هۆکارێکی دیکەی قژڕووتانەوە دەدۆزرێتەوە

28-05-2017
سەروەر سالار
نیشانەکردن قژ، موو، پێست
A+ A-


رووداو-سلێمانی

توێژەرانی ئەمریکایی بە رێکەوت هۆکارێکی دیکەی قژڕووتانەوە دەدۆزنەوە، کە لەوانەیە رێگەخۆشبکات بۆ دەستپێکردنی شێوازێکی نوێی روواندنەوەی موو.


توێژەرەکان سەرقاڵی ئەوە بون بگەنە ئەو بەرەنجامەی خانە دژە هەوکردنەکانی کۆئەندامی بەرگری (کە بە لیمفەخانە رێکخەرەکان T-regs ناسراون) چ رۆڵێکیان هەیە لە تەندروستی پێستدا.

ئەوان کۆمەڵێک مشکی تاشراویان هێنا و ئەو جۆرە خانانەیان لە چیکڵدانەی مووەکانیان لابردن، ئەوەی تێبینییان کرد ئەوە بوو چیدیکە مووەکان ناتوانن سەر دەربهێننەوە.

پێشووتر وەها زاندرابو کە تەنیا قەدەخانەی نێو چیکڵدانەی مووەکان بەرپرسن لە رووانەوەی موو لەدوای هەڵوەرینی، بەڵام توێژەرەکان بۆیان دەرکەوت کارەکە بە هەماهەنگیی قەدەخانەکان و لیمفەخانە رێکخەرەکان روودەدات و لە نەبوونی ئەو خانانەی کۆئەندامی بەرگریدا، پرۆسەی رووانەوەی مووەکان روونادات، هەرچەندە قەدەخانەی تەندروستیش هەبن.

قەدەخانە، جۆرێكن لە خانە لە جەستەدا كە هێشتا نەگۆڕاون بۆ شێوازی تایبەتمەند، بەڵام توانایان هەیە بگۆڕدرێن بۆ چەندین خانەی تایبەتمەند.

پرۆفیسۆر مایکڵ رۆزنبلۆم، پسپۆڕی بەرگریزانی و نەخۆشییەکانی پێست لە زانکۆی کالیفۆرنیا، دەڵێ "چیکڵدانە مووەکانی ئێمە بەردەوام لە نوێبوونەوەدان، کاتێک یەکێک دەکەوێت، دانەیەکی نوێ لە جێگەی سەرهەڵدەداتەوە".

پرۆفیسۆرەکە هەروەها دەڵێ "وامانزانیبوو ئەو پرۆسەیە تەنیا پشت بە قەدەخانەکان دەبەستێ، کەچی بۆمان دەرکەوت لیمفەخانە رێکخەرەکانیش رۆڵی بنچینەییان هەیە لەو پرۆسەیەدا. بەجۆرێک، ئەگەر ئەو لیمفەخانە رێکخەرانەی هاوسێی قەدەخانەکان لاببەی، ئەوە مووەکە ناڕوێتەوە"

توێژەرەکان بۆیان دەرکەوتووە قەدەخانەکان تەنیا کاتێک دەست بە روواندنەوەی مووەکان دەکەن، کە لیمفەخانە رێکخەرەکان ئاماژەیان بۆ بکەن و ئاگاداریان بکەنەوە.

نێوەندە زانستییەکان پێشبینیدەکەن لە داهاتوو رێکخستنەوەی کاری لیمفەخانە رێکخەرەکان ببێتە رێگەچارەیەکی نوێی قژرووتانەوە، بەڵام جارێ توێژینەوەی زۆرتر پێویستن تاکو لێکبدرێتەوە بە چ رێگایەک دەتواندرێ لیمفەخانە رێکخەرەکان بۆ چارەسەری قژرووتانەوە بەگەڕبخرێن.

توێژینەوەکە لە جۆرناڵی زانستی Cell بڵاوبووەتەوە و پۆرتاڵی ئیندیپێندنتی بەریتانی ئاماژەیپێکردووە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە