پەیامنێری رووداو لە چیای شنگال: لێرە ژنان بە جلی سپییەوە دەمرن

06-08-2014
بەرەکات عیسا
نیشانەکردن شنگال
A+ A-

رووداو- چیای شنگال

لە چیای شنگال ژمارەی ئەو منداڵ و بەساڵاچووانەی گیانیان لەدەستدەدەن هێندە زۆرە کە ناژمێردرێن. لە چوار رۆژی رابردوودا شاهیدی مەرگی چەندین کەس بووم. خەڵک هێندە زۆر دەمرێت کە هەر سەرە کاژێرێک چاوەڕوانی هەواڵی گیانلەدەستدانی منداڵێکی دیکە یان بەساڵاچووێک دەکەین. لەبەرئەوەی هەمووکەس مۆبایلەکەی شەحنی لەسەر نییە هەواڵی مردن بەپێ بە چیای شنگالدا بڵاودەکرێتەوە. کاتێک یەکێک دەبینین لەدوورەوە بەپێ دێت، دڵنیاین یان هەڵاتووە یان هەواڵی مردنی پێیە.

ئەوانەی پەنایان بۆ ئەم چیایە هێناوە سەدان خێزانی کوردی ئێزدین. تاوانیان تەنیا کوردبوون نییە، بەڵکو ئێزدی بوونیشە. لێرە ژنانی بەتەمەن بە جلوبەرگی سپییەوە، بە سکێکی برسی و قورگێکی وشکەوە دوایین هەناسەکانی ژیانیان هەڵدەکێشن. منداڵان، کە هێشتا نازانن داعش چییە، لەسەر تاشەبەردەکانی چیای شنگال بەڕاکشاوی لە گیانەڵادان. کاتێک ئەو منداڵانە دەمرن، چاویان لە ئاسمانە، وەک بڵێی چاوەڕوانی گەیشتنی ئەو کۆمەکە مرۆییانە بکەن کە دەڵێن بە فڕۆکە بۆ چیای شنگال نێردراون و لێرە کەس هیچی لێ نەبینیون.

لێرە نان و ئاو نییە. تراژیدیایەکی مرۆیی بە چاوی خۆمان دەبینین. ئەو دیمەنانەی لێرە دەیانبینین زۆرتر لە بە فیلمکردنی چیرۆکە سەرەتاییەکانی نێو ئەو کتێبانە دەچن کە لەسەر هۆلۆکۆست و ئەنفال نووسراون. کاتێک لێرە لە یەکێک دەپرسیت: “چۆنیت؟” وەڵامتدەداتەوە: “برسیمە”. ئینجا ئەو لێتدەپرسێت: “ئەی کوا پێشمەرگە؟”

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە