرئاو بكەون بەهۆی لافاوەكەی ساڵی 2013 ئەو پارەیە كەڵكی بەكارهێنانی نەمابوو، دواتر گۆڕدرا ئەوەش پڕۆسەیەكی ئاساییە و لە هەموو وڵاتانی جیهان دراوی كاغەز بێكەڵك دەبێت و دواتر دەگۆڕدرێت، ئەوەش كاری بانكی ناوەندیە".

هومام شەماع گوتی "خەریكە راستییەكان ئاشكرادەبن و لێكۆڵینەوەش ناكرێت، مەگەر لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی خراپی هەڵگرتنی پارەكە بكرێت لە بانكی رافیدەین. پارەكە كەڵكی بەكارهێنانی نەمابوو، بەڵگەنامەی فەرمیش هەیە بێكەڵكبوونی دەسەلمێنێت و بە فەرمیش رادەستی بانكی ناوەندی كراوە و بێكەڵك كراوە، وەكو چۆن ساڵانە ملیارەها دینار كۆن دەبێ و كەڵكی بەكارهێنانیان نامێنێت".

سەبارەت بە باسکردنی پرسی ئەو حەوت ملیار دینارە لەم كاتەدا، هومام شەماع گوتی "کەسانێك هەوڵدەدەن دەستبەسەر بانكی ناوەندیدا بگرن، چونكە بانكی ناوەندی توانیویەتی مەزادكردنی دراو بوەستێنێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی نرخی خەرجكردن لە بازاڕ گەییشتە نرخی بانكی ناوەندی، بۆیە ئەو قازانجەی هەندێك لە بانكە ئەهلییەكان دەستیاندەكەوت ئێستا نەماوە، سەرەڕای كۆمپانیاكانی حەواڵە، ئەوەش وایكرد كار لەسەر پارێزگاری بانکی ناوەندی بكەن و هەوڵی گۆڕینی بدەن، بۆ ئەو مەبەستە ئەو پرسە لەگەڵ سەرەتای حكومەتی نوێ وروژێندراوە، دەیانەوێ‌ هەرایەك بنێنەوە بۆ ئەوەی پارێزگار بگۆڕدرێت. هەڵبەتە خەریكە راستییەكان لەبەردەم پەرلەمان  ئاشكرادەبن و پێشموایە بەمزووانە ئەو پرسە كۆتاییدێت".

بەگوتەی ئەو شارەزایەی بواری ئابووریی عێراق، "ئەو پرسە هیچ كاریگەری لەسەر ئابووری عێراق و ناوبانگی بانكی ناوەندی نابێت، بەڵام ئەگەر ئەو پیلانە سەربگرێت بۆ دوورخستنەوەی پارێزگار و دەستبەسەرداگرتنی بانكی ناوەندی لەلایەن هەندێك دەستەی سیاسی كە قازانجی خۆیان دەوێت، ئەوە نرخی دیناری عێراقی جارێكی دیكە دادەبەزێت و دواتریش جیاوازییەكە دەردەكەوێت، وەكو پێشتر بازرگانیكردن بەدراو دەردەكەوێتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی یەدەگی دراوی عێراقی".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە