یان فێرمۆن، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی پارێزەرانی نێودەوڵەتی دیموکرات
دکتۆر یان فێرمۆن، پارێزەرە لە دۆسیەی جینۆسایدی رواندا و سکرتێری گشتی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی پارێزەرانی دیموکراتە لە بەلجیکا. لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش دژ بە کوردانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری، بووە میوانی رووداو و لەو هەڤپەیڤینەدا باسی چۆنییەتی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی رواندا دەکات و، روونی دەکاتەوە دەبێت چی بکرێت بۆ بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی.
رووداو: چۆن توانیتان ئەو تاوانانەی کە لە روواندا روویاندا بە جینۆساید بناسێنن؟
یان فریمون: بە بۆچوونی من، ئەوەی لە کەیسی رواندادا گرنگە ئەوەیە: وەک دەزانرێت جینۆسایدێکی زۆر گەورە و بەرفراوان روویدا. پرۆسەی بە بەرپرسیاردانان هەبوو، بەبێ پرۆسەی لێپێچینەوە هیچ ئەنجامێک بەدی نایەت، دادپەروەریی بەدینایەت. لە کەیسی روواندادا هەماهەنگی درووستکرا، بەتایبەتی لەنێوان دادگا نێودەوڵەتییەکان و ئەو دادگایەی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دروستکرا. دادگاکانی رواندا و دادگاکانی ئەوروپا، کە من بەتایبەت کارم لەگەڵ کردن، بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی بەرپرسبوون لە ئەنجامدانی جینۆساید و لە ئەوروپا خۆیان حەشاردابوو. دادگاکانی ئەوروپا، لێکۆڵەرانی ئەوروپا و داواکارە گشتییەکانی ئەوروپا رۆڵێکی گرنگیان بینی لە کۆکردنەوەی بەڵگە و هێنانی ئەو تۆمەتبارانەی خۆیان شاردبووەوە بۆ بەردەم دادگا.
ئەنجامدانی ئەو کارە هەمووی بەشێک بوو لە پرۆسەی داننان بە جینۆسایدەکەدا. دادگاکانی رووانداش رۆڵی گرنگیان بینی، بەتایبەتی دامەزراندنی دادگا تایبەتەکانی روواندا کە پێیان دەڵێن گاچاچا. ئەو دادگایانە وەکو دادگا و وەکو کۆمیسیۆن رۆڵیان دەبینی، کە لێکۆڵینەوەیان لە کەیسە لۆکاڵییەکان دەکرد. ئەو دادگایانە بەرپرسیاریێتی کەمتری لۆکاڵیان هەبوو، رۆڵی گرنگیان هەبوو بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ خەڵکەکە لەسەر ئاستی ناوچەیی و کاریان لەسەر پتر لە 110 هەزار کەیس کرد.
رووداو: کەواتە خەڵکەکە یارمەتیدەربوون بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و پێدانی زانیاری لەسەر چۆنیەتی روودانی ئەو تاوانانە؟
یان فریمون: بەڵێ بێگومان، پرۆسەیەکی پێکەوەبەستراو بوو. داواکارانی گشتیی دادگا نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوونی مەیدانییان کرد و لیکۆڵەرە ئەوروپییەکانیش کاری خۆیان کرد بۆئەوەی لە ئەوروپا دادگایی ئەو کەسانە بکرێت. بێگومان دادوەرانی گشتی روواندا و لێکۆڵەرانی پۆلیس لەسەر ئاستی نێوخۆیی بەدواداچوونیان کرد. لەبەرئەوەی لە کۆتاییدا هەموو ئەو زانیارییەی بەدەستهاتن پێکەوە کۆکرانەوە و جاریکی دیکە پشتڕاستکرایەوە و بەراوردی هەموو بەڵگەکانیان کرد. پێموایە پرۆسەی دۆزینەوەی تاوانباران لە روواندا بە شێوەیەکی باش کۆتاییهات. پێموایە پێویستە هەمان شت بکرێت بۆ ئەو تاوانانەی داعش ئەنجامیداون. پێویستە هەموو ئەو توانایەی لەبەردەستە، جا چ نێودەوڵەتی بێت یان نێوخۆیی، وەگەڕبخرێت بۆ بەدواداچوون و دادگاییکردن، تواناکە وەگەڕبخرێت و هاوئاهەنگی نێوان هەموو ئەو میکانیزمانە رێکبخرێت. پلانێک و دەستەیەکی ئەرک پێسپێردراو پێویستە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری.
رووداو: لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش دژ بە کوردانی ئێزدی چی کراوە؟ چ جیاوازییەک هەیە بەلای ئێوەوە لەنێوان ئەوەی لە روواندا روویدا لەگەڵ ئەوەی لە شنگال روویدا؟
یان فریمون: پێش هەموو شتێک، لەبارەی روانین لە سرووشتی تاوانەکان، هەموو تاوانێکی لەو جۆرە خاسیەتی تایبەت بە خۆی هەیە. بەڵام بەلای منەوە زۆر روونە و گومانم نییە و نابێ مشتومڕی لەسەر بکرێت کە داعش تاوانی جینۆسایدی ئەنجامداوە لەدژی ئێزدییەکان و خەڵکی دیکەش. کریستیان و شەبەک و کاکەییش جینۆسایدکراون. ئەوەش پەیوەندی بە ئایدۆلۆژیای سیاسیی جینۆسایدخوازیی داعشەوە هەیە، ئەوە خاڵێک. خاڵی دووەم ئەوەیە کە پێموایە زۆر پێویستە ئێستا بۆ ئەو تاوانانەی لە عێراق لەسەر دەستی داعش ئەنجامدراون میکانیزمی تایبەت بدۆزرێتەوە، چونکە ناکرێت میکانیزمەکانی تاوانێکی دیکە لەسەر تاوانێکی دیکە جیبەجێبکرێن. دەبێت میکانیزمی تایبەت بەم رەوشە بخرێنەکار. ئەوەش رێگە خۆشدەکات بۆ کۆکردنەوەی بەرفراوانی بەڵگە و پرۆسەیەکی کاریگەری دادگاییکردن. وەک خۆم، پێموایە دەکرێت هەندێک لە بابەتەکان لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی یەکلایی بکرێنەوە، لەبەرئەوەی نە عێراق و نە سووریا رێککەوتننامەی رۆمایان واژۆنەکردووە، هەروەها زۆر هاووڵاتی ئەو وڵاتانەی کە ئەو رێککەوتننامەیان واژۆکردووە بەشداری ئەو تاوانەن، بەڵام دەزانین کە پرۆسەی کارکردنی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی پرۆسەیەکی زۆر سەختە. دادگاکە تەنیا لە بەشێکی کەمی کەیسەکان دەڕوانێت، نەک تەواوی وردەکاریی هەموو تاوانەکان.
رووداو: بۆچی تائێستا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەنگاوێک نەنراوە، لە کاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان چەند بڕیارێکی دەرکردووە، بەڵام هەروا ماونەتەوە، بێ هەنگاونان و بێ ئەوەی ببن بە کردار بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو کەیسە؟
یان فریمون: سەرەتا، من لە پێویستی ناساندنی ئەو تاوانانە بە جینۆساید کە دژی ئێزیدییەکان ئەنجامدراون تێدەگەم، بەڵام لەلایەکی دیکەوە، هەستدەکەم لەراستیدا کێشەکە نەبوونی دانپێدانانی سیاسییە بەوەدا کە خەڵکی ئێزدی جینۆسایدکراون. گومان هەیە کە دانپێدانرانی سیاسیی هەبێت، سەرەڕای ئەوەی وەکو دەزانرێت ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی دەرکرد، کە داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات ئەو تاوانانەی داعش ئەنجامیداون رەوانەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتییان بکات. لێرەدا کێشەکەی گەورەنەبوونی دانپێدانانی سیاسی نییە بەو جینۆسایدەدا، کێشەکە ئەوەیە: هەوڵی لەوجۆرە نییە کە بەڵگەکان کۆبکرێنەوە و بەپێی پرۆسەیەک رەوانەی دادگا بکرێن. ئەوە بابەتیکی سەختە. پێموایە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەتوانێت رۆڵی هەبێت، بەڵام دادگاکانی ئەوروپاش دەتوانن رۆڵببینن. ئێمە بەرپرسیارێتییەکی دیاریکراومان لە ئەستۆیە، هەزاران هاووڵاتی ئەوروپی دەستیان لە جینۆسایدی ئێزدییەکاندا هەیە. ئەو وڵاتە ئەوروپییانەی رێگەیان بەوەدا بەرپرسیارێتیان لە ئەستۆیە. ئەوان پێویستە لێکۆڵینەوە بکەن و کەیسی جینۆساید ببەنە داگاکانیان لە ئەوروپا، کە ئەوە شتێکی زۆر ئاسانە. هەروەها پێموایە دادگا لۆکاڵییەکانیش دەبێت رۆڵیان هەبێت. ئەوە شتیکی روونە.
رووداو: دکتۆر جەنابت لێکۆڵینەوەیەکت لەبارەی ئەو تاوانانەی داعش لە دژی کوردانی ئێزدی و کریستیان و شەبەک و ئەوانەی ناوت هێنان لە دەشتی نەینەوا ئەنجامداوە، دەتوانیت پێمان بڵێیت کە بابەتەکان زیاتر لەسەر چین و چۆن زانیاریت لەوبارەیەوە دەستکەوتووە؟
یان فریمون: بێگومان زانیارییەکە لەو کەسانەوە هات کە بەشێوەی مەیدانی بینیویانە. شایەتحاڵ و ئەو کەسانەی لە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ لە جنێڤ و لێرە لە نزیکە و بینیونم، لەماوەی سەردانەکانی پێشوومدا. هەروەها ساڵی 2017 سەردانی ئەو ناوچانەشم کرد کە تاوانی جینۆسایدیان لێ ئەنجامدراوە.
رووداو: هەموو کوردانی ئێزدی بوون یان کریستیان و شەبەکیشت بینیون؟
یان فریمون: بەڵێ، ساڵی 2017 سەردانی ئەو ناوچانەم کرد، بەڵام هەنگاوی دواتر بەڕای من ئەوەیە تیمێکی ئەرکپێسپێردراو ئامادەبکرێت کە بتوانن هەموو بەڵگەکان کۆبکەنەوە، بەشێوەیەک ئامادەبکرێن کە بتوانرێت رەوانەی دادگاکان بکرێن، چ لێرە چ لە ئەوروپا و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. بەڕای من، پێویستە هەموو ئەو بەڵگانە کۆبکرێنەوە کە بەشێوەی مەیدانی بەرچاون و من ئاگادارم، چونکە لەگەڵ رێکخراوەکان دانیشتووم، چاوم بە قوربانییان کەوتووە. کەواتە بەڵگە لەبەردەستن. ئێستا پێویستە پرۆسەکە وەگەڕبخرێت، دادگاییکردن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لەسەر ئاستی ئەوروپا و لەسەر ئاستی لۆکاڵیش دەستپێبکات. پێموایە ئەو ئەرکەمان لەبەردەمە.
پرسیار: دکتۆر جەنابت پارێزەرێکی کۆمەڵەی دیموکراتانی، هەروەها سەرۆکی ئەو کۆمەڵەیەی. تۆ ئاگاداری بەرپرسانی نێودەوڵەتیت کردووەتەوە کە ئەم کچ و ژنانەی کە لەلایەن داعشەوە رفێندراون کراون بە سەبییە و بە پارە رزگارکراون و ئێستاش دووبارە لە کەمپەکاندا لەژێر چادردا لە حاڵێک پەرێشاندا دەژین و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بێئاگان لێیان؟
یان فریمون: بەڵێ بگومان، لە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ کۆنفرانس بۆ ئەو مەبەستە رێکخراون. پێموایە پرسی بە کۆیلەکردن و رفاندنی ژنان و منداڵانی ئێزدی بەشێکی سەرەکی دەبێت لە گفتوگۆکانی پەیوەست بە کۆکردنەوەی بەڵگە بۆ دادگاکان بۆئەوەی دان بە جینۆسایدەکەدا بنرێت. پێموایە ئەوە بەشێکی گرنگی بەڵگەکانە، چونکە لەنێوبردنی پیاوان و بەکۆیلەکردنی ژنان و منداڵان روویداوە.
رووداو: کەواتە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە ئەرکی خۆیان هەڵساون بۆ چارەسەرکردنی ئەمانە لە رووی فیزیکی و سایکۆلۆژییەوە؟
یان فریمون: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاری پێویستی نەکردووە، بەڵام بەشێک لە پرسەکە رێکخستنی شتەکانە بەشێوەیەک هاوئاهەنگی لەنێوان رێکخراوە نێودەوڵەتی و رێکخراوە لۆکاڵییەکاندا هەبێت، کارەکان بەشێوەیەک رێکبخرێن، پلانێکی کۆنکریتی هەبێت بۆ بەدواداچوونی کەیسەکە. ئەو بەڵگانەی لەبەردەستن بەشێوەیەک بەکاربهێنرێن کە دادگایان بۆ رێکبخرێت لەسەر ئاستی جیاواز. بەڵگەکان بەشێوەیەک بەکاربهێندرێن کە تیمەکانی بەدواداچوونی نێودەوڵەتی و لۆکاڵی دەستبکەن بە هاوئاهەنگی بۆ ئامادەکردنی دادگاییکردنەکان و دواتر بەخێرایی ئەنجاممان دەستدەکەوێت.
رووداو: ئەمە ئەرکی کێیە؟ کێ دەبێت پلانی کۆنکرێتیان بۆ دابنێت و یارمەتیان بدات لەوبارەیەوە؟
یان فریمون: ئەگەر بە ڕاشکاوی قسە بکەم، پێموایە پێش هەمووان پێویستە دەسەڵات و رێکخراوکانی ئەم بەشەی جیهان پێکەوە کاربکەن. گرنگە کە پلانێکی لەوجۆرە لە دەرەوەوە نەهێندرێت، بەڵکو پلانێک بێت پشتبەستوو بە راستییە مەیدانییەکان. بەڕای من، ئەوە خاڵی یەکەم. خاڵی دووەم؛ بێگومان پێویستە راوێژکار و پسپۆڕ و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەشدار بن بۆئەوەی ئەزموونی خۆیان بەش بکەن کە لە کەیسەکانی وەکو روواندا و باشووری ئەفریقا دەستیانکەوتووە. دەبێت ئەو ئەزموونە بهێندرێتە ئێرە بۆ سوودگەیاندن بە خەڵکی ناوچەکە، ئەوەش هەمووی لەپێناو پرۆسەی دادگاییکردنەکە. بەبۆچوونی من، ئەوە شتێکی بنەڕەتییە کە پرۆسەکە، مەبەستم ئەوەیە بڵێم خەڵکی ناوچەکە و قوربانییان ئاگاداری پرۆسەکە بن، کۆنترۆڵی پرۆسەکە بکەن. نابێت پلانەکە لەلایەن وڵاتانی دەرەوە بسەپێندرێت.
رووداو: هەر لەسەر ئەو لێکۆڵینەوەیەی جەنابتان نووسیوتانە، ئایا پەیوەندیتان بە ئەو نووسینگە کردووە کە سەرۆکی حکومەتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کردوویەتییەوە بۆ رزگارکردنی کچ و ژنانی کوردی ئێزدی لە دەستی داعش، کە چەندین ملیۆن دۆلاری بۆ کڕینەوەیان و رزگارکردنیان خەرجکردووە. ئایا هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ ئەو نووسینگەیە کراوە لەسەر چۆنیەتی رزگارکردنیان؟
یان فریمون: لەراستیدا پەیوەندیم کردووە بەو کەسانە کە بەوکارەوە سەرقاڵن، ئەو رێکخراوانەش کە بەو بابەتەوە سەرقاڵن. هەوڵی زۆر گرنگ دراوە لەلایەن دەسەڵاتی لۆکاڵی و رێکخراوە ناحکومییەکان. پێموایە ئەو هەوڵانە تاکە خاڵی دەستپێکن بۆ دەستکردن بە پرۆسەی دادگاییکردن. بێگومان پێویستە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە پاڵپشتی بکرێت. ئەزموونی نێودەوڵەتی و پێویستە پسپۆڕانی نێودەوڵەتی هاوکاری ئەو پرۆسەیە بکەن. پێموایە ئەو نووسینگەیەی لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە کراوەتەوە زۆر گرنگە، هەروەها رێکخراوە ناحکومییەکانیش کە رۆڵیکی گرنگیان هەیە، پێویستە ئەو رێکخراوانە ببنە خاڵی سەرەتای ئەو پرۆسەیە کە باسمکرد.
رووداو: حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەبێت چی بکەن؟ چ هەنگاوێک بنێن بۆ ناساندنی ئەو تاوانانەی دژ بە کوردی ئێزدی کراون تاوەکو بەجینۆساید بناسرێن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی؟ دەبێت چی بکەن و چ هەنگاوێک بنێن؟
یان فریمون: هەموو حکومەتەکان و هەموو قەوارە فەرمییەکان بەرپرسیارێتیان لەئەستۆیە کە ئەو کەسانەی بەشداربوون لە جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی بیانهێننە بەردەم دادگا و هەڵبدەن پرۆسەیەکی ناساندنی بەرپرسیارانی تاوانەکە رێکبخەن. شتێکی ئاشکرایە کە حکومەتی عێراق لە پرۆسەی ناساندنی تاوانەکە بەرپرسیارێتی لەسەر شانە بۆ ئاسانکاری و رێکخستنی ئەو پرۆسەیە، بۆئەوەی لەو رێگەیەوە نەوەی داهاتوو بپارێزێت. چونکە، وەکو پێشتر گوتم، ئاشتەوایی و سەقامگیری لەنێو کۆمەڵگەدا روونادات بەبێ پرۆسەی داننان بە تاوانەکان و بە بەرپرسیاردانانی تاوانباران. کەوایە روونە کە هەموو حکومەت و دەستە فەرمییەکان بەرپرسیارێتی تەواویان لە ئەستۆیە بۆ هاوئاهەنگیکردن و وەگەڕخستن و رێکخستنی سەرچاوە پێویستەکان بۆئەوەی ئەنجامی باش دەست بکەوێت، بەڵام ئەرکەکە گرنگە، نموونەی روواندا نیشانیداین کە ئەرکێکی قورسە و پێویستی بە پرۆسەیەکی زۆر هەستیارە کە لە ئاستی رەوشەکەدا بێت. هەروەها نیشانیداین کاتێک دوای رووداوی لەو جۆرە کە کۆمەڵگە بەتەواوی هەراسان دەکات و شێوەی ئاسایی کارکردنی کۆمەڵگە پەکدەخات، دەسەڵاتی لۆکاڵی پێویستی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆئەوەی پرۆسەکە یەکلایی بکاتەوە. پێموایە بەرپرسیارێتییەکە ئەوەیە پێکەوە کاربکەن بۆ دەستپێکردنی پرۆسەکە و گەڕان بەدوای پشتگیری نێودەوڵەتی بەمەبەستی گەیشتن بە ئەنجامی باش.
رووداو: پرۆسەی کۆکردنەوەی بەڵگەکان دەبێت چۆن بێت، لە کاتێکدا کە زۆربەی چەکدارانی داعش کوژراون، بەڵگەکانیان بەهۆی بۆردوومانەوە سووتاون و میلیشیای تائیفی هاتوونەتە ئەو ناوچانە. دوای نەمانی داعش لە موسڵ، چۆن دەتوانرێت ئەو بەڵگانە کۆبکرێنەوە؟ دەبێت بە چ شێوازێک ئەو بەڵگانە بەدەست بخرێن؟
یان فریمون: پێموایە ئەوە یەکێک دەبێت لە خاڵە سەرەکییەکانی دەستکردن بەو پرۆسەیە. بەشێوەی مەیدانی بینیومە کە چەندین هێزی جیاواز، ریکخراوی جییاواز، بەرپرس و رێکخراوی سەربازی، هەروەها رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەموویان سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەڵگەن. بێگومان، بەتایبەتی رێکخراوەکان، ئامرازی زۆر کەمیان لەبەردەستدان و لەبەرئەوە شێوازێکی کارکردن دەگرنەبەر کە شێوازێکی پرۆفێشناڵ نییە. ئەگەر سەیری رەوشی روواندا بکەیت، لەوکاتەدا دەسەڵات ئامادەیی نەبوو، لەماوەیەکی درێژی جینۆسایدەکەدا، چونکە دەسەڵاتی کۆن هەرەسی هێنابوو و جینۆسایدیشی ئەنجامدابوو. دەسەڵاتی نوێ بەتەواوی دانەمەزرابوو. لەوێ رێکخراوە مەدەنییەکان رۆڵێکی بنەڕەتییان گێڕا بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە. ئێستا، خاڵی گرنگ ئەوەیە هەموو ئەو بەڵگانە کۆبکرێنەوە کە لەبەردەستی هەموو رێکخراوەکان و دامەزراوە فەرمییەکان و رێکخراوە سەربازییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندان. پێموایە ئێستا تەحەدایەکە ئەوەیە کە چۆن بتوانرێت کۆبکرێنەوە و بەیەک میتۆد بەکاربهێنرێن بۆ پرۆسەی دادگاییکردنەکە. پێموایە ئەوە تەحەدایەکەیە بۆ ساڵێک یان دوو ساڵی داهاتوو، چونکە تەنیا دوای یەکخستنی هەموو بەڵگەکان، دەتوانرێت کەیسەکە ببردرێتە دادگا.
رووداو: زانیاریتان لەسەر ئەوەش کۆکردووەتەوە کە ژمارەیەک لەو کچ و ژنانەی رفێندراون و کراون بە سەبییە لە داعش منداڵیان بووە، ئێستا کە رزگارکراون ئەو منداڵانەشیان لەگەڵدایە. هیچ کارێکتان کردووە؟ چارەنووسی ئەو منداڵانە چی دەبێت کە باوکیان چەکدارێکی داعش بووە و کوژراوە؟ وەکو دەزانن کۆمەڵگەی ئێرە بە هۆشیارییەوە نزیکی ئەو بابەتانە دەبێتەوە. ئایا ئێوە وەکو کۆمەڵگەی رۆژئاوایی، یان پارێزەرێکی نێودەوڵەتی دیموکرات، هیچ زانیارییەکتان لەو بارەیوە کۆکردووەتەوە؟
یان فریمون: پێش هەموو شتێک، بێگومان ئەم بابەتە تەنیا رەهەندی یاسایی نییە. پرسی ئەو منداڵانەی کە بەهۆی دەستدرێژی بۆ سەر ژنە بەکۆیلەکراوەکان لەدایکبوون بابەتێکە کە لەسەرووی ئەوەوەیە تەنیا بەیاسا چارەسەر بکرێت. پێموایە پێویستە بەرچاوڕوونی لە رێککەوتننامەی جیهانی مافەکانی منداڵان وەربگرین. ئەو منداڵانە پێویستە هەمان ماف و هەمان ئەگەریان لەبەردەم بێت وەکو هەر منداڵێکی دیکە، چونکە نە ئەوان و نە دایکیشیان هیچ بەرپرسیارێتییەکیان لە ئەستۆدا نییە بەرامبەر ئەوەی روویداوە. نابێت دایک و منداڵەکان تەنانەت لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتیش سزابدرێن بەهۆی شتێکەوە کە بەسەریاندا سەپێندراوە. خاڵی سەرەکی: ئەوەیە کۆمەڵگە، لەهەمان کاتدا دامەزراوە فەرمییەکانی ئێرە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە ئاشکرا بەرپرسیارێتییەکە لەسەر شانی ئەوان لاببەن. ئەو ژن و منداڵانە بەرپرسیار نین، ئەوانە بەرپرسیارن کە بە کۆیلەیان کردن، ئەوە خاڵی دەستپێکە، بەڵام خاڵێکی دیکەی گرنگیش ئەوەیە ئەم جۆرە رەوشانە پێویستی بە ئاشتەواییە لەنێوان کۆمەڵگەکان و لەنێو یەک کۆمەڵگەشدا. ئەم جۆرە تاوانانە برینی زۆر قووڵ لەنێو کۆمەڵگەدا دروستدەکەن. پێویستە کۆمەڵگەکان بەسەر ئەم رووداوانەدا تێپەڕن. من دەڵێم، پێشنیازی من ئەوەیە: ئەو منداڵانە قبوڵ بکەن، وەکو ئەوەی سەر بە کۆمەڵگوی خۆتان بن، چونکە ئەوە تاکە رێگەی تێپەڕاندنی رەوشەکەیە.
رووداو: هێزی پێشمەرگە ئەو ناوچانەی لە دەستی داعش رزگارکرد لە شنگال و دەروبەری، بەڵام دواتر بەهۆی چەند کێشەیەکی دوای ریفراندۆمەوە لە باشووری کوردستان لە 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 هێرشی سوپای عێراق لەگەڵ چەکدارانی حەشدی شەعبی هاتوون و جارێکی دیکە ئەو ناوچانەیان کۆنترۆڵکردووەتەوە، کە بەدەیان گۆڕی بە کۆمەڵی قوربانییەکانی تێدایە، بەڵام ئەوان هاتوونەتە ئەو شوێنە و مەترسی لەسەر لەناوچوونی گۆڕەکانیش هەیە، لەبەر ئەوەی ئەوان ملیشیان. ئایا مەترسی لەناوچوونی ئەوگۆڕانە هەیە؟ دەبێت چی بکرێت بۆ پاراستنی ئەم شوێنەوار و پاشماوانە؟
یان فریمون: سەرەتا، ئەوە بەرپرسیاریێتی هەموو ئەوانەیە کە لەناوچەکەدان، جا هێزەکانی عێراق بن، پێشمەرگە بێت، یان هەر لایەنێکی دیکە، بۆئەوەی بەڵگەکان بپارێزن. ئاشکرایە رەوشی سیاسی زۆر ئاڵۆزە. دابەشبوونی زۆر هەیە، هەندێکجار بەداخەوە شەڕیش روودەدات. پێموایە گرنگترین خاڵ ئەوەیە: هەموو ئەو هێزانە پێویستە لەوەدا یەکگرتوو بن کە رێز لە پرۆسەی داننان بە جینۆسایید بگرن. هەروەها دەبێت ئەوان تێبگەن لە پێویستی دۆزینەوەی بەرپرسیارانی ئەو جینۆسایدە. نیگەرانم لەوەی تاوەکو ئێستا، نەک تەنیا لەعێراق، بەڵکو لە ئەوروپاش، دادگاییکردن پشت بەوە دەبەستێت کە کەسەکە ئەندامی رێکخراوێکی تیرۆرستی بووبێت. ئەگەر بەوجۆرە کاربکرێت، خەڵک هەرگیز وەڵامی ئەو پرسیارەیان دەستناکەوێت کە چ بەسەر کۆمەڵگەکەم هات؟ چونکە لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت کەسەکە حەتمەن ئەندامی رێکخراوێکی تیرۆرستی بووبێت ئینجا دادگایی دەکرێت. رێکخستنی پرۆسەیەک کە بەتەواوی رووبەری تاوانەکە و سرووشتی تاوانەکە لەبەرچاو بگرێت. پێویستە لەگەڵ هەموو هێزەکان کاربکرێت بۆ ئەوەی لە پێویستی پرۆسەی دۆزینەوەی بەرپرسیاران تێبگەن. خستنە بەرباسی تەواوی تاوانی جینۆساید و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی پێشمەرگە بۆ رازیکردنیان بۆئەوەی کۆمەڵگە و شوێنەوار و بەڵگەکان بپارێزن.
بهشی بكه لە