رووداو - مەریوان
رۆژی هەینی 19-5-2017، لەگەڵ هاووڵاتیانی ئێران، هاونیشتمانیانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەژداریکردن لە دوازدەیەمین خولی سەرۆکایەتیی کۆمار و پێنجەمین خولی ئەنجوومەنی شار و گوندەکان روویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد.
زۆربەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماریان بایکۆت کرد و داوایان لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد بەشداری ئەو هەڵبژاردنە نەکەن، بەڵام بەپێویستیان زانی بەشداری پێنجەمین خولی ئەنجوومەنی شار و گوندەکان بکەن.
بەهۆی کەمی بەشداریکردنی خەڵکیش سێجار و هەر جارەی بۆ دوو کاژێر پرۆسەی دەنگدان درێژکرایەوە و، بڕیارە کاژێر 10:30 خولەک بەکاتی هەولێر سندووقەکان دابخرێن.
بەرپرسانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران تاوەکو ئێستا ئاماری سەرەتایی رێژەی بەشداری دانیشتووانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان لە هەندێک پارێزگا بڵاوکردووەتەوە.
بەپێی ئامارەکان، لە پارێزگای ئیلام تاوەکو کاژێر 7 ی ئێوارە بە کاتی تاران، 70% ی دانیشتووانی ئەو پارێزگایە دەنگیان داوە.
هەروەها لە پارێزگای کرماشان تاوەکوو کاژێر 08:00ی شەو ، 820 هەزار کەس دەنگیان داوە. لە کرماشان یەک ملیۆن و 460 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
هەروەها لە پارێزگای ورمێ رێژەی بەشداری تا نزیکەی کاژێر 06:00ی ئێوارە، نزیکە پەنجا لەسەد بووە. لە ورمێ 2 ملیۆن و 340 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە پارێزگای سنە و لۆڕستان زانیارییان لەسەر رێژەی بەشداریکردنی خەڵک بڵاونەکردووەتەوە.
هەروەها بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردەی ئێرانیش رایانگەیاندووە: سبەی شەممە سەرجەم قوتابخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە قوتابخانەکانی چەند پارێزگایەکی دیکەش پشوو رادەگەیێندرێت.
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح