هەموو شتێک دەربارەی نەخۆشی سیل

24-03-2016
هونەر رێبوار
نیشانەکردن نەخۆشی سیل
A+ A-

رووداو - هەولێر
 
ئەمڕۆ 24\ 3\ 2016 رۆژی جیهانی نەخۆشی سیل-ە

سیل چییە

نەخۆشی سیل، دەردەباریکەشی پێدەگوترێت، بەهۆی بەکتریای مایکۆبەکتریەم توبێرکولۆسیس " Mycobacterium tuberculosis" تووشی مرۆڤ دەبێت.
سیل زۆربەی کات تووشی سییەکان دەبێت، بەڵام دەتوانێت تووشی هەموو بەشەکانی دیکەی جەستە وەک گورچیلەکان، بڕبڕەی پشت، مێشک ببێت و ئەگەر چارەسەر نەکرێت زۆربەی جار کوشندەیە.



چۆن دەگوازرێتەوە

نەخۆشی سیل لەرێگەی دڵۆپەکانی هەواوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە، کاتێک کەسێکی تووشبوو بە سیل دەپژمێت، دەکۆکێت، قسەدەکات و گۆرانی دەڵێت، کەسانی دەوربەری لەرێگەی دڵۆپە هەواکانەوە کە لە دەمی دەردەچن تووشی نەخۆشییەکە دەبن.

چۆن نەگوازرێتەوە

1-    لەرێگەی نانخواردن پێکەوە ناگوازرێتەوە
2-    بە تەوقەکردن ناگوازرێتەوە
3-    بە دەستلێدانی جلوبەرگ و نوێنەکان ناگوازرێتەوە
4-    بە ماچکردن ناگوازتێتەوە



نەخۆشی سیل دووجۆری هەیە

سیلی شاراوە:

هەموو ئەوانەی بەکتریاکەیان هەیە تووشی نەخۆشیی سیل نابن، رەنگە تووشی سیلی شاراوە ببن، ئەمەش چونکە کاتێک کەسێک تووشی بەکتریاکە دەبێت، سیستمی بەرگری جەستەی شەڕ لەگەڵی دەکات و رێگری لە گەشەکردنی دەکات، لەم حاڵەتەشدا تووشبوو هیچ نیشانەیەکی نابێت و لەمبارەدا نەخۆشییەکە بۆ کەسێکی دیکە ناگوازێتەوە.

نەخۆشی سیلی ئاشکرا:

ئەگەر کەسێک تووشی بەکتریای تووشکەری سیل بوو، سیستمی بەرگریشی توانای بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکەی نەبوو، ئیدی بەکتریاکە لەنێو جەستەیدا گەشەدەکات و تووشی نەخۆشییەکەی دەکات، بەمەش نیشانەکانی لێدەردەکەون و لەمحاڵەتەدا نەخۆش توانای گواستنەوەی بەکتریاکەی بۆ کەسانەی دیکە دەبێت.

کێن ئەوانی مەترسی تووشبوونیان هەیە

تووشبووانی ڤایرۆسی “HIV” ئایدز، شەکرە، شێرپەنجە و ئەوانەی دەرمانە نایاساییەکان بەکاردەهێنن، لەوانەن کە سیستمی بەرگریان لاوازە و مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشیی سیل زیاترە.



نیشانەکانی سیل

کۆکەیەکی وشک بۆماوەی 3 هەفتە یان زیاتر، سنگئێشە، کۆکەیەک کە خوێنی لەگەڵ بێت، بێهێزی، دابەزینی کێش، نەمانی ئارەزووی خواردن، لەرزوتا و ئارەقکردنەوە لە نیشانەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی سیلن.




دەستنیشانکردنی نەخۆشی سیل

سیل لەرێگەی پشکنینێکی تایبەتی پێست، پشکنینی خوێن یان بە هەردووکیان دەستنیشاندەکرێت.



چارەسەری نەخۆشیی سیل

سیلی شاراوە چارەسەردەکرێت تەنیا بۆ رێگریکردن لە گواستنەوەی نەخۆشییەکە بۆ کەسانی دیکە، یان بۆ ئەوەی کەسەکە نەخۆشییەکەی لێدەرنەکەوێت.

بەڵام ئەو کەسانەی نەخۆشییەکەیان لێدەردەکەوێت و نیشانەکانیان هەیە، کۆرسێکی دەرمانی 6 یان 9 مانگی وەردەگرن و پێویستە کۆرسەکە
تەواوبکەن و لەکاتی خۆیدا دەرمانەکان بەگوێرەی گوتەی پزیشك بخۆن

ئەگەر کەسێک کۆرسی دەرمانەکە تەواونەکات، یان بە تەواوی دەرمانەکان نەخوات بەکتریاکە دووبارە سەرهەڵدەداتەوە و رەنگە بەرگری دژی دەرمانەکان دروستبکات.

پێشگیریکردن لە نەخۆشی سیل
پێکوتەی  BCG،‌ له‌ ساڵی 1921 ه‌وه‌ به‌رهه‌مهێنراوه‌ و بۆ رێگریکردن لە نەخۆشی سیل له‌ سەرانسەری جیهان بەکاردەهێنرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە