رووداو - مەخموور
بەرپرسی میحوەری گوێڕ مەخموور دڵنیایی ئەوە دەداتە خەڵکی مەخموور و گوێڕ، کە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و دەشڵێ، لەگەڵ سەرکردایەتی سوپای عێراق هاوئاهەنگیان کردووە، پێشمەرگە لەو ناوچانە دەمێنێتەوە.
سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێڕ مەخموور لەبارەی رەوشی نێو شارۆچکەی مەخموور بە رووداوی راگەیاند "بەداخەوە بەشێکی زۆری خەڵکی مەخموور چۆڵیان کردووە، بەڵام پێشمەرگەکان لێرەن، هیوادارین خەڵکەکەش بگەڕێتەوە".
لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە و هاتنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، سیروان بارزانی گوتی "ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانمان لەگەڵ سەرکردایەتیی سوپای عێراق ئەنجامدا، لەسەر ئەوە رێککەوتین سوپای عێراق بگەڕێتەوە ئەو هێڵانەی لە 17-10-2016 پێشمەرگەی لێبوو و، لەوێوە هێزە عێراقییەکان چوونە دەشتی نەینەوا، بە هاوئاهەنگیش پێشمەرگە لە هەرشوێنێک بیەوێت، دەتوانێت بمێنێتەوە".
بەرپرسی میحوەری گوێڕ مەخموور گوتیشی "ئێمە وەکو میحوەری گوێڕ و مەخموور، کێشەیەکی وەهامان نەبووە، بارەگای سوپای عێراق هەر لە مەخموور هەبووە تەنها دیوارێکمان لەنێواندا بووە، بۆیە هاوئاهەنگییەکە هەر بەردەوام بوون و تائێستاش بەردەوامە".
سەبارەت بە رۆیشتنی خەڵکی مەخمووریش، سیروان بارزانی دەڵێ "بەداخەوە ئەوەی هەندێک لایەن لە کەرکووک کردیان، خەڵکەکەی بێئومێد کردبوو، پێشمەرگەش فەرمانی شەڕکردنیان پێنەبوو، پەیامی سەرکردایەتی سەربازی ئێمەش ئەوەبوو ئاشتەوایی بپارێزین".
سەبارەت بە ناوچەکانی دیکە، سیروان بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە "بەبێ هاوئاهەنگی هێزەکانی سوپای عێراق نابێت بگەڕێنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی هاوبەش دانراوە بۆ ئەوەی لە میحوەرەکانی دیکەش هاوئاهەنگی هەبێت".
سەبارەت بە هاتنی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ نێو مەخموور و دڵنیایی دان بە خەڵکی ناوچەکە، سیروان بارزانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، "حەشد لێرە نییە، لە کۆبوونەوەماندا لەگەڵ سەرکردایەتی سوپای عێراق باسی حەشد نەکراوە بێتەئێرە، بەڵکو تەنها سوپا هاتووە، ئەگەر لە ساترەکانی سنووری خۆیان هەبن من نازانم، بەڵام باسی ئەوە نەکراوە حەشد بێت، ئەوەش لە دەستی ئێمەدا نییە، سەرکردایەتی حەشد لە بەغدا بڕیار دەدات کە بێن یان نا، بەڵام ئەوەی بە ئێمە گوتراوە ئەوەیە کە نایەن".
بەرپرسی میحوەری گوێڕ داوا لە خەڵکی مەخموور و گوێڕ دەکات "خۆڕاگر بن وەکو هەموو جارێک، نەک لە شەڕی داعش بەڵکو پێشتریش خەڵکی ناوچەکە لەو زوڵمەی لەسەریان بووە خۆڕاگربوون، ئەمەش جێگەی رێزە، ئەوەشی روویدا لە ئەنجامی ئەوەبوو هەندێک لایەن لەو رێککەوتنە لایاندا کە کرابوو، بەداخەوە شتێکی ناخۆش و مێژووییە، بەڵام من وای دەبینم بە تایبەتی دوای گشتپرسی ئاستی کورد چووەتە قۆناخێکی دیکە، ئومێدم زۆرە. گەلی کوردستان زۆر شتی خراپتری لەوە لێ بەسەر هاتووە، بەڵام خۆڕاگربووین و باشتریش هاتووینەتە پێش، بەهیمەتی خوا و لە کاتێکی زوو، بەویستی خوا شتی زۆر باشتر و خۆشترمان دێتە دەست".
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ