توركیا كۆچبەرێكی كورد بە 34 ساڵ بەندكردن سزا دەدات

13-03-2019
شکار ئەحمەد
نیشانەکردن توركیا کورد
A+ A-

رووداو - هەولێر

دوازدە ساڵی تەمەنی لە گرتووخانەكانی توركیادا بەسەر بردووە، ئێستاش هێنراوەتەوە گرتووخانەی سووسێ‌ بۆ تەواوكردنی حوكمەكەی، بەڵام كاروان خۆی بەبێ‌ تاوان دەزانێ‌ و دەڵێ توركێك تاوانی كردووە و ئەویان دەستگیر كردووە.


كاروان ساڵی 2006 لەگەڵ خێزانەكەی رێگەی كۆچ دەگرنە بەر، ئەوكات تەمەنی 17 ساڵان بووە، بەڵام لە ئەنقەرە تووشی كێشەیەك دەبێ‌ و دەكەوێتە زیندان. 

كاروان باسی ئەو كێشەیە دەكات كە زۆربەی تەمەنی گەنجێتی لێبرد و دەڵێت: "رۆژی 6/6/2006 چەند گەنجێكی تورك لە ئەنقەرە كە زانییان كوردم گێچەڵیان پێكردم. قسەی ناشیرینیان بە كورد گوت، بووە دەمەقاڵێمان و لێیاندام و سەرمیان شكاند، هەموو گیانم ببوو بە خوێن، منیش ئەوەندەی توانیم بەرگریم لە خۆم كرد و لێمدانەوە، دوای شەڕەكە چوومەوە ماڵەوە تاوەكو جلە خوێناوییەكانم بگۆڕم و بچمە نەخۆشخانە، بەڵام پۆلیس هاتن لە ماڵەوە دەستگیریان كردم".

كاروان رەوانەی دادگا دەكرێ و وەكو خۆی دەڵێ، دادوەر بڕیارێكی قورسی بەسەردا دەسەپێنێ: "منیان بردە دادگا و لەوێ 9 تۆمەتیان خستە پاڵم، گوایە من لە خەڵكم داوە، مۆبایل و پارەم لێسەندوون، گوتم من گێچەڵم پێكراوە و لێیانداوم، وتەكانیشیان گۆڕیبووم و نووسیبوویان كە من بە چەقۆ لێمداون و چەكم پێبووە. دواتر سكاڵاكەرەكانیان هێنایە نێو هۆڵی دادگا، ئەوان گوتیان ئەوە ئەو كەسە نییە كە لە ئێمەی دا، چونكە ئەو كەسێكی باڵابەرز بوو، بەڵام دادوەرەكە گوێی بە قسەی سكاڵاكارەكان نەدا و بڕیاری 34 ساڵ بەندكردنی بۆ دەركردم".

كاروان دەڵێت: "بە دادوەرەكەم گوت ئێوە منتان بەهەڵە گرتووە، چونكە من ئەو كارانەم نەكردووە و سكاڵاكەرەكان ناناسم، ئینجا ئەو سزایەی بۆ منتان داناوە لە یاسای توركیادا نییە كە هەرزەكارێكی 17 ساڵان بە 34 ساڵ بەندكردن سزا بدرێ لەسەر شەڕێك".

كاروان باسی رەوشی خۆی لەنێو زیندانەكانی توركیا دەكات و دەڵێت: "تاوەكو 30/8/2018 لە گرتووخانەكانی توركیا بووم. 10 ساڵ لە ئەنقەرە لەنێو زیندانێكدا بووم، دواتر گواسترامەوە بۆ زیندانی یەكێك لە شارە كوردییەكان. ئینجا بۆ زیندانی مەتریس لە ئیستەنبوڵ. لەنێو زیندان زۆر ئەشكەنجەیان دام، نەیاندەهێشت بە كوردی قسە بكەم، دەیانبردمە ژووری تاكەكەسی، هەندێكجاریش فڕێیاندەدامە ژوورێكی تاكەكەسی بچووك كە رەنگی شین بوو، دەروونی مرۆڤی تێكدەدا یان دەیانبردمە نێو هۆڵێك كە تورك بوون و پێیاندەگوتن لێی بدەن".

دایك و خوشكەكەی كاروان زۆر هەوڵیانداوە سەردانی بكەن، بەڵام بەدەگمەن توانیویانە بیبینن، نەسرین عەبدولڕەحمان، 75 ساڵ كە دایكی كاروانە، پێیوایە كوڕەكەی بێتاوانە.

ئەو دەڵێت: "كوڕەكەمیان لەبری پیاوێكی توركی خەڵكی ئورفە گرتبوو، ئەو كێشەی لەگەڵ چەند كەسێك هەبوو، بەڵام بەسەر كوڕەكەی منیاندا هێنا و كەس نەبوو كوڕەكەم لە زیندان رزگار بكات، نەشیاندەهێشت سەردانی بكەم، هەزارجار دەریاندەكردم، بەڵام هەر دەچوومەوە، جارجار رێگەیان دەدام چەند خولەكێك بیبینم، زۆر ئەشكەنجەیان دەدا لە زیندان. ئەوكاتەی گیرا تەمەنی بچووك بوو، دەیگوت دایە من هیچم نەكردووە و تەمەنیشم كەمە، بۆیە زوو ئازادم دەكەن".

دایك و خوشكەكەی كاروان ناتوانن لە توركیا بمێننەوە و دوای ماوەیەك دەگەڕێنەوە هەولێر، بەڵام دایكی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی بۆ رزگاركردنی. ئەو دەڵێ: "سەر و ماڵم لەسەر ئەو كوڕە دانا، پارەم قەرز  دەكرد دەچوومە توركیا بۆ بینینی كوڕەكەم، نەیاندەهێشت بیبینم، دەمگوت كوڕەكەم منداڵە، خۆ زیندانی سیاسی نییە بۆ ناهێڵێن بیبینم".

كاروان نزیكەی 6 مانگە لەڕێگەی پۆلیسی ئینتەرپولەوە رەوانەی عێراق كراوەتەوە. ئەو دەڵێ: "لە 31/8/2018 پۆلیسی ئینتەرپول منیان هێنایەوە بۆ عێراق. سێ مانگ و نیو لە زیندانێكی بەغدا بووم. دواتر لە مانگی 12ی 2018 گواسترامەوە بۆ سووسێ". 

ساڵی 2016 بەشێك لە حوكمەكەی كاروان كەم كرایەوە و بەر لێبوردنی گشتی كەوت، بەڵام كێشەكەی ئەوەیە تەنیا بڕیاری دادگایان ناردووەتەوە بۆ عێراق نەك هەموو دۆسیەكەی. كاروان دەڵێت: "هەموو بەڵگەكانم لەلایە كە كەیسەكەی من بەم شێوەیە نییە و بۆم دروستكراوە، تەنانەت بڕیاری لێبووردنی گشتییەكەشی لەگەڵ نییە". 

 گوتیشی: "كە هێنایانمەوە بۆ عێراق سزاكەمیان كەمنەكردەوە، ئەگەر لە توركیا بمابامەوە 4 مانگ پێش ئێستا ئازاد دەكرام بەپێی ئەو حوكمەی درابووم، لە زیندانی سووسێ چاوەڕێی بڕیاری بەغدان تاوەكو ئازادم بكەن، بەڵام بەغدا بڕیار نادات، شەش مانگە دادگاییش ناكرێم، ئەگەر ئەم دۆسیەی من لە دادگا تەسدیق بكرێ بەپێی یاسای عێراقی و توركیش ئازاد دەكرێم، بەڵام كەس لێم ناپرسێتەوە".

كاروان پێیوایە ئەم چەند ساڵە بەتەنیا خۆی لە زیندان نەبووە و دەڵێت: "دایكم و خوشكەكەشم زیندانی بوون، چونكە ئەوان لەماوەی ئەو 12 ساڵەدا وەكو سزادراو لە ماڵەوە نەهاتنە دەرەوە، خوشكەكەم كە تەمەنی 40 ساڵانە لە خەفەتی من تووشی نەخۆشی شەكرە بووە".

خانەوادەی كاروان هەرچی كە هەیانبوو بۆ رزگاركردنی خەرجیانكردووە. نەسرین عەبدولڕەحمان كە مامۆستا بووە و 10 ساڵە خانەنشین كراوە، دەڵێ: "هەرچی سەروەت و سامان و مووچەی خانەنشینیم بوو بۆ ئازادكردنی خەرجمان كردووە، ئێستاش هیچمان نەماوە. شەش مانگە هێناویانەتەوە، بەڵام بەهۆی هەژارییەوە تەنیا دوو جار توانیومە بچمە لای".

ئەو گەنجە داوای بەهاناوەچوون دەكات و دەڵێ: "داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی كورد لە بەغدا، هەروەها مافی مرۆڤ و پارێزەرە خۆبەخشەكان دەكەم بەهانامانەوە بێن، بە بەڵگەوە دەیسەلمێنم لە توركیا چ زوڵمێك لە خەڵكی كورد دەكرێت و چۆن ژیانی منیان فەوتاند".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە