رووداو - هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە نێچیرڤان بارزانی و کۆسرەت رەسول رێککەوتنی پارتی و یەکێتییان بۆ قۆناخی داهاتوو واژۆکرد.
کۆسرەت رەسول عەلی، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''بە رێککەوتنی پارتی و یەکێتی کوردستان دەچێتە قۆناخێکی تازەوە".
سەبارەت بە پرسی کەرکووکیش کۆسرەت رەسول دەڵێت: "لەگەڵ جەنابی کاک مەسعود قسەمان کردووە و بەڵێنی داوە هەموو مەرجەکان جێبەجێ بکات".
کۆبوونەوەکەی یەکێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵاو بە بەشداری بڕیار بە دەستانی هەردوولابوو، نزیکەی پێنج کاژێر خەریک بوون بە هاتن و چوون و نووسینەوەی خاڵەکانی رێککەوتنەکە، زۆریان پێچوو تا ئامادەیان کرد، بۆ ئەوەی ئەنجامەکەی ئەوە بێت کە وەک فازڵ میرانی دەڵێت، لە هەفتەی داهاتووەوە پێکهێنانی حکومەت بباتە قۆناخێکی دیکەوە.
فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: " رێککەوتنەکە بە دڵی هەردوولا بوو، ئەگەر بە دڵیان نەبوایە واژۆیان نەدەکرد، ئەوەی بەلای منیشەوە گرنگە ئەمنییەت و ئارامییە بۆ خەڵکی کوردستان، هەموو لایەنەکان لەبری ئەوەی بیر لە حیزبەکانی خۆمان بکەینەوە، بیر لە هاونیشتمانییانی کوردستان بکەینەوە باشترە، چونکە دەستکەوتی هەر حیزبێک ئەگەر لەڕێگەی دەستکەوتەکانی خەڵکەوە نەبێت، یان ئیدامە نامێنێتەوە، یان قیمەتی نابێت".
لەبارەی پێکهێنانی حکومەت فازڵ میرانی گوتی: "پێکهێنانی حکومەت لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێدەکات و دەبێت برادەرانی یەکێتی، سەرۆکی پەرلەمان دەستنیشان بکەن، بۆ ئەوەی پەرلەمان دەست بە رێکارە یاساییەکانی خۆی بکاتەوە، لە سەرەتاشەوە دەبێت سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرێت، ئینجا سەرۆکی پەرلەمان".
بەپێی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە: هەردوولا پابەنددەبن بە یەکێتی خاکی نیشتمان و بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان، هەردوولا لە بەڕێوەبردن و بەهێزکردنی دامەزراوە دەستووریی و یاسایی و کارگێڕییەکانی هەرێمی کوردستان شەراکەتی راستەقینەی کارا لەنێوانیاندا بنیات دەنێن، لەپێناو بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پێکەوە لەڕێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەموو هەوڵەکان دەخەنە گەڕ بۆ رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ