دوو هێرشی داعش لە رۆژئاوا و باشووری موسڵ تێكشكێندران

20-12-2016
سەمیع زوبێر
نیشانەکردن شەڕی_موسڵ
A+ A-

رووداو ـ هەولێر

هێزەكانی حەشدی شەعبی لە رۆژئاوای شاری موسڵ هێرشێكی چەكدارانی داعشیان تێكشكاند و زیانێكی گیانی و ماددی زۆریان پێگەیاندن، لە قۆڵی باشووریش هێزە ئەمنییەكان هێرشێكی دیکەی داعشیان تێكشكاند.

رۆژی سێشەممە 20/12/2016، سەرچاوەیەك لە نووسینگەی راگەیاندنی رێكخراوی بەدر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "هێزەكانی حەشدی شەعبی لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی شارۆچكەی تەلەعفەر هێرشێكی چەكدارانی داعشیان تێكشكاند، لە ئەنجامدا زیاتر لە 10 چەكداری داعش كوژران، سەرەڕای تێكشكاندنی 3 ئۆتۆمبێلی سەربازییان".

شارۆچكەی تەلەعفەر لە هەموو لایەكەوە گەمارۆدراوە، سەرچاوەكه گوتی "بەهۆی رووخانی ورەو لاوازی بەرگریكردنیان، چەكدارانی داعش دەستیان بە لێدانی خەندەق و دانانی پەیكەری لەدار دروستكراو كردووە، بەئامانجی بەهەڵەدابردن و شێواندنی هێزەكانی حەشدی شەعبی و خۆپاراستن لە تۆپباران و بۆردوومانەكان".

چەكدارانی داعش لە هەموو شتێك زیاتر بیر لە راكردن و خۆدەربازكردن دەكەنەوە، سەرچاوەكەی رووداو گوتی "بەهۆی گەمارۆدانی شارۆچكەكە لە هەموو لایەكەوە، چەكدارانی داعش رەوشیان زۆر خراپەو بەردەوام لە بێتەلەكانیانەوە داوا لە سەركردەكانیان دەكەن هەوڵ بدەن گەمارۆیان لەسەر بشكێنن و رێگەی دەرچوونیان بۆ بكەنەوە".

هاوكات هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە گوندی عزبە لە باشووری شاری موسڵ هێرشێكی چەكدارانی داعشیان تێكشكاند، پۆلیسی ئیتحاد رایگەیاند، بەئامانجی هەڵكوتانە سەر ناوچەكە بە چڕی، چەكدارانی داعشیان لە سەربازگەی غەزلانی تۆپباران كردووە".

زیاتر لە دوو مانگە شەڕی موسڵ دەستی پێكردووە، تاوەكو ئێستاش جگە لە كۆنترۆڵكردنەوەی زۆربەی ناوچەكانی دەوروپشتی ئەو شارە، نزیكەی 40 گەڕەكی بەری موسڵ كۆنترۆڵكراونەتەوە، لیوا فازڵ بەرواری، فەرماندەی گشتیی فیرقەی زێڕین لە عێراق كە دیارترین هێزە لە ئۆپەراسیۆنەكەدا، پێشبینی دەكات تاوەكو دوو مانگی دیكە تەواوی شاری موسڵ كۆنترۆڵ بكەنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە