مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی
رووداو- ھەولێر
مەلابەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی یەکێتی و سەرپەرشتیاری پلاتفۆرمی دابڕان، لە دیدارێکی تایبەتدا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند" کۆچی دوایی کاک نەوشیروان بەرپرسیارێتی عاتفی و مێژووی ئێمەی قوڵتر کرد."
شەڕی دوای داعش
لەبارەی شەڕ ی دوای نەمانی داعش، مەلا بەختیار گوتی"دەمێکە ھەرچی بەرپرس و دەولەت و رۆژنامە و گۆڤار دەلێن شەری داعش تەنیا شەری سەبازیی نییە دەبێت شەڕی فکری بێت، بەڵام کاتێک ووردی دەکەیتەوە ھەموویان لەپشتی پەردەکەوە وەستاون یا رەخنە لە شەرە فکرییەکە دەگرن یان ھاوکارنین ژمارەیەکی کەمیان نەبێت کەسیانن باس لە شەڕە فکرییەکە دەکەن. شەڕە فکردیەکە لە دەرچواندنی رۆژنامەی چاودێر لە ساڵی ١٩٩٩ ەوە دەستمان بەو شەڕە فکرییە کردووە. کۆنگرەی دامەزراندنی فیمینیزمی رۆشنگەری دەچێتە ھەمان ستراتیجیەتەوە.. بە بەستی یەکەمین کۆنفرانسی دابڕان (ئاین بۆ تاک دیموکراسی بۆ ھەموان) دابەزیوینەتە مەیدان. قەبولناکەین ھیچ ھێزێکی ئیسلامی تەکفیری ھیچ رۆشێنگەرێک بکات و قەبولیشمان نییە ھیچ رۆشنگەرێک لە ریزی ئێمەوە بە تەتەروفێکی بێ لەزەت بێت بلێت من رۆشنگەرم."
دامەزراوەی دابڕان
مەلابەختیار، دامەزراوەی دابڕانی وا باس لێوەکرد کە"مینبەرێکە بۆ بیروباوەر بۆ فەلسەفە بۆ رەخنە، بۆ گۆشکردن و پەروەردەکردن و گۆرینی ھزی سەلەفیەکان و عەقلی سەدەکانی ناوەڕاستژە. مومکین نییە رۆشنگەری لە وڵاتێکا بێتە دی ئەگەر عەقلی سەلەفی حاکم بێت."
مەلابەختیار، گوتی"لە رۆژھەلاتی ناوەراست ئاسان نییە بزافی رۆشنگەری سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنێت. بەھۆی ئەوەی باکرگاوەندی ئێمە شۆڕشی پیشەساز، رێنسانس و چاکسازی نەبووە لە وڵاتی ئێمە دا."
ھێزە سەلەفییە توندڕەوەکان ساڵی ١٩٨٠ لە منداڵدانی ئیخوان موسلم دەسی پێ کرد:
مەلابەختیار، پێی وایە "ھێزە سەلەفییە توندڕەوەکان لە ساڵی ١٩٨٠وە لە رەحمی ئیخوان موسلمین دەست پێ دەکەن و دوایی دەپەڕنەوە بۆ ئەفغانستان و پاکستان و وڵاتانی دیکە و دوایی وڵاتی ئێمە دەتەننەوە و دەچنە باکوری ئەفریقیا و ھەموو ئەمانە. ئەو تراژیدیایەی لە ناوچەکە دەیبینین یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی شکستی پرۆژەکانی نیشتمانی و دیموکراسییە لە سەدەی سایکس-پیکۆت کە یەک سەدە بەردەوام بوو."
مەلابەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێری یەکێتی ئەوەشی گوت کە"پەرەپێنەدان بە دیموکراسی، مەترسییەکانی توندڕەوی ھەموو دونیا دەگرێتەوە."
مەلابەختیار: سواڵی سۆزی خەڵک ناکەم
دەبارەی دروستبوونی فکرەی توندەڕەوی، مەلابەختیار، گوتی" ھەمیشە تێربوون یان برسیەتی ھۆ نییە بۆ سەرھەڵدانی سەلەلفیەت. لە لیبیا خەلک تێر بوو، لە سووریا کوا خەڵک برسی بوو، لە وڵاتانی سۆڤیەن خەڵک برسی بوو، کە سەلەفیەت سەری ھەڵدا و گەشەی کردووە؟"
مەلابەختیار، ئەوەی نەشاردەوە کە رۆژگار لە بەرژەوەندی "رۆشنگەرەکان" دایە و گوتی" لە ھەموو رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دەرگای باش کراوەتەوە بۆ ئەوەی پرۆژەت ھەبێت بۆ بەرپەرچکدانەوە و ووردە وردە نەھێشتنی عقلی توندڕەوی سەلەفی. ھەموو ھۆکارە تەکنییەکان و سۆشیال میدیا و میدیای جیھانی و ھەلومەرجی جیھانی ھەموو ئەمانە لە بەرژەوەندی ئێمە دان، وڵاتێک نیە باسی لە دیموکراتی نەکات. لەبارەی ئەوەی ئێمە لەنێوخۆماندا وەکو پێویستە ستراتیژی رۆشنگەریمان ھەیە؟ بە بڕوای من زۆر کەموکورتی ھەیە، بەڵام زەمینە لەبارە."
تەقینەوەی نێوان شیعە و سوننە پڕوشکی بەر کوردیش دەکەوێت
بەرپرسی دەستەی کارگێری یەکێتی پێی وایە" کێشەی لوبنان، یەمەن، بەحرەین کێشەی ھەموو ھێزە سەلەفیەکانی لەنێوان وڵاتەکان چارەسەر نەکرێت، کێشەی نیوانی ھەردوو جەمسەری شیعە و سوونە لە رۆژھەلاتی ناوەڕاست و لە کەنداو زۆر گوم دەبێت و مەترسی تەقینەوەشی لێ دەکرێت. بێگومان تەقینەوەی نێوان شیعە و سووننە بە شێوەیەک لە شێوەکان پڕیشی بەر کوردیش دەکەوێت.
نەخشەڕێگاکەی یەکێتی و وەڵامی پارتی
دەبارەی وەڵامی پارتی بۆ نەخشە رێگاکەی یەکێتی، مەلا بەختیار گوتی:"نەخشە رێگاکە کە داومانە بە پارتی گوتومانە وەلامی ئێوەمان پێویستە، کە نەخشە رێگاکەی یەکێتی باس لە ٨ تەوەری سەرەکی دەکات، کە پەرلەمان، عێراق، یاسا، ئابووری، گەندەلی، کارەبا، پاشەکەوتی موچە، گەندەلی، یاسای سەرۆکایەتی و چۆنێتی سەرۆکایەتییەکان، ھەمووی تیایە. چوار رۆژە لە ١٨-٥-٢٠١٩ وەڵامی نەخشە رێگاکەمانیان داوەتەوە لەرێگای پەیوەندییە گشتیەکانەوە. وەلامەکانی پارتی لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی دراسەی دەکەین. وەلامەکەی پارتی ئیجابییە، تەنیا لەسەر سەرۆکایەتییە و یەک دوو بڕگە رای جیاوازیان لەگەڵ ئێمەدا ھەیە."
بەرپرسی دەستەی کارگێری یەکێتی گوتیشی"ئێمە نالێین یەکێتی نیشتمانی کودستان وەکو جاران رێککەوتنێک لەگەڵ پارتی دەکەین کە بلێین دۆخمان باشە، لە نەخشە رێگاکەمان بە پارتیمان گوتووە ناڕازین لە دەستکەوت و پشکی خۆمان و لایەنەکانیش لە سەرۆکایەتی ھەرێمی بۆ سەرۆکایەتی حکومەت، وەزارەتەکان، بۆ پەیوەندیەکانی دەرەوە و دۆخی ئابووری ھەرێمی کوردستانیش. شەڕی دەستکەوتەکانی یەکێتی و لایەنەکانیش دەکەین."
مەلا بەختیار ئەوەشی گوت" ئێمە لەسەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەت و سەرۆکایەتیەکانی دیکەش ھەست دەکەین پارتی بەتەواوەتی زاڵە. ھەست دەکەین ەیەکێتی نیشتمانی لە ھەموو وەزارەتەکان کەمی ھەیە. ھەقی خۆمانە دوای دەستکەوتەکانی حزبەکەمان بکەوین. حیزب ھەیە لە دونیا دەستکەوت و دەسەڵاتی نەوێت؟ حزبی دیموکرات کە سەردەکەوێت لە کۆشکی سپی کە ١٠ ھەزار فەرمانبەری تیابە بۆ ھەمووی لادەبات و ھی خۆی دادەنێت؟ ئەمە خەیالە بلێیت حیزبەکەم دێتە سەرحکوم و گووێ بە ھیچ شتێکیش نادەم."
بەرپرسی دەستەی کارگێری یەکێتی نەیشاردەوە کە تێبینیان لەسەر ئەپارتی ھەیە و گوتی" پارتی بەھێزە، ھیچ ئەوەی دەنگی لە ئێمە زیاتر ھێناوە، بەڵام ئەو شێوە حوکمڕانی و سیستەمی حوکمڕانی و شێوە ملمڵانێیانەی لە کوردستان ھەیە نیگەرانییەکی زۆری لەلای یەکێتی نیشتمانی کورستان دروست کردووە."
مەلا بەختیار، گوتیشی"جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش رەخنەی ھەیە لەوەی دەسەڵاتێکی تەواوی نییە. راستە تەندروسی باش نییە، ئەمە ھەقیقەتە. بەلام بە دیاریکراویش دیاری نەکراوە دەسەڵاتەکانی جێگری سەرۆکی ھەرێم چییە."
نەوشیروان مستەفا بووە موڵکی نەوەکانی ئایندە
سەبارەت بە سەردانی سکرتێری پارتی بۆ پرسەی نەوشیروان مستەفا، مەلا بەختیار گوتی"زۆرم پێ خۆشبوو بینیم کاک فازل میرانی، سەرکردەی ھەموو حیزبەکان وەسفێکی جوانی کاک نەوشیروانیان کرد. بەراستی نەتەوەیەک سەرەرای ھەموو جیاوازیەکان و رەخنەکان ئەگەر نەتوانێت رێز لە گەورە پیاوانی خۆی بگرێت، ئەو نەتەوەیە شایستەی ئەوە نییە بچێتە نێو شارستانیەتی میێژووەوە. حەیفە بەھۆی رەخنەوە یان جیاوازی بیرکردنەوە لە گەورەیی شکۆی پیاوا کەم بکەیتەوە. چونکە ئیتر کاک نەوشیروان و ھەموو گەورە پیاوانی تر ئیتر بوون بە موڵکی نەوەکانی ئایندە."
کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان
بەرپرسی دەستەی کارگێری یەکێتی، گوتی"بە رێککەوتنی سیاسی پەرلەمانی کوردستان کارا دەکرێتتەوە، لە رووی یاساییەوە ئەگەر پرلەمانی کودستان کاراش بکرێتەوە ناتوانێت کێشە سیاسییەکان چارەسەر بکات."
مەلا بەختیار، گوتی"سەبارەت بە پەرلەمان پارتی لەگەل پرەنسیپی کاراکردنەوەی پەرەلمانن لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئێمە بە روونی باسیان کردووە، بەڵام ھێشتا کێشەی نێوان و پارتی و گۆران چارەسەر نەکراوە و پارتی کە لە کۆبوونەوەکانیشان باسیان کردوەو پێیان وایە ئەو رێککەوتنەی نێوان پارتی و گۆڕان نەماوە تاوەکو سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بدەوەوە بە گۆڕان. دەیان جار ئەمەیان گوتووە."
بەڵام مەلا بەختیار باسی لەوەکرد، بژاردەی دیکەشیان ھەیە و گوتی"ئێمە لەدوای کۆبوونەوەی سەرکردایەتی پێشنیارمان وایە لێژنەیەکی پسپۆڕ بە سەرۆکایەتی ھەڤاڵ بێگەرد تاڵەبانی راسپێردراوە پێشنیاری دیکە بنووسین بۆ ئەوەی بیخەینە گفتوگۆوە وەک یەکێتی و لەگەڵ گۆڕان و پارتیش گفتوگۆ دەکەین.. لە دواین کۆبوونەوە ئەوەمان لە پارتی بیست کە پێیان باش نییە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بدرێتەوە بە گۆڕان. ئێمە وەکو یەکێتی ئەمەمان پێ باش نییە و پێمان باشە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بدرێتەوە بە گۆڕان و ئەگەر ئەوان خۆیان گۆرانکاری لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەکەین ئەمەیان پەیوەندی بە گۆڕانەوە ھەیە."
مەلا بەختیار ھەر سەبارەت بە پرسی پەرلەمانی کوردستان، گوتی" گۆران دەنگێکی ٢٤ کورسی ھێناوە رێککەوتنی سیاسیشی لەگەل پارتی کرد. ئەوکاتەی گۆڕان رێککەوتنی لەگەڵ پارتی کرد نێوانی لەگەڵ ئێمە نێوانی زۆر خراپ بوو. دوو وەزارەت لە وەزارەتە سەرەکیەکانی ئێمەیش بەر گۆڕان کەوت. سەرئەنجامی رێککەوتنێک کە ئێمە نەچووینە نێو رێککەوتنەکەوە... ئەگەر گۆڕان رازی نەبێت ھەرگیز پۆسی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وەرناگرین. ناتوانم پێشبینی بکەم گۆڕان رازین بەوەی یەکێتی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وەربگرێت. تاوەکو ئەو چرکە سەعاتەی گفتوگۆ دەکەین گۆڕان رازی نین."
بوونی ناکۆکی مانای نەبوونی رێککەوتن نییە
بەرپرسی دەستەی کارگێری یەکێتی، گوتی" مێژووی ئێمە زۆر قولترە لە کێشەی زۆر قولتر لە گۆڕان و یەکێتی، وە چارەسەریش کرا. ئێمە بەقەد جەلالی و مەلایی یەکتریمان کوشتووە لە مێژوودا، ھەر کەس نەکوژراوە لەنێوان ئێمەی یەکێتی و گۆڕاندا. نە ئەوان ھێزی چەکداریان ھەبووە شەڕی ئێمە بکەن و نە ئێمەیش ھێزی چەکدارمان بەکارھێاوە شەڕی ئەوان بکەین. ئەسلەن یەک کەس بە بڕیاری سیاسی ھەردوولامان نەبووە بە قوربانی. خۆپێشاندانە راستە قوربانی دراوە و بەداخەوە جەرگی ھەموومان بڕاوە بەم قوربانیانە."
مەلا بەختیار نمونەی ئەوەی ھێنایەوە ھەرچەندە ناکۆکی لەگەڵ لایەنی بەرامبەردا ھەبێت، بەڵام رێککەوتن ئەگەری ھەیە و گوتی"باشە بۆ جەلالی و مەلایی لە ھەلومەرجێکی دیکەی سیاسی توانیان یەک بگرنەوە. ھەر یەکیان گرتەوە. بۆچی یەکێتی و پارتی لە ساڵی ١٩٧٦ تاوەکو ساڵی ١٩٨٦ ئێمە لە شەڕی گەرم و شەڕی سارد دابووین. ئەی بۆ توانیمان بەرەی کوردستانی دروستکەین. ئەی بۆ لە ساڵی ١٩٩٣ یەکتریمان داپلۆسی و دیسان جارێکی دیکە لە ساڵی ١٩٩٨ لە واشنتۆن رێککەوتن دەکەینەوە. رێککەوتن شتێکی ئاساییە و ئینجا تێکەڵبوونەوە شتێکی ئاساییە."
ئەندازیارانی کۆبوونەوەی دەباشانی نێوان یەکێتی و گۆڕان
مەلا بەختیار پێیوایە "لە دیوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسایەی موزایەدات خەریکە ئەو مافەشی لێ زەوت دەکرێت کە ئەو ئەندازیاری کۆبوونەوەی دەباشانە".
مەلا بەختیار گوتی" یەکەمین کەس کە نەخشەمان کێشا بۆ ئەوەی یەکێتی و گۆڕان بۆ یەکەمجار دانیشن و جەنابی مام جەلال و کاک نەوشیروان لە کۆبوونەوەکە بن (لە دەباشان) لە بەرەی یەکێتی من داینەمۆی ئەوکارە بووم. ئەگەر بڕواننە ئەرشیف لە کۆبوونەوەکە رووننە کێ ئەو رۆلی پێشەنگییەی بینیوە. لە بەرەی گۆڕان بۆ ئەو ئیشە کاک سالار عەزیز و کاک قادری حاجی عەلی بینیان.. یەکەمجاریش کە چووینە ماڵی کاک نەوشیروان من و ھەڤاڵ ھێرۆ و کاک دلێری سەید مەجید چووین، ھەر من ئەو کۆبوونەوەم رێکخست. ئێستا ھەتا قسەکانی کۆبوونەوەی دەباشانیش ھەڵدەگێڕنەوە کە مام جەلال کردوویەتی. نایلێم، بەڵام ئەو قسانە نین کە مام جەلال لە کۆبوونەوەی دەباشان کردوویەتی. قسەی مام جەلال لەدوای کۆبوونەوە ئەو چەند خاڵەیە کە بە بەلاغی ھاوبەش دەرمان کردووە. گرنگترین قسەی مامجەلال ئەوەبوو گوتی رێکدەکەوین بۆ ئەوەنییە لەگەڵ پارتی تێکبچین، بۆ ئەوەیە ئێو و پارتیش رێک بخەین."
رێککەوتننامەی یەکێتی و گۆڕان
بەرپرسی دەستەی کارگێری یەکێتی، گوتی" بەھیچ شێوەیەک ئومێد ناخوازین پەیوەندیەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕان گرژییەکەی جارانی تێ بکەوێتەوە، ھەرگیز. لە راستیدا کۆچی دوایی کاک نەوشیروان بەرپرسیارێتی عاتفی و مێژووی ئێمەی قولتر کرد. پابەندبوونیشمان دەبێت بەو بەرپرسیارێتییە. دوور و نزیک ھەرگیر قەبولناکەین بچوکترین کێشەی گۆڕان قوڵ ببێتەوە. وەک باوە نمونە باشەکان لە مێژوودا دەخەینە بەرچاوی خۆمان."
مەلا بەختیار گوتی "دەلێین لەدوای کۆچی مردنی یاسر عەرەفات فەلەستینیەکان دۆخیان باشتر بوو، لەدوای مردنی ئیام خومەینی دۆخی ئێران باشتر بوو. لەدوای مردنی مەلامستەفای بارزانی پارتی سەکەوتنی زۆر گەورەتر و پێشکەوتنی زیاتری بەدەستھێناوە لە مێژووی خۆیدا. ئێمە دەلێین لەدوای مردنی کاک نەوشیروان ئومێدەوارین بزووتنەوەی گۆڕان خۆی ئامادەبکات بۆ راپەڕاندنی ئەرکە ھاوبەشەکانمان، بۆ بەدیھێنانی خەوە جوانەکانی کاک نەوشیروان. ئێمە بەش بەحالی خۆمان ھەم پابەندی رێککەوتنە دوو قۆلییەکەمان دەبین. ھەم ھاوکاریان دەبین بۆ ئەوەی بتوانن سەرکەوتووبن لە ئەرکەکانیاندا."
فاڵە بەتاڵکراوەکان
بەرپرسی دەستەی کارگێری یەکێتی، گوتیشی" لەدوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال تووشی دۆخی نەخوازراو بووین، بەڵام ھەموو ئەم فالانەمان بەتاڵ کردەوە کە دەیانگوت یەکێی بەشێکی دەچێتەلای گۆڕان و بەشێکیشی دەچێتە لای پارتی و بەشێکیشی بە حیزبێکی لاواز دەمێنێتەوە. تاوەکو ئێستا بە یەکگرتوو ماوینەوتەوە... دەتەوێت تاکو حیزبێکی گەورەی وەکو ئێمە تاکو تەرا سیس نەبێتەوە لەنێوماندا."
جێگرەوەی نەوشیروان مستەفا!
سەبارەت بە جێگرەوەی نەوشیروان مستەفا، مەلا بەختیار گوتی"ناتوانم بلێم ھەمان شێوەی کاک نەوشیروان مستەفا، لە دوای مام جەلال، مام جەلالێکی دیکە دروست نابێتەوە، لەدوای کاک نەوشیروان، کاک نەوشیروانێکی دیکە دروست نابێتەوە، بەڵام پرۆسەی سیاسی ھەمیشە سەرکردەی خۆی دروست دەکاتەوە بەپێی قابیلیەتی ئەو سەرکردانەی لە ئارادان. کاک نەوشیروان کەسێکی ھەڵکەوتوو بوو ھەم بۆ یەکێتی ھەڵکەوتوو بوو، ھەم دامەزرێنەری بزووتنەوەی گۆڕانە".
سەرەتای خۆشی و ناخۆشی نێوان مەلابەختیار و نەوشیروان مستەفا
مەلا بەختیار، سەبارەت بە دەستپێکی ناکۆکی ئەو لەگەڵ نەوشیروان مستەفا گوتی" یەکەمین ناکۆکی من و کاک نەوشیروان مستەفا لە یەکەمین کۆنفرنسی کۆمەڵەوە دەست پێدەکات."
ھەروەھا سەبارەت بە خۆشتیرین کاتی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، مەلا بەختیار گوتی" خۆشترین کاتیشم ئەوەیە کە یەکەمجار کاک نەوشیروانم بینی ٢٠-٧-١٩٧٧ بوو کە پێشتر کاک نەوشیروانم نەبینی بوو. بینینەکە لە گوندیێک بەنێوی ماسیڕۆ، کە دواین گوندی ھەکارییە و دەکەوێتە سێگۆشەی نێوان باکوور، رۆژھەڵات و باشووری کوردستان. ئێمە لەوێ بووین دەچووین مام جەلال ببینین و لەسەر شەڕی ناوخۆی یەکێتی و پارتی قسە بکەین و نەهێڵین ئەو شەڕە لەوە زیاتر تەشەنە بسەنێت. کە بەداخەوە ئەوکات یەکێتی نیشتمانی کوردستان کەوتبووە بەر ھەڵمەتێک کە ئیبراھیم عەزۆ و ھەڤاڵەکانی شەھید ببوون. حەمە غەفور ئاغجەلەری شەھید ببوو. ھەولماندا لە ناوچەی سلێمانی کۆنترۆل بکرێت، رێککەوتنێک لەنێوان کاک ئارام و پارتی (قیادەی مەوقەت)ی ئەوکات کرا. کە بوو بە رێککەوتنی سوورەبان، کە مانگی ٦ی ساڵی ١٩٧٧ بوو. شەھید عەلی عەسکەری، کاک رەسول مامەند، من، شەھید بایزاغا، شەھید سەعدی گچکە، سەید کاکە، ئەمانە لە قەندیل دانیشتین بووە نامەیەکی ھەموومان، کە شەھید عەلی عەسکەری نووسی، نامەیەکی بۆ مام جەلال و نامەیەکیشی بۆ کاک مەسعود نووسی ئەم کێشەیە چارسەر بکەین. ئێمە وەفدێک بووین چووبووین ئەمە بکەین. یەکێکیش لەپارتی لە قیادەی مەوقەت کە ناوی عادل کە لەبنەڕەتدا ناوی فازل بوو ئەویشمان لەگەڵ بوو.
گوتیشی "دەمانویس لەوێ لە ھەکارییەوە خۆمان بگەیەنینە سووریا و مام جەلال ببینین، لەھەکاری لە گوندی ماسی رۆ، کاک نەوشیروانم بینی کە لە دەستەی دامەزرێنەر بوو، لە راستیدا زۆر دڵم پیێ خۆش بوو کە یەکێک لە دەستەی دامەزرێنەرم بییوە. کاک نەوشیروان بەھۆی دەستەی دامەزرێنەر بوو، بەھۆی گۆڤاری رزگاری-یەوە ناویمان بیستبوو، قەلەمیمان خوێندبوویەوە. ھەندێک لە ئەدەبیاتی ماوتسی تۆنگ کە کاک نەوشیروان وەریگێڕابوو، بە نیسەبتی ئێمە کاک نەوشیروان وەکو پیاوێکی زۆر جوان چووبووە ئەندێشەمان، کە بینیم زۆر زۆرمان پێ خۆش بوو. کاک نەوشیروان شەھید سەید کەریمی لەگەڵدا بوو، کاک سامان گەرمیانی و کاک عادل شکور و کەسێکی دیکەی لەگەڵدا بوو کە ناوی جەمال بادینی بوو، ئێستا لەدەرەوە وڵاتە. بە ٥ خولەک دواتر مام جەلالمان بینی."
بهشی بكه لە