توێژینەوە: عەرەبانەی منداڵان رووبەڕووی هەوای پیس و ژەهراوییان دەکات

15-08-2018
سەروەر سالار
نیشانەکردن ژینگە، هەوای پیس
A+ A-


رووداو-سلێمانی

توێژینەوەیەکی نوێ هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی عەرەبانەی گواستنەوەی منداڵان لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، چونکە رووبەڕوویان دەکات لەگەڵ هەوایەک کە بە راددەی 60% پیسترە لەوەی کەسانی پێگەیشتوو هەڵیدەمژن.


توێژەرەکان گوتوویانە منداڵەکان کە لەنێو عەرەبانەدان، لە ئاستێکی نزیکتر لە زەوییەوەن بەراورد بە گەورەکان، بەوەش نزیکترن لە ئاستی دووکەڵکێشی ئۆتۆمۆبێلەکان.

توێژەرانی "نێوەندی جیهانی بۆ توێژینەوە لە هەوای خاوێن" لە زانکۆی (سورەی) لە بەریتانیا هەروەها دەڵێن بەهۆی بچووکی جەستەی منداڵان، بەرکەوتنی هەوای پیس کاریگەرییەکی گەورەتریان لەسەر درووستدەکات و زیاتر دەیانخاتە مەترسییەوە.

روونیشیان کردووەتەوە کە هەوای پیسی سەر شۆستەی کەنار شەقامەکان بە ماددەگەلی ئەوتۆ ژەهراوییە، کە کار لە گەشەی مێشکی منداڵانی ساوا دەکات.

روێژەرەکان رێنماییان داوەتە دایکان و باوکان کە کەمتر بە عەرەبانەی منداڵەکانیانەوە رووبکەنە شەقامە جەنجاڵەکان، هەوڵیش بدەن لەو شوێنانەدا عەرەبانەکە بە پارچەیەک دابپۆشن تاوەکوو هەوای پیسبوو کەمتر بگاتە منداڵەکە.

لە توێژینەوەکەدا هاتووە کە پیسترین هەوا لە شەقامە جەنجاڵەکاندا لە بەرزایی کەمتر لە یەک  مەتردایە لە رووی زەوی، زۆربەی عەرەبانەکانیش وادەکەن منداڵان هەوای سەر بەرزایی 50-85 سانتیمەتری رووکاری زەوی وەربگرن، کە تێیدا دەنکۆڵە پیسکەرەکانی هەوا چڕترینن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە