رووداو - هەولێر
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکەیان، جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان هەڵوێستی فەرمی سەبارەت بە قبووڵکردنی دەرەنجامی هەڵبژاردن و بەشداریکردن یان نەکردن لە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان رادەگەیێنین و هەموو بژاردەیەک لە بەردەم بزووتنەوەی گۆڕاندا کراوەیە.
ئەمڕۆ (شەممە 20-10-2018) جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبووەوە و کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر پرسی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی سیاسی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و عێراق.
لە راگەیێندراوەکەی جڤاتی نیشمانیی بزووتنەوەی گۆڕاندا سەبارەت بە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن و بەشدارییکردنیان لە حکومەتی داهاتووتی هەرێمی کوردستان دا هاتووە: "ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و رێژەی کەمی بەشداریکردنی دەنگدەران، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن لە نیگەرانی خەڵکی کوردستان لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و حوکمڕانیان و ئەو بارودۆخە ناهەمووارەی بەرۆکی هاوڵاتیانی گرتووە، جڤاتی نیشتمانی لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان هەڵوێستی فەرمی خۆی سەبارەت بە قبووڵکردنی دەرەنجامی هەڵبژاردن و بەشداریکردن یان نەکردن لە حکومەتی داهاتوی هەرێم رادەگەیێنێت و هەموو بژاردەیەک لە بەردەم بزووتنەوەی گۆڕاندا کراوەیە".
دەقی راگەیێندراوەکەی بزووتنەوەی گۆڕان
ئەمڕۆ، (20/10/2018)، جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. لە کۆبونەوەکەدا چەند تەوەرێکی گرنگ تاوتوێ کران و بڕیاریان لەبارەوە درا.
کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە بارودۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و گەلەکەمان لە بەردەم ئاڵنگاری گەورەدایە. جڤاتی نیشتیمانی لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو کێشە و قەیرانانەی روبەڕوی هاوڵاتیان بوەتەوە تاوتوێی بارودۆخی ئێستا و داهاتووی کرد.
هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و دەرهاویشتەکانی یەکێک بو لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە. هەروەها هەڵسەنگاندن و پێداچونەوە بە کارەکانی بزوتنەوەی گۆڕان تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە بوو.
هاوڵاتیانی کوردستان...
ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و رێژەی کەمی بەشداریکردنی دەنگدەران، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن لە نیگەرانی خەڵکی کوردستان لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و حوکمڕانیان و ئەو بارودۆخە ناهەمووارەی بەرۆکی هاوڵاتیانی گرتوە. هەروەها نیشانەی نائومێدی دەنگدەرانە بە پرۆسەی هەڵبژاردن. هەمو ئەو ساختەکاری و پێشێلکارییانەی لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە ئەنجامدران، کاریگەری و رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی و ناو و ناوبانگی هەرێمەکەمان دروستکرد.
ئێمە لە بزووتنەوەی گۆڕان سوپاسی هاووڵاتیانی کوردستان و دەنگدەرانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەین کە بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا کرد. سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان، کە شێلگیرانە کاریان بۆ سەرخستنی لیستی (148)ی بزووتنەوەی گۆڕان کرد.
لە هەمان کاتدا داوای لێبووردن لە دەنگدەرانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەین بۆ هەر کەموکوڕی و کەمتەرخەمییەک کە لەلایەن ئێمەوە بووبێت و کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان دروست کردبێت.
جڤاتی نیشتیمانی لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان هەڵوێستی فەرمی خۆی سەبارەت بە قبوڵکردنی دەرەنجامی هەڵبژاردن و بەشداریکردن یان نەکردن لە حکومەتی داهاتوی هەرێم رادەگەیەنێت و هەموو بژاردەیەک لە بەردەم بزووتنەوەی گۆڕاندا کراوەیە.
لە کۆتاییدا جڤاتی نیشتیمانی بڕیاریدا بە بەستنی کۆنفرانسی نیشتیمانی لە ماوەیەکی دیاریکراودا، بۆ پێداچونەوە و هەڵسەنگاندنی ئەدای دامەزراوەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و دەستوور و دانانی نەخشەی داهاتووی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە سەرجەم ئۆرگانەکانی بزووتنەوەی گۆڕاندا.
بزووتنەوەی گۆڕان
20/10/2018
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ