تورکیا و رووسیا و ئێران: یەکپارچەیی خاکی سووریا دەپارێزین

04-04-2018
هۆشەنگ دارا
پووتین ، ئەردۆغان و رووحانی لە کۆبوونەوەی ئەنقەرە
پووتین ، ئەردۆغان و رووحانی لە کۆبوونەوەی ئەنقەرە
نیشانەکردن تورکیا رووسیا ئێران سووریا
A+ A-

رووداو-ئەنقەرە

لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، کۆبوونەوەی لووتکەی تورکیا، رووسیا و ئێران بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەکانی ئەردۆغان، پووتین و رووحانی تایبەت بوون بە دۆزینەوەی رێگە چارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووریا، بە رێگایەکی ئاشتییانە. ئەوان جەختیانکردەوە لەوەی یەکپارچەیی خاکی سووریا دەپارێزن،


سێ دەوڵەتەکە دەیانەوێت، بەبێ بەشداریپێکردنی ئەمریکا و ئەوروپا کۆتایی بە شەڕی ناوخۆیی سووریا بهێنن و داهاتووی ئەو وڵاتە رەنگڕێژ بکەن تاوەکو سووریا ببێتە ئەو شوێنەی کە بەرژەوەندییەکانی تورکیا، رووسیا و ئێرانی تێدا پارێزراو بێت. 

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هەرسێ سەرۆکەکەدا، سەرۆکی تورکیا رایگەیاند ئەو ناوچانەی سووریا کە کۆنترۆڵیان کردوون رادەستی سوورییەکانی دەکەنەوە. 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا گوتی: "لە هەردوو ئۆپەراسیۆنەکەدا نزیکەی 4 هەزار کیلۆمەتر دووجامان پاککردووەتەوە و کردوومانە بە ناوچەیەکی ئارام. ئێمە تەنیا بەمەوە ناوەستین، ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵمانکردووە لەڕووی ژێرخان و سەرخانەوە نۆژەنیان دەکەینەوە و رادەستی خاوەنە راستەقینەکانیان دەکەینەوە کە برا سوورییەکانمانن".

سەرانی هەر سێ وڵاتەکە لەسەر هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی سووریا و کۆتاییهێنان بە تووندوتیژییەکان و هاوکات پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا کۆک بوون. 

حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند: "من جارێکی دیکە جەختدەکەمەوە کە یەکپارچەیی خاکی کۆماری سووریا، سەروەریی کۆماری سووریای عەرەبی، هەروەها یەکێتیی وڵات و سەربەخۆیی، وەک ئامانجی سەرەکی، پێویستە لەلایەن هەمووانەوە رێزی لێ بگیرێت. ئەمە ئەو شتەیە کە خەڵکی سووریا دەیانەوێت."

رووسیا هاوئاهەنگیی نێوان هەر سێ وڵاتەکەی بەرز نرخاند و بە هەنگاوی کۆنکرێتیی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریای وەسفکرد. 

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند: "رووسیا، ئێران و تورکیا لە نزیکەوە هاوئاهەنگیی دەکەن بۆ چارەسەری کێشە مرۆییەکان لە سووریا. هەنگاوێکی کۆنکرێتیی سێ وڵاتەکە لە 15ـی ئادار لە ئاستانەوە دەستیپێکرد کە بۆ کارکردنی تیمی کاری هاوبەش بوو لە سەر بەردانی بارمتەکان، گوێزانەوەی تەرمی قوربانییەکان و گەڕان بە دوای بێسەروشوێنبوواندا."

ئەمە دووەمین لووتکەی لەو جۆرەی ئەو وڵاتانەیە بۆ چارەسەری سووریا، پێشتر لە مانگی نۆڤەمبەری رابردوودا، لووتکەیەکی هاوشێوە لە شاری سۆچیی رووسیا بەڕێوەچوو. 

لە ماوەی 7 ساڵی شەڕی ناوخۆی سووریادا، تورکیا، رووسیا و ئێران تێڕوانینی جیاوازیان لەسەر سووریا هەبووە؛ ئێران و رووسیا بە بەهێزییەوە پاڵپشتییان لە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد کردووە، بەڵام تورکیا پاڵپشتیی لەو چەکدارانەی ئۆپۆزیسیۆن کردووە کە ئامانجیان بووە ئەسەد بڕووخێنن؛ لەگەڵ هەموو ئەم جیاوازییانەشدا، ئەم سێ دەوڵەتە هەمیشەش جیا لە جیاوازییەکان، بەرژەوەندیی هاوبەشیان لە سووریادا هەبووە کە کاریان لەسەر کردووە، وەک پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و رێگرتن لە دابەشبوونی. 

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە