جیهان هاشم: مێردەكەم ئەڵقەی دەستگیرانداریمانی بۆ كچێك فرۆشت

29-08-2017
دیمەن بورهان
نیشانەکردن جیهان هاشم
A+ A-

رووداو- هەولێر  

هەفتەی رابردوو جیهان هاشم بابەتێكی گەرمی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوو، بەڵام نەك بەهۆی ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی لەبارەی كاری نمایشكاری و مۆدێلەوە بڵاویان دەكاتەوە و هەمیشە بینەرێكی زۆریان هەیە، بەڵكو ئەمجارەیان لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا بە چاوێكی ئاوساوەوە دەركەوت و دواتر ئاشكرای كرد كە لەلایەن هاوژینەكەیەوە ئەشكەنجە دراوە.

جیهان هاشم لەدایكبووی ساڵی 1989یە و خەڵكی خانەقینە، ماوەیەك نیشتەجێی ئەڵمانیا بوو، بەڵام ئێستا گەڕاوەتەوە كوردستان و لە هەولێر دەژی. دوو مانگ لەمەوبەر شووی بە كوڕێكی عەرەبی دانیشتووی نەجەف بەناوی (سیراج) كرد، بەڵام هەر زوو كێشە كەوتە نێوانیان، جیهان ئەو كوڕە بەوە تۆمەتبار دەكات كە خیانەتی لێكردووە، كوڕەكەش دەڵێت جیهان نهێنییەكی لێ‌ شاردووەتەوە و پێی نەگوتووە كە پێشتر شووی كردووە. جیهان لە لێدوانێكدا بۆ (رووداو) ئەوەی ئاشكرا كرد كە پێشتر شووی كردووە و منداڵێكیشی هەیە، تاوەكو ئێستاش پەیوەندی لەگەڵ هاوژینی پێشووی ماوە. 


هەروەها باسی ژیانی خۆی كرد و گوتی "دایك و باوكم خەڵكی شارۆچكەی خانەقینن، بەهۆی ئاوارەییەوە روویان كردە ئێران و لە تاران نیشتەجێ‌ بوون، من لەوێ‌ لەدایكبووم، خێزانێكی زۆر ئاسوودە بووین، سێ‌ كوڕ و دوو كچ بووین لەگەڵ دایكم و باوكم".

ئەو باسی چۆنیەتی شووكردنەكەی دەكات و دەڵێت "باوكم بە دەست نەخۆشییەوە دەیناڵاند، خوشكەكەی دیكەم شووی كردبوو، حەزی دەكرد بەر لەوەی ماڵئاوایی لە ژیان بكات، منیش شوو بكەم. بۆیە هەر لە تاران كەسێكی بۆ دەستنیشان كردم و منیش لەبەر دڵی ئەو رازی بووم شووی پێبكەم، ئەوكات تەمەنم تەنیا 15 ساڵان بوو كە شووم كرد، بەڵام دوای دوو ساڵ كە خاوەنی كچێكیش بووین، من داوای جیابوونەوەم كرد، چونكە لەگەڵ یەكدی نەدەگونجاین".

جیهان هەروەها دەڵێت "پیاوەكە زۆر بەڕێزەوە گوێی لێگرتم، بە داواكارییەكەم رازی بوو، بەبێ كێشە جیابووینەوە، بۆیە تاوەكو ئێستاش پەیوەندیمان ماوە، كچەكەم لەلای ئەوە، رێم پێدەدات كچەكەم ببینم". لە چەند رۆژی رابردوودا جیهان هاشم وێنەی كچەكەی لە ئینستاگرام بڵاوكردەوە كە ئێستا تەمەنی 10 ساڵە.

پاشان جیهان و خوشك و براكانی دەچنە دەرەوەی وڵات، بەڵام دوای ماوەیەك جیهان لەبەر دایكی دەگەڕێتەوە كوردستان و لە هەولێر خەریكی كاری مۆدێل و مەیكئەپ دەبێ‌.

جیهان باسی چۆنیەتی ناسینی سیراج دەكات و دەڵێت: "بەو پێیەی من كەسێكی ناسراو بووم، رۆژێك لەلایەن رێكخراوێكی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە پەیوەندیم پێوەكرا، بۆ ئەوەی هاوكارییان بكەم لە دابەشكردنی یارمەتی بەسەر ئاوارەكانی مووسڵ، سیراجیش لەو رێكخراوە كاری دەكرد، لەو رێگەیەوە یەكدیمان ناسی".

چۆن بڕیاری هاوسەرگیرییان دا؟ جیهان دەڵێت: "سیراج لە كاتی دابەشكردنی كۆمەكەكان خۆی بە كەسێكی زۆر مرۆڤدۆست و بەسۆز نیشان دەدا، بۆیە زۆر سەرنجی منی راكێشا، دوای ئەوەی یەكدیمان ناسی، داوای هاوسەرگیری لێكردم، منیش یەكسەر رازی بووم، جگە لە كەسایەتی ئەو كوڕە، بێزاریش بووم لەو هەموو قسە و قسەڵۆكەی بەناوی منەوە دەكران، بۆیە بڕیارم دا شوو بكەم".

خۆی خەرجیی ئاهەنگەكەی كرد

جیهان دەڵێت كاتێك سیراج هاتووەتە خوازبێنی، ئەو داوای هیچی لێ نەكردووە، تەنانەت ئەڵقەی دەستگیرانداریشی بۆ كڕیوە. جیهان گوتی "سیراج داوای لێكردم من خەرجیی شەكراوخواردنەوەكە بكەم و دواتر بمداتەوە، منیش 3000 دۆلارم لە شەكراو خواردنەكە خەرج كرد. پاشان داوای 1000 دۆلاری لێكردم، ئەویشم دایە".

جیهان رۆژانە شتی تازە لەبارەی دەستگیرانەكەی دەبیستێ و دەڵێت "رۆژانە شتی نەزانراوم لە بارەی سیراجەوە دەبیست، بۆ نموونە پێشتر كچێكی عەرەبی كردبووە ژن و وازی لێهێنابوو، لەگەڵ ماڵی باوكی پەیوەندیی باش نەبوو، زۆربەی شەو لە دیسكۆ و باڕەكان بوو، بەڵام سەرباری ئەوەش هێشتا نەمدەویست كۆتایی بە پەیوەندییەكەم بهێنم و چاوەڕێ‌ بووم هەڵسوكەوتی بگۆڕێ".

جیهان هەموو ئەو شتانە لە سیراج قبوڵ دەكات، بەڵام كاتێك دەزانێ‌ پەیوەندی لەگەڵ شاجوانێكی پێشووی عێراق هەیە، ئیدی نێوانی لەگەڵی تێكدەچێ‌. جیهان گوتی "دوای ئەم هەموو كارە خراپەی هێشتا نەمویست ژیانم لێ‌ بشێوێت، بەڵام كاتێك زانیم لەگەڵ ئەو كچە پەیوەندی هەیە و ئەڵقەی دەستگیرانیی منی بۆ فرۆشتووە نێوانمان تێكچوو".

جیهان بڕیار دەدات لە سیراج جیاببێتەوە، بەڵام ئەو لێی دەدات.

جیهان پەنای بردووەتە بەر دەزگا ئەمنییەكان بۆ ئەوەی سكاڵا لەسەر سیراج تۆمار بكات بە تۆمەتی "ئەشكەنجەدان و دزی و خیانەت". بەڵام دەڵێت "سەرەڕای ئەوەی توندوتیژیم بەرامبەر كرابوو، كەچی ئاسایش بەندی كردم".

گوتیشی "تاكە شوێن كە بەرگری لێكردم بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بوو".

ئەو گلەیی لە دەزگا ئەمنییەكان هەیە و دەڵێت "سیراج بە ئارەزووی خۆی لە هەولێر دەسووڕێتەوە، كەس پێی ناڵێ‌ لە پشت چاوت دوو برۆ هەیە، بەڵام خۆشبەختانە بەهۆی خراپیی هەڵسوكەوتی بەرامبەر بە من، لە كارەكەی لە یوئێن دەركرا".

جیهان لەگەڵ سیراج دەستگیراندار بووە و بەر لەوەی بیگوازێتەوە بڕیاری جیابوونەوەی داوە، ئەو داوا لە رێكخراوەكانی ژنان دەكات لەسەر دۆسیەكەی بێنە دەنگ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە