رووداو - منبج
گوندی چات لەسەر نەخشە بە "رەفیعە" ناسراوە. گوندێکی بچووکە بەڵام بووەتە جێگەی ململانێیەکی گەورە. جگە لە دوو هێز و دەیان گرووپی ناوخۆیی سووریا، گوندی چات بووەتە پێگەی دوو وڵاتی زلهێزێی ناوچەکەش. بەشێکی گوندەکە لەژێر کۆنترۆڵی تورکیا و چەکدارانی قەڵغانی فوراتدایە، بەشەکەی دیکەش هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبجی و هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیربووە.
قۆناخی یەکەمی نەخشەڕێگەی نێوان ئەمریکا و تورکیا لەو گوندە جێبەجێکرا، کە بڵاوکردنەوی هێزی تورکیا و ئەمریکایە بەهاوبەشی. سەربازانی تورکیا بەئاشکرا دەبینرێن و شەڕڤانانی ئەنجوومەنی سەربازیش چاودێری جموجوڵەکانیان دەکەن.
لە هەر دوو دیوی گوندەکەش خەڵکی تەماشای ئەم هێزانە دەکەن و نازانن چی روودەدات. دوو ئۆتۆمبێلی چەکدارانی قەڵغانی فورات رێگای هەمەرەکانی تورکیا دەپارێزن. هەمەرە سەربازییەکانی تورکیا گوندی چات جێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە نێو سەربازگەکانیان.
بۆ پاراستنی گیانی گوندنشینان هەوڵدەدرێت شەڕ و ئاڵۆزی دروست نەبێت بەڵام وەک فەرماندەکانی ئەنجوومەنی سەربازی منبج، دەڵێن ئەگەر تورکیا رووباری فورات تێپەڕێنێت ئەوە دەستەوەستان ناوەستن.
خەلیل مستەفا، فەرماندەی میحوەری ساجوور دەڵێت "دوای رێککەوتنی ئەمریکا و تورکیا سوپای تورکیا لەم ناوچانە هەن و جووڵە دەکەن، بەڵام ئەگەر چەمی ساجوو ببڕن وەڵامیان دەدەینەوە".
دانیشتووانی گوندەکە ئەگەرچی کەسوکاری یەکدین بەڵام بۆ سەردانیکردن پێویستیان بەمۆڵەت هەیە، هەندێک لە دانیشتووانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی قەڵغانی فوراتیش خانوو و ماڵی خۆیان جێدەهێڵن چونکە لە ئاسایشی ناوچەکە دڵنیانین.
پاش کشانەوەی شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دروستکردنی تیمی هاوبەشی گەڕۆگ لەنێوان هێزەکانی تورکیا و ئەمریکا، بڕیارە قۆناخی دووەمی نەخشەڕێگەی نێوان ئەو دوو وڵاتە بۆ منبج لە ماوەی شەش مانگدا جێبەجێبکرێت.
داڕشتنەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ