مەحموود محەممەد: شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی سەردانی بەغدا دەکات

30-08-2018
گۆڤەند مستەفا
گوتەبێژی پارتی: لەگەڵ هیچ لایەنێک بۆ پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن رێکنەکەوتووین
گوتەبێژی پارتی: لەگەڵ هیچ لایەنێک بۆ پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن رێکنەکەوتووین
نیشانەکردن پارتی هەڵبژاردن
A+ A-

رووداو - پیرمام

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی رایگەیاند: پارتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە لە30ـی ئەیلوول و شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی سەرەتای هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا دەکات.

ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام ئەنجامدرا و، لەبارەی بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و، گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەتی فیدراڵی گفتوگۆ کرا.

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند "سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەموو لایەک ئاگادارن وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە بەهاری رابردوودا بوو، بەڵام لەسەر داوای چەند لایەنێک، کە داوایانکردبوو دوابخرێت، پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەپێناو یەکڕیزی و پێکەوەیی کارکردن بەمە رازیبوو، لەدوای ئەوە بۆ دوو خولی یاسادانان تەمەنی پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە، کە بڕیاربوو لە ماوەی ئەو دوو خولەدا بەپێی یاسای بەرکار لە کوردستان، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بەپێی ئەو دەسەڵاتەی هەیەتی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکات".

گوتەبێژی پارتی گوتی "لێرە و لەوێ باس لەوە دەکرێت هەڵبژاردن دوابخرێت. ئێمە تەسەور دەکەین هەموو رێکارە تەکنیکییەکان ئامادەکراون، لە رووی سیاسییەوە گرفتێکی ئەوتۆ نییە، لە رووی کۆمەڵایەتیەوە دیسان هیچ کێشەیەک بەو شێوەیە نییە، دەتوانین بڵێین هیچ پاساوێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و تەکنیکی نییە بۆ دواخستنی، بۆیە پێمانباشە لە سات و کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت، لەسەر ئەو بابەتە بەیاننامەیەکیشمان ئامادەکردووە، بە باشی دەزانین ئەم پرۆسەیە ئەنجامبدرێت".

لەبارەی چوونی شاندیش لە کوردستانەوە بۆ بەغدا، بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، گوتەبێژی پارتی گوتی "شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی سەردانی بەغدا دەکات. شاندەکەی پارتی و یەکێتی بە پرۆژەوە دەچێتە بەغدا"، هەروەها رایگەیاند "لەگەڵ هیچ لایەنێک بۆ پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن رێکنەکەوتووین، بەڵام گفتوگۆمان لەگەڵ هەموو لایەنەکان کردووە".


 

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە