قوباد تاڵەبانی: باشترین رێگە بۆ نوێبوونەوەی یەکێتی بەستنی کۆنگرەیە

31-05-2019
راوچی حەسەن @Rawchihasan
قوباد تاڵەبانی: پێویستە یەکێتی خۆی لەگەڵ تەحەداکاندا بگونجێنێت
قوباد تاڵەبانی: پێویستە یەکێتی خۆی لەگەڵ تەحەداکاندا بگونجێنێت
نیشانەکردن قوباد تاڵەبانی
A+ A-

رووداو - هەولێر 

قوباد تاڵەبانی بۆ یادی دامەزراندنی 44 ساڵەی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، یەکێتی خەبات بۆ ئایندەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات و پێویستە خۆی لەگەڵ تەحەداکاندا بگونجێنێت. باشترین رێگەش بۆ نوێبوونەوەی یەکێتی بەستنی کۆنگرەیە.

قوباد تاڵەبانی ئەمڕۆ هەینی 31-5-2019 پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە کادیر و لایەنگرانی یەکێتی کرد و رایگەیاند: "شاراوە نییە کە یەکێتی حیزبێکە پڕە لە سەروەریی و چیرۆکی نەبەردی و قارەمانی، بەڵام یەکێتی حیزبێک نییە تەنیا لە رابردوودا بژی، بەڵکو یەکێتی حیزبێکە ئەمڕۆ خەبات دەکات لە پێناو ئایندەیەکی گەشتر بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان".

قوباد تاڵەبانی لە بەشێکی پەیامەکەیدا دەڵێت: "لەدوا بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، یەکێتی بەشێوازێکی نوێ هاتەوە نێو جەماوەری کوردستان و بەڵێنی ئارامی دا، بەڵێنی زیادکردنی هەلی کاری دا، بەڵێنی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی دا، بەڵێنیدا کە ئەو متمانەیەی لەکاتی بانگەشەکەیدا دەنگدەری یەکێتی دای بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەو بەڵێنە و متمانەیە بەفیڕۆنەدات. بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی خۆی و بۆ بەفیڕۆنەدانی ئەو متمانەیەی کە بەخەڵکیدا، دەبێت یەکێتی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئەو تەحەددایانەی کە ئەمڕۆ رووبەڕووی کوردستان و یەکێتی و عێراق بوونەتەوە، بۆئەوەی بە باشترین شێوە بتوانین رووبەڕووی ئەو تەحەدیانە ببینەوە یەکێتی دەبێت خۆی بگونجێنێت و خۆی نوێبکاتەوە، باشترین رێگەش بۆ خۆنوێکردنەوە بەستنی کۆنگرەیە".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا لەبارەی بەستنی کۆنگرە، قوباد تاڵەبانی دەڵێت: "  لە زاخۆوە تاوەکو گەرمیان داوای کادیران و ئەندامانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانمان پێدەگات کە دوای کۆنگرە دەکەن، منیش دەنگی خۆم دەخەمەپاڵ دەنگی ئەوان و داوای کۆنگرە دەکەم. کۆنگرە بۆ نوێبوونەوە، کۆنگرە بۆ بەهێزکردنەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆنگرە بۆ پێداچوونەوە بە ئۆرگانەکانی یەکێتی، کۆنگرە بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی یەکێتی، کۆنگرە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ئەو مەبدەئانەی یەکێتی لەپێناویدا دروستبوون، کۆنگرەیەک بۆ داڕشتنی سیاسەتێکی ژیرانە کە بتوانێت ئەمڕۆ کوردستان ببات بەرەو کەناری ئارامی".

بەگوتەی قوباد تاڵەبانی، ئەم کۆنگرەیە داوای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت جەماوەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و دەشڵێت: "دەبێت ئەم کۆنگرەیە ببەسترێت، لەبەرئەوە لەم ساڵیادە دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ ئەو دەنگانە و داوای بەستنی کۆنگرە دەکەم و داوا دەکەم چیدی بیانوو نەدۆزینەوە بۆ دواکەوتن لەم پرسە، چونکە یەکێتی و کوردستان و عێراقیش پێویستی پێیەتی".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە