سوپای تورکیا کوژرانی 7 سەربازی دیکەی لە ئۆپەراسیۆنی عەفرین راگەیاند

03-02-2018
گۆڤەند مستەفا
شەوکەت هەرکی، نێردراوی رووداو لە سنووری عەفرین دوایین زانیاری لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکان دەخاتەڕوو
شەوکەت هەرکی، نێردراوی رووداو لە سنووری عەفرین دوایین زانیاری لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکان دەخاتەڕوو
نیشانەکردن عەفرین
A+ A-

رووداو - سنووری عەفرین

سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (چڵە زەیتوون) بۆ سەر عەفرین، کوژرانی 5 سەربازی وڵاتەکەی لە پێکدادانەکانی ئەمڕۆدا راگەیاند. هەر ئەمڕۆ کوژرانی دوو سەربازی دیکەش راگەیێندرابوو.

شەوکەت هەرکی، نێردراوی رووداو لە سنووری عەفرین رایگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 3-2-2018،  لە لێدوانێکدا خڵوسی ئاکار، سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا کوژرانی 5 سەربازی وڵاتەکەی لە شەڕی عەفرین راگەیاند. سەربازەکان لەنێو تانکێکدا گیانیان لەدەستداوە و تانکەکە لەلایەن شەڕڤانانی یەپەگە لە گوندی شێخۆرۆز تەقێندراوەتەوە".

نێردراوی رووداو لە سنووری عەفرین ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتریش کوژرانی دوو سەربازی دیکەی سوپای تورکیا راگەیێندرابوو، یەکیان لە سنووری کیلیسی باکووری کوردستان بوو، یەکێکی دیکەشیان بەهۆی بۆردوومانکردنی بارەگایەکی تورکیا بوو لە دیوی عەفرین. بەگشتی لە هێرشەکانی ئەمڕۆدا بەگوتەی فەرمانداری گشتیی سوپای تورکیا 7 سەربازیان کوژراون.

لەمبارەیەوە ئێوارەی ئەمڕۆ نێردراوی رووداو لە سنووری عەفرین گوتی: دوایین زانیاری لەبارەی ئۆپەراسیۆنی عەفرین، ئەنجامدانی دوو هێرش بوو بە رۆکێت بۆ سەر دوو بارەگای سوپای تورکیا لە نزیک گوندی شلتاح-ی سنووری و گوندی گویلبابا.

بەگوتەی نێردراوی رووداو، هێرشەکەی گوندی شلتاح لەلایەن شەڕڤانانی یەپەگەوە ئەنجامدراوە. بەپێی سەرچاوە فەرمییەکانیش لەو هێرشەدا دوو سەربازی سوپای تورکیا کوژراون. سەبارەت بە هێرشەکەی گوندی گویلباباش تاوەکو ئێستا زیانەکانی ئاشکرانەکراون.

بەپێی ئامارەکانی سوپای تورکیا، تاوەکو ئێستا 33 کوژراویان هەیە، 26 سەرباز و 7 کەسی مەدەنی. هەر بەپێی ئەو ئامارەی سوپای تورکیا بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا 897 شەڕڤان ناچالاککراون (واتە گیانیان لەدەستداوە، یان برینداربوون یان بەدیلگیراون) بەڵام هەسەدە رەتیدەکاتەوە.

بەپێی ئاماری هەسەدە لە 26-1-2018 تاوەکو 1 ی ئەم مانگە، 473 سەربازی توركیا و سووریای ئازاد کوژراون. 34  شەڕڤانیش گیانیان لەدەستداوە. لەبارەی قوربانییانی مەدەنیش دەستەی تەندروستیی عەفرین دەڵێت، لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەوە 150 کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و 298 کەسیش برینداربوونە. 

ساتی تەقاندنەوەی تانکەکەی سوپای تورکیا لەلایەن شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان- یەپەژەوە 

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە