وەزیری كشتوكاڵ: ماوەی سێ‌ ساڵە هیچ بودجەیەك بۆ وەزارەتەكەمان دابیننەكراوە

30-10-2016
هاوكار یاسین
هاوكار یاسین
لە سلێمانی دیبەیتێك لەبارەی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ بەڕێوەچوو
لە سلێمانی دیبەیتێك لەبارەی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ بەڕێوەچوو
نیشانەکردن کشتوکاڵ
A+ A-

رووداو - سلێمانی  

لە باشووری کوردستان خواستی گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ پەرەیسەندووە؛ هاونیشتمانیان و حكومەت دەیانەوێت کشتوکاڵ بکەنە سەرچاوەیەکی دیكەی داھات لەپاڵ داھاتی نەوت، بەڵام  ھێشتا جووتیاران گلەیی ئەوەیان ھەیە، کە وەک پێویست گرنگی بەو کەرتە نەدراوە. وەزیری كشتوكاڵیش دەڵێت، ماوەی سێ‌ ساڵە هیچ بودجەكەیان بۆ دابیننەكراوە.

گرفتەکانی بەردەم پەرەپێدانی كەرتی کشتوکاڵ و رێگاکانی چارەسەركردنیان، کرانە بابەتی دیبەیتێک بۆ ھەڵسەنگاندنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاو لە باشووری کوردستان.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ ژمارەیەک بەروبوومی کشتوکاڵی لە ھەرێمی کوردستان بەرھەمھێنانی بەجۆرێک گەشەیسەندووە، كە لە پێویستی ناوخۆ زیادە، بەتایبەت بەروبوومە وەرزییەکان، بەڵام دەڵێن کێشەی گەورەی وەزارەتەکەیان نەبوونی بودجەیە.

عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ رووداو دەڵێت "لە ساڵانی 2014، 2015 و 2016 ھیچ بودجەیەک بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ دابیننەکراوە، کە پێویستی بە بودجەی باش ھەیە. ئەو کۆمپانیایانەی بانگیان دەکەین، چ مادەی قڕکەریان لێ بکڕین و چ پڕۆژەکانیان پێ بەرەو پێش بەرین بەدەممانەوە نایەن، چونکە پارەمان بە دەستەوە نییە".

جێبەجێنەکردنی ھەندێک یاسا و نەبوونی چەند یاسایەکی پێویست لە بواری کشتوکاڵ یەکێکە لە کێشە گەورەکانی بەردەم گەشەسەندنی ئەو کەرتە، سەرۆكی لیژنەی کشتوکاڵیش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ئەگەر بیانەوێت کشتوکاڵ ببێتە سەرچاوەی داھات، دەبێت یاساکان وەک خۆی لە خزمەتی جووتیاراندا جێبەجێبکرێت.

غەریب مستەفا، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان بۆ رووداو دەڵێت "یاسای موڵکایەتی پێویستی بە جورئەت ھەیە لەلایەن حکومەت، کە بتوانێت پەنجە بخاتە سەر ئەو زامە  و زەوی بکاتە موڵکی ئەو جووتیارەی بە پراکتیک کاری تێدا دەکات".

باشووری کوردستان خاوەنی خاکێکی بە پیتە بۆ کشتوکاڵ، بەڵام تاوەكو ئێستا نەتوانراوە وەک پێویست سودی لێوەربگیرێت، بۆ لەمەودوا خواستی ئەوە دروستبووە ببوژێندرێتەوە و بکرێتە سەرچاوەی دووەمی داھات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە