پێکوتەیەک رێگری لە تووشبوون بە شەکرە دەکات

23-06-2018
هونەر رێبوار
نیشانەکردن ڤاکسین، شەکرە
A+ A-
رووداو- هەولێر 

پزیشكانی زانکۆی ماساچیوتس لە ئەمریکا رایدەگەیێنن ڤاکسینێک دەتوانێت رێگە لە تووشبوون بە شەکرەی جۆری یەکەمی بگرێت و سەرکەوتووبێت لە کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێن لە تووشبووانی نەخۆشییەکە. 


توێژەرانی پزیشكی زانکۆی ماساچیوتس لە ئەمریکا توێژینەوەیەکیان لەبارەی کاریگەری ڤاکسینی BCG ئەنجامداوە، ئەوان دەڵێن ڤاکسینەکە کە چەندین ساڵە بەکاردێت، دەتوانێت رێگە لە سەرهەڵدانی شەکرەی جۆری یەکەم بگرێت و کۆنتڕۆڵی نەخۆشییەکە بکات.

دەیان ساڵە ڤاکسینی BCG وەکو کوتانی دژی سیل بەکاردەهێندرێت، لەنێو خشتەی کوتانی زۆربەی وڵاتان هەیە و لە هەفتەکانی سەرەتای لەدایکبوونی کۆرپە بەکاردەهێندرێت. بەڵام لەم توێژینەوە نوێیەی پزیشكانی ئەمریکا دەرکەوتووە ڤاکسینەکە دەتواندرێت بۆ نەخۆشییەکانی سیستمی بەرگری جەستە بەکاربهێندرێت. 

د. دێنیس فاوستمان، بەڕێوەبەری سەنتەری تاقیگەیی لە زانکۆی ماساچیوتس لە ئەمریکا دەڵێت پێکوتەی BCG سوودی هەیە دژی چەندین نەخۆشیی وەک شەکرەی جۆری یەکەم کە تێیدا سیستمی بەرگری جەستە دژی خانەکانی جەستەی خۆی دەجەنگێت و مەترسی چەندین نەخۆشییە زیاددەکات. 

پسپۆڕە ئەمریکییەکە کە سەرپەرشتی توێژینەوەکەی کردووە دەڵێت لەو کەسانەی کە پێکوتەکەیان بەکارهێناوە، رێژەی شەکریان دوای سێ ساڵ نزیکەی 10% کەمترە، هەروەها لە دوای چوار ساڵ 18% کەمترە، روونیشیدەکاتەوە پێکوتەکە بۆماوەی نزیکەی 8 ساڵ کاریگەرییەکەی لە کۆنتڕۆڵکردنی شەکرەدا دەمێنێتەوە. 

نەخۆشیی شەکرە دوو جۆری سەرەکی هەن، جۆری یەکەمیان لە ئەنجامی لەدەستدانی توانای پەنکریاس بۆ دروستکردنی ئەنسۆلین دروستدەبێت، جۆری دووەمیشیان لە ئەنجامی ئەوەی جەستە ناتوانێت ئەنسۆلین بۆ دابەزاندنی رێژەی شەکری خوێن بەکاربهێنێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە