خەندەقێك لە رۆژئاوای روومادی لێدەدرێت

20-02-2017
سەمیع زوبێر
نیشانەکردن روومادی
A+ A-

رووداو ـ هەولێر

بە ئامانجی رێگریكردن لە دزەكردنی چەكدارانی داعش بۆ نێو شاری روومادی، هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە رۆژئاوای شارەكە دەستیان بە لێدانی خەندەق كردووە.

لیوا روكن مەحموود فەلاحی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنبار رایگەیاند "بە ئامانجی رێگریكردن لە دزەكردنی چەكدارە خۆكوژەكانی داعش و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو لە رێگەی بیابانی ئەنبار بۆ نێو روومادی، هێزە ئەمنییەكان دەستیان بە لێدانی خەندەقێك كردووە".

خەندەقەكە بە درێژایی 45 كیلۆمەتر، دوو مەتر پانی و بە قووڵایی مەتر و نیوێك، لە تەنیشت رێگەی ستراتیژی ناوچەی 18 كیلۆ لە رۆژئاوای روومادی، تاوەكو دەگاتە مەیدانی عەنكور لە باشووری شارەكە لێدەدرێت.

فەلاحی لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا راشیگەیاند "دوای تەواوبوونی خەندەقەكە، لەڕێگەی دانانی تاوەری چاودێری، 2 فەوجی سەربازی سەر بە فیرقەی 8 ی سوپای عێراق و فەوجێكی حەشدی عەشایەری جێگیر دەكەین".

بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكانی پارێزگای ئەنبار، چەكدارانی داعش بیابانی پارێزگای ئەنبار وەكو پێگەیەك بۆ هێرشكردنە سەر شاری روومادی و عامریەی سموود لە باشووری قەزای فەللـوجە بەكاردێنن.

 پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە