بارانبارینی بەخووڕ زیانی 20 ملیار دیناری لە هەرێمی کوردستان داوە

16-12-2018
7 پردی سەرەکی بەهۆی باران و لافاوەوە رووخاون
7 پردی سەرەکی بەهۆی باران و لافاوەوە رووخاون
نیشانەکردن باران کوردستان
A+ A-

رووداو-هەولێر

زەرەر و زیانەکانی بارانبارینی بەخووڕ و لافاوی ئەمساڵ بە 20 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت، لافاو 7 پردی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان رووخاندووە.

بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی دەڵێت، هۆکارە سەرەکییەکە تەمەنی پردەکانە کە بەشێکیان زیاتر لە 50 ساڵە دروستکراون. ئیبراهیم عەزیز دەڵێت، پردەکان چاککردنەوەی تەواویان بۆ نەکراوە و پێویستە ساڵانە نۆژەنبکرێنەوە، بەڵام بودجەی پێویست تەرخاننەکراوە بۆ ئەو مەبەستە. 

ئەندازیارێک دەڵیت، پێویستە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرایەتییەکی هەبێت بەناوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پاراستنی پرۆژەکانی رێگاوبان بە پردەکانیشەوە. بارانبارینی بەخووڕی سەرەتای ئەمساڵ 7 پردی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان رووخاند، بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە نزیکەی 20 ملیار دینار زیانی بە پرد و رێگاوبانەکان گەیاندووە.

هەرچەندە رووداوەکان سرووشتین بەڵام لە زەرەر و زیانەکاندا پەنجەی تۆمەت ئاراستەی حکومەت دەکرێت، چونکە کاتێک پردێک دەڕووخێت بیری خەڵک بۆ خراپ دروستکردنی دەچێت، بەڵام لای بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی هۆکارە سەرەکییەکە تەمەنی پردەکانە کە بەشێکیان زیاتر لە 50 ساڵە بەکاردێن.

ئیبراهیم عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تەمەنی پردەکان زۆر کۆنن، دەگەڕێنەوە بۆ 60-70 ساڵ پێش ئێستا، لەڕاستیشدا چاککردنەوەی تەواویان بۆ نەکراوە و دەبێت ساڵانە نۆژەنبکرێنەوە، لەمەدا کەمتەرخەمی کراوە ئەمەش پەیوەندی بەوەوە نییە کە ئەندازیار و بەڕێوەبەرایەتییەکانی رێگاوبان پێی نەزانن بەڵکو ئەو بودجەیەی تەرخاندەکرێت بۆ رێگاوبان لەڕاستیدا دەبێت زۆر زۆر زیاتر بێت لەوەی کە هەیە".

بەڵام ئەندازیارێک تەواو پێچەوانەی ئەو بۆچوونە قسە دەکات چونکە دەڵێت، بەو پێیەی پردەکانی کوردستان بە چیمەنتۆ دروستکراون تاوەکو تەمەنیان درێژتربێت بەهێزتر و خۆڕاگرتر دەبن. بۆیە دەڵێت ئەوەی پردەکان دەڕووخێنێت لەپاڵ نەبوونی چاودێری حکومەت بۆ 
چاککردنەوەی کەموکوڕیەکان گۆڕینی ئاراستەی ئاوەکانە کە کارگەکانی چەو و لم لە چەمەکاندا دروستیانکردووە.

عومەر عینایەت، ئەندازیار و پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرنجم داوە لە هەرێمی کوردستان شتێک نییە بەناوی (مەیتێنس) نۆژەنکردنەوە بۆ پردەکان کە ساڵانە دەبێت هەبێت، بۆ شەقام و پردەکان و بۆ 
ئەو جۆگەلانەی بە تەنیشت شەقامەکان دەڕۆن، بۆ ئەو چاڵ و چۆڵیانەی کە دەکەوێتە سەر شەقامەکان، بۆ رێڕەوی ئاوەکان و ئەو رووداوانەی روودەدەن بەهۆی رووداوە سرووشتییەکان، ئەم شتانە لە هەرێمی کوردستان نییە پێویستە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرایەتیەکی هەبێت بەناوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پاراستنی پرۆژەکانی رێگاوبان بە پردەکانیشەوە".

قەیرانی دارایی دۆخی رێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستانی ئەوەندە خراپکرد کە بەهۆی نەبوونی چاودێری و چاککردنەوە، بەشێکیان ناسناوی رێگای مەرگیان وەرگرت بەڵام لافاو و بارانی ئەمساڵ باری سەرشانی رێگاکانی ئەوەندەی دیکە قورسکرد تاوەکو ئەو ئاستەی بەرپرسان خۆیان بڵێن، ئەگەر زوو فریا نەکەوین زۆرن ئەو رێگایانەی لەکاردەکەون.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە