قوباد تاڵەبانی بەڵێنی 50 هەزار هەلی کارەکەی کرد بە 40 هەزار

25-09-2018
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن قوباد تاڵەبانی یەکێتی
A+ A-
رووداو - هەولێر 

سەرۆک لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یەکەم هەفتەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە شارەکانی کوردستان بەڵێنی ئەوەی بە خەڵکدا کە  لەڕێگەی بەگەڕخستنەوەی دوو هەزار کارگە 50 هەزار هەلی کار بۆ هاووڵاتیان دەڕەخسێنێت، بەڵام لە هەفتەی کۆتایی ژمارەکەی بۆ 40 هەزار هەلیکار کەمکردەوە. 

قوباد تاڵەبانی، سەرۆک لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە زۆربەی گوتارەکانیدا لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبکەی لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان، باسی پلانی داهاتووی یەکێتیی و بەگەڕخستنەوەی هەلی کار و ئەو گۆڕانکارییانە دەکات کە بڕیارە دوای هەڵبژاردن بۆ هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان ئەنجامیان بدات.

دوو هەفتە لەمەوبەر و رۆژی 11-9-2018 قوباد تاڵەبانی لە گوتارێکدا لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەکی لە رانیە گوتی: "ئێمە دەتوانین زیاتر لە 50 هەزار هەلی کار دروستبکەین. ئەمەش لەڕێگەی بەگەڕخستنەوەی دوو هەزار کارگە کە ئێستا داخراون و هاندانی کردنەوەی کارگەی زیاتر لە داهاتوودا، ئێمە هەزاران هەلی کاری دیکە دروستدەکەین لەڕێگەی هاندانی وەبەرهێنەرەکانەوە بۆ ئەوەی هەلی زیاتر بۆ کارکردن بدەینە گەنجەکان و هەلی کار بۆ ژنانیش دەڕەخسێنین". 

هاوکات رۆژی دووشەممە 24-9-2018، قوباد تاڵه‌بانی، له‌ دیدارێكی رادیۆی كوردسات ژمارەی ئەو هەلیکارەی لە زیاتر لە 50 هەزارەوە بۆ 40 هەزار هەلی کار کەمکردووەتەوە و دەڵێت: "پلانمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیدی ته‌نها پشت به‌ نه‌وت نه‌به‌ستین، به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ی گرنگیدان به‌كه‌رتی كشتوكاڵ و پێشه‌سازی و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی دوو هه‌زار كارگه‌ كه‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانرێت 40 هه‌زار هه‌لیكار بڕه‌خسێنین".

عیزەت سابیر، بەرپرسی کەمپەینی بانگەشەی قوباد تاڵەبانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "دوای دیراسەیەکی وردمان، دەرکەوت کە لە 10 ساڵی رابردوو 2100 کارگەی حکومی و ئەهلی بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیووە کێبڕکێی کاڵا بیانییەکان داخراون و ئەگەر بەگەڕبخرێنەوە، دەتوانرێت هەلیکار بۆ 40-50 هەزار بڕەخسێنرێت".

عیزەت سابیر گوتیشی "سەنتەرێکی پەیوەندیکردنمان بۆ بانگەشە دروستکردووە و 200 گەنج لەو سەنتەرە بە بەردەوامی پەیوەندی بە کادرانی یەکێتی و هاونیشتمانییانەوە دەکەن، هەروەها نامەی دەنگی قوباد تاڵەبانیش دەنێرین".

ئەم قسانەی قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کاتێکدایە کە بڕیارە رۆژی 30-9-2018، هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبێچێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە