ساڵی رابردوو 14 ژن بە پاساوی "پاراستنی شەرەف" كوژراون

13-02-2018
تریسكە شێرزاد
نیشانەکردن کوشتن شەرەف
A+ A-

رووداو - هەولێر

هەر ئەوەندەی بەس بوو كە كچەكەی ببینێ‌ لە ئۆتۆمبێلی كەسێكی بێگانە دێتە خوارەوە.. باوكی هێڤین هیچی نەگوت تاوەكوو كچەكەی چووە ژوورەكەی خۆی، ئیدی هەر لەوێ‌ دەستی خستە بیناقاقای و خنكاندی.

هێڤین یەكێكە لەو 14 ژنەی كە بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان، ساڵی رابردوو بەناوی "پاراستنی شەرەف" كوژراون.

كچەكەی خۆی خنكاند

(هێڤین.ع.ح) تەمەن 14 ساڵ، كچە ئاوارەیەكی كوردی رۆژئاوای كوردستان و دانیشتووی گەڕەكی كەسنەزانی نوێی سەر بە پارێزگای هەولێر بوو، هێڤین پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ كوڕێك هەبووە، بەڵام كاتێك باوكی بە پەیوەندییەكەی زانیوە، خنكاندوویەتی.

ئەو رووداوە رۆژی 1/9/2017 روویداوە و بەپێی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس، كاتێك باوكی هێڤین بینیویەتی كچەكەی لە ئۆتۆمبێلی خۆشەویستەكەی دابەزیوە، ئەمەی پێ قبوڵ نەكراوە، كاتێك هێڤین چووەتە ژوورەكەی، یەكسەر خنكاندوویەتی. باوكی هێڤین كە ئێستا بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی لە زیندانە، لەلای پۆلیس گوتوویەتی كە "پەشیمان نییە" لە كوشتنی كچەكەی.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، كوشتنی ئافرەتانی بەسەر نۆ هۆكاردا دابەش كردووە (خێزانی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، كەم عەقڵی، نەزانراو، خۆشەویستی، دەستدرێژی ، بیانووی شەرەف، قەزاوقەدەر).

كوشتنی 50 ئافرەت

بەپێی ئاماری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، ساڵی رابردوو 50 ئافرەت بەو هۆكارانەی سەرەوە كوژراون، زۆرترینیان بە بیانووی پاراستنی شەرەف كوژراون كە 14 ئافرەت بووە. 12 ئافرەتیش هۆكاری كوژرانیان نەزانراوە، لەو 50 ئافرەتە تەنیا 4 یان بە "قەزاوقەدەر" كوژراون. لەو 14 ئافرەتەشی كە بە بیانووی شەرەف كوژراون، سێیان لە هەولێر و 11ی دیكەیان لە سنووری پارێزگای دهۆك بوون.

پۆلیس دۆسیەی بۆ هەر 50 رووداوەكەی كوشتن كردووەتەوە، 12 لەو دۆسیانە حەواڵەی دادگای تایبەتمەند كراون، پەڕاوی 15 دۆسیە داخراون و لێكۆڵینەوەش لە 23 دۆسیەكەی دیكە بەردەوامە. 
 
لە دیدی چالاكڤانان و رێكخراوەكانی ئافرەتانەوە، یاسای (غسل العار)ی سەردەمی بەعس هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی پیاوان بە ئاسانی بە بیانووی پاراستنی شەرەف دەستیان بچێتە خوێنی ئافرەتان، هەر بۆیە پەرلەمانی كوردستان ئەو یاسایەی هەموار كردەوە كە سزایەكی كەمی بۆ بكوژی ژنان تێدابوو، ئیدی كوشتنی ژنانیش وەكو كوشتنی بە ئەنقەست مامەڵەی لەگەڵ كرا، بەڵام هێشتا كەسانێك هەن گوێ‌ بە قورسیی سزاكە نادەن و دەستیان دەچێتە گیانی كەسوكاری خۆیان، بۆ نموونە كەسێكی وەكو برای پەیمان.

پەشیمان نییە

كاتێك مێردی پەیمان بە خۆشەویستیی نێوان هاوژینەكەی و هەرێمی برای دەزانێ‌، بەبێ‌ سێ‌ و دوو، پەیمان تەڵاق دەدات، پەیمان دەگەڕێتەوە لای دایكی، بەڵام كاتێك برای پەیمان بە هۆكاری تەڵاقدانی خوشكەكەی دەزانێ‌، رۆژی 11/1/2017 سەردانیان دەكات و هەر لە ماڵی دایكی، پەیمان بە هەشت گوللە دەكوژێ‌.

دایكی پەیمان نەك هەر سكاڵای لەسەر كوڕەكەی تۆمار نەكرد، بەڵكو شانازیشی بەو كارەی كوڕەكەیەوە كردبوو.

بكوژەكە كە بە ماوەیەكی كەم دوای ئەنجامدانی تاوانەكە لەلایەن پۆلیسی بنەسڵاوە دەستگیركرابوو، گوتبووی: "بەڵێ‌ من خوشكەكەم كوشت و پەشیمانیش نیم، چونكە نامووسی خۆم پاك كردەوە".

بەرزبوونەوەی رێژەی توندوتیژی دژی ژنان بە تایبەتیش كوشتنی ژنان لەژێر پەردەی پاراستنی شەرەف، حكومەتی هان دا كە بەڕێوەبەرایەتییەكی تایبەت لە وەزارەتی ناوخۆ بكاتەوە. 

بەڕێوەبەرایەتییەكە سەرەتا بەنێوی بەڕێوەبەرایەتیی بەدواداچوونی توندوتیژیی دژی ئافرەتان بوو، بەڵام دواتر ناوی گۆڕدرا بۆ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و نووسینگەشی لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان كردەوە.

جگە لەو بەڕێوەبەرایەتییە، چەندین رێكخراوی تایبەت بە داكۆكی لە مافی ئافرەتان بەدواداچوون بۆ پرسی ژنان دەكەن.

سەروین محەممەد، بەرپرسی راگەیاندنی یەكێتی ئافرەتان كوردستان پێیوایە كوشتنی ئافرەتان لە كوردستان ئێستا بەڕاددەیەكی زۆر كەمی كردووە "ئەمەش بەهۆی ژمارەیەكی زۆر رێكخراوی ئافرەتان كە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان دامەزراون، بەڵام نەتوانراوە دیاردەكە بە تەواوی بنبڕ بكرێت".

توندوتیژیی دژی ئافرەتان، هەرێمی كوردستانیشی خستووەتە نێو بازنەی ئەو وڵاتانەی ساڵانە لە 25ی نۆڤەمبەردا هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان رادەگەیەنن.

ئاڤان جاف كە چالاكڤانێكی بواری ئافرەتانە، ئەو بۆچوونە رەتناكاتەوە كە دەڵێت رێكخراوەكانی ئافرەتان رۆڵیان هەبووە لە كەمكردنەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان، بەڵام دەڵێت "بەشێك لە كار و چالاكییەكانیان دووبارەن". 

ئەو پێیوایە رێكخراوەكان و چالاكڤانانی مەدەنی رۆڵیان هەبووە لەوەی پەرلەمان ئەو یاسایانە هەموار بكاتەوە كە سزایەكی كەمیان دانابوو بۆ بكوژانی ئافرەتان.

كوشتن هەر كوشتنە

پێشتر بكوژی ئافرەتان بەپێی ماددە 409 لە یاسای سزادانی عێراقی سزا دەدران، لە یاساكەدا هاتووە: "سزا دەدرێت بە حەپسكردن بۆ ماوەیەك كە نابێت لە سێ‌ ساڵ زیاتر بێ‌، هەر یەكێك ژنەكەی یان یەكێك لە مەحرەمەكانی لە حاڵەتی زیناكردن بینی، یان بە یەكەوە لەسەر جێگا بوون، هەمان كات یەكێك یان هەردووكیانی كوشت، یان دەستدرێژی كردە سەریان، یان بۆ سەر یەكێكیان و بووە هۆی مردنی، یان تووشی كەمئەندامی كرد". هەر بەپێی یاساكە ئەو كەسە حوكمەكانی بارودۆخە توندەكانی بەسەردا جێبەجێ‌ ناكرێ‌.

بەڵام ئێستا لە كوردستان هەموو بكوژێكی ژنان بەپێی ماددە 406 لە یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێ‌ كە سزای ئەو ماددەیە هەندێكجار تا ئاستی لە سێدارەدانیش دەڕوات. 
 
ژیلەمۆ عەبدولقادر، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان دەڵێت: "كوشتنی ژنان لەسەر شەرەف بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر كەمی كردووە، بۆ نموونە ساڵی رابردوو 20 ژن لە سنووری پارێزگای هەولێر كوژراون و تەنیا سێ‌ لەو ژنانە بە پاساوی شەرەف كوژراون". 
گوتیشی: "ئێستا وەكو كوشتنی ئەنقەست مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی كوشتنی ژنان دەكرێ‌ كە لە زۆر باردا سزای بكوژ دەگاتە 20 ساڵ بەندكردن و لێبووردنی گشتیش نایگرێتەوە".

هۆكارەكانی كوشتنی ژنان لە ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان

هۆكارەكان هەولێر دهۆك سلێمانی راپەڕین سۆران

خێزانی 4 1 - 3 -
كۆمەڵایەتی 2 1 3 - 1
قەزاو قەدەر 1 - 3 - -
ئابووری 1 - - - -
كەموكوڕی عەقڵی 1 - - - -
نەزانراو 6 - 4 - 2
خۆشەویستی 2 - - - -
دەستدرێژی 1 - - - -
بیانووی شەرەف 3 11 - - -
كۆی گشتی 21 13 10 3 3

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە