ئەڵمانیا بۆ بارزانی: لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە بەردەوام دەبین

19-10-2017
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن بارزانی ئەڵمانیا
A+ A-

رووداو - هەولێر 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا و تاوتوێی بارودۆخی سیاسیی كوردستان و عێراق و دوایین پێشهاتەکان کرا.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 19-10-2017، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئۆرسۆلا ڤۆندەر لاین، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و بیروڕا لەبارەی دوایین بارودۆخی مەیدانی و پێشهاتەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.

بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا كە رادەی بەریەككەوتنە سەربازییەكانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی كەم بووە و گرژییەكان پەرەی نەسەندووە. 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی پێشمەرگە لە "شەڕی تیرۆریستانی داعش" دووپاتكردەوە و جەختیشی لە پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردەوە و خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی كە بڕیاری گفتوگۆ و دانوساندن بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دراوە".

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە ماوەی شەڕی دژ بە داعش چەندجارێک سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە.

هەروەها رۆژی چوارشەممە 18-9-2017، حکومەتی ئەڵمانیا ماوەی مەشقکردن بە پێشمەرگەی بۆ سێ مانگی دیکە درێژکردەوە و راشیگەیاند "ئەو بڕیارەی لەبارەی هاوکارییکردنی پێشمەرگە بە مەشق و پێدانی چەک دراون، پێویست و راستبوون".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە