رووداوێکی هاتووچۆ لە زاخۆ: دوو کەس گیانیانلەدەستداوە و 25 کەسی دیکەش بریندارن

28-12-2017
یوسف موسا
بەهۆی سەختی برینەکانیان بەشێک لە بریندارەکان گواستراونەتەوە نەخۆشخانەی دهۆک
بەهۆی سەختی برینەکانیان بەشێک لە بریندارەکان گواستراونەتەوە نەخۆشخانەی دهۆک
نیشانەکردن زاخۆ رووداوی هاتووچۆ
A+ A-

رووداو - زاخۆ 

لە رێگای سەرەکی شارۆچکەی باتیفا، نزیک کەمپی بێرسڤا لە قەزای زاخۆ، رووداوێکی هاتووچۆ روویداوە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیانلەدەستداوە و  25 کەسی دیکەش برینداربوون.


بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆش دەڵێت، بەشێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکانیان رەوانەی نەخۆشخانەی دهۆک کراون.

خەڵات مستەفا، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کاژێر 5:30 خولەکی رۆژی پێنج شەممە رووداوێکی هاتووچۆ لە رێگای باتیفا لە نزیک کەمپی بێرسڤا روویداوە، دوو کەس گیانیانلەدەستداوە 25 کەسی دیکەش بریندارن، دوو لە بریندارەکانیش رەوانەی نەخۆشخانەی دهۆک کراون".



بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ دەڵێت "رووداوەکە بە جۆرێک بووە کە چەند هاونیشتمانییەکی کەمپی دەرکارێ لە زاخۆ، ئەمڕۆ لە نزیک گوندی کانیا خەما ئاهەنگی بووک گواستنەوەیان هەبووە، دوای گەڕانەوەیان ئەو رووداوە روویداوە و بەشێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکانیان رەوانەی نەخۆشخانەی دهۆک کراون".



بەگوتەی خەڵات مستەفا، برینی بریندارەکان جۆراو جۆرن و تەمەنی ئەو کەسانەیشی بریندارن لە هەشت ساڵییەوە بۆ سەرەوە دەستپێدەکات. دەشڵێت "ئەوەی پێویست بکات بۆ بریندارەکان دەکرێت، ئەوەیشی برینەکەی زۆر سەخت بێت بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک دەگوازرێتەوە".

هاوکات رائید بێوار عەبدولعەزیز، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی دھۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەھۆی پێکدانانی سێ ئۆتۆمبێل، زیاتر لە 20 کەس بریندابوون و دوو کەسیش گیانیانلەدەستداوە".



کەسوکاری یەکێک لە قوربانییەکان دەڵێت، دوو برازای ئێمە لەنێو بریندارەکاندا هەن و ئەوان سەرجەمیان کەسوکاری یەکدین و دوای گەڕانەوەیان لە ئاهەنگەکە رووداوەکە روویداوە، رووداوەکەش لەنێوان پاسێک و دوو ئۆتۆمبێل لە جۆری (پیکئاب تۆیۆتا)ـدا بووە. 

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە