رائید فەهمی: مەترسی ئەوە هەیە خۆپیشاندانەکانی عێراق رەهەندی سیاسی وەربگرێت

14-07-2018
گۆڤەند مستەفا
"ئەو خۆپیشاندانانە لە ئەنجامی نەبوونی هیوایە"
"ئەو خۆپیشاندانانە لە ئەنجامی نەبوونی هیوایە"
نیشانەکردن حیزبی شیوعی خۆپیشاندان عێراق
A+ A-

رووداو - هەولێر

سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی عێراق دەڵێ خەڵکی باشوور و ناوەڕاستی عێراق هیوایەکیان نەماوە و بێئومێدبوونە لەوەی رەوشیان باشبکرێت. مەترسی ئەوە هەیە ئەو خۆپیشاندانانە رەهەندی سیاسی وەربگرێت، بۆیە داوا لە حکومەت و خۆپیشاندەران دەکات پەنا نەبەنە بەر تووندوتیژیی.


رائید فەهمی، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی عێراق، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 8:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردنی حکومەتی عێراق لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، رایگەیاند: "ئەو خۆپیشاندانانە لە ئەنجامی نەبوونی هیوایە، خەڵکی ئومێدێکیان نەماوە بۆ ئەوەی رەوشەکە باشتر ببێت، ئەگەرچی بەڵێنیانداوە، بەڵام هیچیان جێبەجێ نەکردووە، لایەنی جێبەجێکار لەو پارێزگایانە هەموویان رایانکردووەو هەڵاتوون".

رائید فەهمی، دەڵێ: "حکومەت رێگایەکی لەبەردەمە بۆ ئەوەی بە جددی کاربکات بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵک لەو پارێزگایانەی خۆپیشاندانی تێدا بەڕێوەدەچێت، ئەمەش خاڵێکی گرنگە بەتایبەتی لە گەیاندندنی کارەبا و ئاو".

سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی عێراق، دەشڵێ: "مەترسی ئەوە هەیە ئەو خۆپیشاندانانە رەهەندی سیاسی وەربگرێت، ئەو رێکارانەی لەوبارەوە گیراونەتەبەر رێکاری تەندروست نین وەکو خستنە حاڵەتی ئامادەباشی هێزە ئەمنییەکانەوە".

حیزبی شیوعی عێراق لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کە لە 12-5-2018 بەڕێوەچوو، بەشێک بوو لە هاوپەیمانی سائیروون، سەبارەت بە هەڵوێستی لیستەکە رائید فەهمی، گوتی: "ئێمە پشتگیری لە داوا رەواکانی گەل و خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکەین، داوا لە حکومەت دەکەین سەلامەتی خۆپیشاندەران بپارێزن بەبێ ئەوەی تووندوتیژی بەکار بهێنن، داوا لە خۆپیشاندەرانیش دەکەین بەهیچ شێوەیەک پەنا نەبەنە بەر توندوتیژی، چونکە توندوتیژییەکان هێزی خۆپیشاندانەکان لاواز دەکات".

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە