یەحیا رەسول: لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە هێشتا لە سەرەتای پێکهێنانی لیژنەکانداین

06-02-2019
گۆڤەند مستەفا
عەمید یەحیا رەسوڵ لە رووداو
عەمید یەحیا رەسوڵ لە رووداو
نیشانەکردن داعش
A+ A-

رووداو - هەولێر

عەمید یەحیا رەسول، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، سوورن لەسەر هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بۆ لەنێوبردنی یەکجارەکی داعش.

لەکاتی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی تەلەڤزیۆنی رووداو، عەمید یەحیا رەسول باسی کۆبوونەوەکەی هەولێری کرد و رایگەیاند "کۆبوونەوەکانمان بۆ دروستکردنی هاوئاهەنگییە لەگەڵ برایانمان لە وەزارەتی پێشمەرگە لە سەرجەم ئەو بوارانەی تایبەتن بە کاری هاوبەش".

گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت "نابێت ئەوە لەبیربکەین کە تاوەکو ئێستا دووژمنێکی هاوبەشمان هەیە، بەوپێیەی هێشتا پاشماوەی چەتەکانی داعش لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە دوورەدەستەکان ماون".


دەقی هەڤپەیڤینەکە:

رووداو: ئێستا ئاستی هاوئاهەنگی لەنێوان هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە چۆنە؟

عەمید یەحیا رەسول: هاوئاهەنگی لەگەڵ برایانمان لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە لەڕێگەی ئەو سەردانانەی لەنێوان ئێمە و برایانمان لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت. دواجاریش سەردانی شاندێکی وەزارەتی بەرگری عێراق بوو بە سەرۆکایەتی فەریق عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەرکانی سوپا و ئۆپەراسیۆنەکان و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ وەزارەتی پێشمەرگە. ئەویش بۆ دروستکردنی هاوئاهەنگی بوو لەگەڵ برایانمان لە وەزارەتی پێشمەرگە لە سەرجەم ئەو بوارانەی تایبەتن بە کاری هاوبەش. نابێت ئەوەش لەبیر بکەین کە تاوەکو ئێستا دووژمنێکی هاوبەشمان هەیە، بەوپێیەی هێشتا پاشماوەی چەتەکانی داعش لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە دوورەدەستەکان ماون، پێویستە چاودێری بکرێن و پشتیوان بە خودا بە یەکەوە لەگەڵ برایانمان لە وەزارەتی پێشمەرگە کاردەکەین. پێشمەرگەش بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق، ئێمە رشدین لەسەر هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ برایانمان لە وەزارەتی پێشمەرگە.

رووداو: لە کۆبوونەوەی نێوان وەزارەتی بەرگریی و پێشمەرگە باسی دروستکردنی لیژنە کراوە، میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە چۆن دەبێت؟

عەمید یەحیا رەسول: ئەمانە لیژنەی سەرەکی و لیژنەی لاوەکین بۆ لابردنی هەموو ئاستەنگەکان و هاوئاهەنگییە لە نێوان ئێمە و برایانمان لە وەزارەتی پێشمەرگە. ئەمڕۆ سیستەمی بەرگری عێراقی سەرجەم یەکەکان لەخۆدەگرێت، لەوانە سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، دەزگای دژەتیرۆر، حەشدی شەعبی و هێزەکانی پێشمەرگە، بۆیە دەبێت بە یەکەوە کاربکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەتە تیرۆریستییەکانی داعش، نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت هێشتا لە بەشێک لە ناوچەکان شانەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لە زنجیرە شاخەکانی حەمرین و مەکحول و قەرەچووغ ماون، لە هەموو ئەو ناوچانە پێویستە هاوئاهەنگی تەواومان لەگەڵ برایانمان لە وەزارەتی پێشمەرگە هەبێت و کاری بەردەوام بکەین بۆ نەهێشتی یەکجارەکی ئەو تیرۆریستانەی ماون لەگەڵ پاککردنەوەی خاکی عێراق، ئێمە دووژمنێکی هاوبەشمان هەیە کە جیاوازی لەنێوان هێزەکانی سوپای عێراق و هێزەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ناکات.

رووداو: ئایا هیچ وادەیەک دانراوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە؟

عەمید یەحیا رەسول: ئاماژەم بۆ ئەوەکرد هاوئاهەنگی کراوە بۆ پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش، ئەو لیژنە سەرەکی و لاوەکیانە پێکەوە کاردەکەن. ئینشەڵڵا دوای تەواوبوونی کاری ئەو لیژنانە، بێگوامان راسپاردەیان دەبێت و بێگومانیش کۆبوونەوەی دیکە لەنێوان وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت.

رووداو: مەست ئەوەیە هیچ کاتێک دانراوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە؟

عەمید یەحیا رەسول: من لە قسەکانمدا ئاماژەم بۆ ئەوەکرد، هێشتا لەسەرەتای کارەکانیاندان بۆ پێکهێنانی لیژنە سەرەکی و لاوەکییەکان، کاتێکیش کاری ئەو لیژنانە تەواو دەبێت بە راسپاردەوە لێی دەردەچن. لەڕێگەی ئەو راسپاردانەوە بێگومان دیداری هاوبەش لەنێوان وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەدەچێت، تایبەت بەو بابەتانەی گفتوگۆیان لەسەر کراوە و بەدواداچوونیان بۆ کراوە. 

رووداو: ئەو هێزە نوێیەی چووەتە کەرکووک، رۆڵی لەناو شار و لە دەرەوەی شاری کەرکووک چی دەبێت؟

عەمید یەحیا رەسول: یەکەم شت ئەمە جێگۆڕکێی نێوان کەرتەکانە، ئەوەش کارێکی زۆر سرووشتییە بۆ دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزەکان. لەڕاستیدا هێزەکانی دژەتیرۆر ماوەی زیاتر لە ساڵێک دەبێت لە پارێزگای کەرکووکن بۆ سەپاندنی ئاسایش. رێز و سوپاسی خۆشمان پێشکەش بە هێزەکانی دەزگای دژە تیرۆر دەکەین.

ئەو کەرتانەی گەیشتوون، بریتین لە کەرتەکانی لیوای 61ی هێزی تایبەت، کاری ئەوانیش بەهەمان شێوە پاراستنی ئاسایشە لە پارێزگای کەرکووک، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا سەربازی و ئەمنییەکانی کە لە پارێزگای کەرکووک هەن، لەگەڵ ئەوەش ئێمە فەوجمان لە دەزگای دژەتیرۆر لە هەموو پارێزگاکان هەیە جیا لە هەرێمی کوردستان نەبێت، لە کەرکووکیش هێزێکی سەر بە دەزگای دژە تیرۆرمان هەیە، کاردەکەین بۆ سەپاندنی ئاسایش و سیستەم بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی کە لە پارێزگای کەرکووک هەن. کاری ئەو لیوایەش وەکو ئاماژەم بۆ کرد بەدیهێنانی ئاسایشە لە پارێزگای کەرکووک، پشتیوان بە خودا.

رووداو: هیچ ئامارێکتان لەبەردەستە لەبارەی ژمارەی هێرشە چەكدارییەکان لە ماوەی 6 مانگی رابردوو لە عێراق، ئایا هێرشەکان زیادیان کردووە یان کەمیان کردووە؟

عەمید یەحیا رەسول: ئێمە لە زۆر شوێن ئاماژەمان بۆ ئەوە کردووە کە سەرکەوتنی سەربازیمان بەسەر داعش بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا تەحدی دیکەمان لەبەردەم ماوە، ئەویش پاشماوەی چەتەکانی داعشی تیرۆریستییە، کە لێرە و لەوێ هەوڵی خۆشاردنەوە دەدەن و کردەوەی تیرۆریستی بەرامبەر بە کەرتەکانمان دەکەن.، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ و توانای زۆری هەوڵگری خراوەتەگەڕ لەڕێگەی دەستگیرکردن و کوشتنی زۆرێک لەو تیرۆریستانە، بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەو کارە. بەڵێ، دەکرێت لێرەو لەوێ کردەوەیەک ئەنجامبدەن، لەڕێگەی دەستڕێژی گولـلە و چاندنی بۆمبی چێندراو، سەرجەمی ئەو کارەشیان و بە هەموو توانیاکیانەوە بۆ ئەوەیە ناوچەیەک کۆنترۆڵ بکەن، بۆیە ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامن لەلایەن کەرتە سەربازییەکانەوە، چ هێزەکانی سوپا بێت یان پۆلیسی فیدراڵی، هاوکات پرۆسەی جۆریش لەلایەن هێزەکانمان لە دەزگای دژەتیرۆر بە پاڵپشتی دەزگای هەوڵگری لە زۆربەی ناوچەکان ئەنجامدەدرێت، لە نێویشیاندا زنجیرە چیاکان و حەوزی حەویجە و حەمرین و ناوچە بیابانییەکان، لەڕێگەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەشەوە توانراوە گورزی سەرکەوتوو و ورد ئاراستەی ئەندامانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بکرێت.

رووداو: لە چ ناوچەیەک زیاتر هەست بە جموجۆڵی چەکداری دەکەن؟

عەمید یەحیا رەسول: تیرۆریستان هەوڵدەدەن بوونی خۆیان لە ناوچە بیابانییەکان بەتایبەت نێوان سێ پارێزگا بە ئاراستەی سنووری نێوان عێراق و سووریا بسەلمێنن، لە ناوچەکانی دیالە و زنجیرە چیاکانی حەمرین و مەکحول و قەرەچووغ و هەندێک ناوچە کە سرووشتە جوگرافییەکەی سەختە، سەرەڕای هەموو ئەوانەش ئێمە بەچەند شێوازێک مامەڵە لەگەڵ ئەو تیرۆریستانە دەکەین. یەکەم، ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانمان هەیە، پرۆسەی پشکنین و بەسەردادان، هاوکات پرۆسەی جۆری لەلایەن کەرتەکانمانەوە ئەنجامدەدرێت، لەگەڵ گورزە ئاسمانییەکان چ لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراق و هێزی ئاسمانی عێراق، لە هەندێک کاتیشدا هاوئاهەنگی لەگەڵ فڕۆکەکانی هاوپەیمانان دەکرێت، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ بە ئامانجگردنی تیرۆریستان بەتایبەت پەناگە و ئەشکەوتەکان لەو زنجیرە شاخانە، لەو رێگەیشەوە ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆریستان کراونەتە ئامانج و کوژراون.

ئەمڕۆش گوتەیەکی سەربازی هەیە دەڵێ، باشترین رێگە بۆ بەرگریکردن هێرشبردنە، ئێمەش رشدین لەسەر هێرشە جۆرییەکانمان پاڵپشت بە زانیارییە هەواڵگرییەکان و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان کە وێنەی هەر جموجوڵێکی پاشماوەی تیرۆریستان دەگرێت، ئێمەش بەردەوامین لە بەئامانجگرتنیان بەمەبەستی لەنێوبردنیان. بەڵێ پێویستمان بە کات هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەردەوامین لە پرۆسەی بەدواداچوون و دەستبەسەرکردن و پێنەدانی هیچ هەلێک بۆ ئەوەی خۆیان رێکبخەن بۆ ئەوەی نەگەڕێنەوە ئەو ناوچانە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە