گالەری

06-12-2017
10 Photos
فەرهاد دۆڵەمەری

رووداو - هەولێر 

دوای تەقینەوەکەی کەمپی مەخمووری ئاوارەکانی باکووری کوردستان چەند بریندارێک گەیێندرانە نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر


ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 6-12-2017 تەقینەوەیەک لە کەمپی مەخمووری ئاوارەکانی باکووری کوردستان روویدا، قایمقامی مەخموور دەڵێت "ژمارەیەک هاونیشتمانی گیانیانلەدەستداوە و برینداربوون". بەپێی زانیارییەکانی رووداویش سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 7 کەسیش برینداربوونە.

فاخر کرمانجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "چوار لە بریندارانی تەقینەوەکەی کەمپی مەخموور گەیێندرانە نەخۆشخانە و بەهۆیەوە یەکێکیان گیانیلەدەستدا و ئەوانی دیکەش لەژێر چاودێری پزیشکدان".

رزگار مستەفا، قایمقامی مەخموور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "تەقینەوەیەکی بەهێز لەنێو کەمپی ئاوارەکانی باکووری کوردستان لە مەخموور روویدا و بەپێی ئەو زانیاریانەی لەنێو لیژنەی کەمپەکە بە ئێمە گەیشتوون ژمارەیەکی زۆر ئاوارە گیانیانلەدەستداوە و برینداربوون".

لەنێو کەمپی مەخمووری ئاوارەکانی باکووری کوردستان دوو هەزار و 700 خێزانی ئاوارە دەژین کە ژمارەیان 12 هەزار و 500 کەسە.

كەمپی مەخموور نزیکەی 60 كلیۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێر دوورە، لە نەوەتەكانی سەدەی رابردوو دروستكراوە و كوردانی ئاوارەی باكووری كوردستانی تێدا نیشتەجێكراون.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن