ئایا ڕیمۆنتادایەکى دیکە دووبارە دەبێتەوە

16-04-2017
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
نیشانەکردن ئەحمەد سەنگاوى
A+ A-

یانەى بارسێلۆنا سەرکەوتنێکى موعجیزەئاساى بەسەر پاریس سانجێرمان تۆمار کرد، کاتێک هەمووان بە چاوى بێهیواییەوە تەماشاى دۆخى بارسایان دەکرد.

فشارەکانى سەر ئەم یانەیە هێندە بەتین بوو، کار گەییشت بەوەى لویس ئێنریکى بڕیارى وازهێنان لە پۆستى ڕاهێنەرى یانەکە بدات.

 تەنیا کەسێک باوەڕى بە گەڕانەوەى ئەم یانەیە هەبوو، چەندیاریزانێکى یانەکە بوو، کە ئەوانیش تەنیا بۆ بەرزکردنەوەى ورەى خۆیان باسى هیوا و تواناى گەڕانەوەیان دەکرد.

 ئەوەبوو بەرسە شەش گۆڵى تۆمار کرد و بەشێوەیەکى شۆکهێنەر سەرکەوت و هیوا لەمێژینەکەى پاریس سانجێرمانى لە گۆڕنا. ئێستایش هەمان سیناریۆ بە جیاوازى گۆڵێک کەمتر لە یارییەکەى نێو باغچەى میرەکان لە بەرانبەر یۆڤنتۆس تووشى شکست بوو. ئایا ڕیمۆنتادایەکى دیکە دووبارە دەبێتەوە؟جەوهەرى ئەم شیکارییە گەڕانە بەدواى ئەم وەڵامەدا. 

پێم وایە لویس ئێنریکى، یان ناتوانێ سوود لە هەڵەکانى ڕابردوو وەربگرێت، یان دۆخى یانەکە یارمەتى نادات بەسەر گرفتەکان زاڵ بێت، یان ئەوەتا بەهۆى لاوازى خوێندنەوەى بۆ دۆخى یارییەکان لە چۆنییەتى داڕشتنەوەى تەکتیک و دەستنیشانکردنى یاریزانەکان لە ئاست چاوەڕوانى نییە. 

بارسێلۆنا ئەمساڵ هەشت جار لە خول و پاڵەوانێتییە جۆربەجۆرەکان دووچارى شکست بووە. کە زۆربەیان بە ئەنجامى قورس و لە دەرەوەى یاریگەى خۆى بووە، هەربۆیە ئەو ڕێژە زۆر لە تۆمارکردنى گۆڵ لە تۆڕى بەرشە و ئەو ڕێژە زۆر لە شکست بە بەراورد بە چەند ساڵى ڕابردوو، یان زۆربەى شکستەکانى ئەم یانەیە لە دەرەوەى یاریگەى خۆى، ڕووداوێکى ڕێککەوت نییە، بەڵکو حاڵەتى تێپەڕاندووە و بووە بە دیاردە.

بەتایبەت لە چامپۆنس لیگ لە هەرسێ قۆناخى گرووپەکان، شازدە و قۆناخى چارەگى کۆتاییى تووشى شکست بووە بە دەستى مانچێستەر سیتى بە سێ گۆڵ، پاریس سانجێرمان بە چوار گۆڵ و یۆڤنتۆس بە سێ گۆڵ! لە زۆربەى شکستەکان ئێم ئێس ئێن ئاستێکى خراپیان پێشکەش کردووە و هەمیشە لاوازى هێڵى ناوەند سەرچاوەى سەرەکیى شکستەکانى ئەم وەرزەى یانە کەتەلۆنییەکە بووە. 

با بگەڕێمەوە سەر چەقى باسەکەمان کە تا چەند ڕیمۆنتادایەکى دیکە قابیلى دووبارە بوونەوەیە؟

یانەى یۆڤێنتۆسى ئیتاڵى خاوەن شەخسییەتێکى بەهێزتر و گەورەترە لە پاریس سانجێرمان، چ لە ڕووى مێژوو، چ لە ڕووى ئەزموونى زۆرى لەم خولە و لە چۆنییەتى ئیدارەدانى یارییە گرنگ و گەورەکان، نەک هەر لە چامپیۆنس لیگ، بەڵکو گەییشتنى بە فایناڵى ئەم پاڵەوانێتییە، هەروەها یۆڤنتۆس تیپێکى تێکەڵەیە لە یاریزانى لاوى بەهرەمەند و ئەستێرەى بەئەزموون.

 هاوکات ژمارەیەک کارتى بەهێزترى لە بەردەستە وەک لە پاریس سانجێرمان، خاڵى لاوازى کەمترە لە پاریس، هەروها یۆڤنتۆس ئەزموونى ترسێنەرى پاریسى لەبەرچاوە تا وانەى لێ وەرگرێت، بۆیە دۆخى یۆڤنتۆس بە پاریس بەراورد ناکرێت، چونکە نێوانى شکست و یاریى گەڕانەوەى لە دژى پاریس ٢٣ ڕۆژ بوو، ئەوەیش کاتێکى گونجاو بوو بۆ ڕاهێنەر تا ئیش لەسەر کەمبوونەوەى ئاسەوارى ئەو شکستە بکات.

 لەو ماوەدا بەرشەلۆنە چوار یاریى بەرانبەر«لیگانیس، ئاتلەتیکۆ مەدرید، سپۆرتینگ خیخۆن و سێڵتاڤیگۆ ئەنجامدا و توانى لە هەر چوار ڕووبەڕووبوونەوەکان سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و ورەى تیپەکەى بەو سەرکەوتنانە بەرز بکاتەوە و زیاتر پاریس تووشى ڕاڕایى بکات و پلانە نوێیەکەى بەرانبەر تیپێکى بەهێزى وەک ئاتلەتیکۆ مەدرید لە ڤێسێنتى کالدیرۆن بەشێوەیەکى سەرکەوتوو تاقى بکاتەوە و ورەى یاریزانەکانى پێ بەرز بکاتەوە.

 لە هەمووى گرنگتر لەو چوار یارییە یانەکە توانى ١٥ گۆڵ تۆمار بکات، هەروەها توانى بگەڕێتەوە پێشەنگى لالیگا، بەڵام ئێستا تەنیا حەوت رۆژ لەنێوان یاریى چوون و گەڕانەوەدایە و تەنیا یەک یاریى بەرانبەر ڕیاڵ سۆسێداد ئەنجام دەدات، ئەمە لە کاتێکدا یانەکە بە جیاوازى سێ خاڵ لەدواى ڕیاڵى پێشەنگەوەیە، کە یانە مەدریدییەکە یارییەک کەمترى ئەنجامداوە، پاشان بەرشە دواى یارییەکەى یۆڤنتۆس تەرکیزى لاى کلاسیکۆیە کە دواى هەلە بۆ ئەوەى وەک ڕکابەر فشار لەسەر پێشەنگى خولەکە دروست بکات. بە کورتى کات و دۆخ و ئەنجام یارمەتى بەرشەلۆنە نادات، بە ئاسانى هەمان سیناریۆ تاقى بکاتەوە، بۆیە نابێ لەڕوانگەى هەمان یاریى پاریسەوە تەماشاى سیناریۆى یۆڤنتۆس و بەرشەلۆنە لە نیوکامپ بڕوانین. 

وەک لویس ئێنریکى ئاماژەى پێ دەکات کە یۆڤێنتۆس گۆڵێک لە پاریس کەمترى کردووە و گەڕانەوەى ئەم یارییە ئاسانترە لە گەڕانەوەى لە یارییەکەى پاریس سانجێرمان، حەوت ڕۆژ زۆر کەمە بۆ ساڕێژکردنى برینەکەى، چارەسەرکردنى گرفتەکانى، ئێستا یانەکە ماندووترە و یاریى زیاترى ئەنجامداوە و لە کۆتاییەکانى خول و پاڵەوانێتییەکان نزیک دەبنەوە. 

لە هەمووى گرنگتر کارتەکانى دەستى ئەلێگرى زۆر زیاترە لە کارتەکانى پاریس، دۆخى یۆڤنتۆس لە خولە ناوخۆییەکان لە پاریس باشترە، ئەلێگرى لانیکەم سێ ساڵە ڕاهێنەرى یۆڤنتۆسە، بەڵام ئۆناى ئێمرى ئەمە یەکەم وەرزى کارى ڕاهێنەرییەتى لەگەڵ یانەیەکى گەورە تاقى دەکاتەوە، بەڵام ئەلێگرى ڕاهێنەرى یانەیەکى گەورەى وەک ئەیسى میلان بووە، لە خولى کاڵچۆ حساب بۆ هیچ تیپێک ناکات و کەس بە ڕکابەرى خولى نازانێت، تەنانەت بەدەستهێنانى جامى ئیتاڵیا بۆ یۆڤنتۆس بووە بە ئاوخواردنەوە، بەڵام پاریس هەم لە خولى فەڕەنسى بەدەست ئاستبەرزى و پێشەنگگرتنى خولەکە لەلایەن مۆناکۆ دەناڵێنێت و لە ماوەى نێوان یاریى چوون و گەڕانەوەى بەرانبەر بەرشەلۆنە نەیدەتوانى سیاسەتى بەنۆرە یاریکردن بە یاریزانەکان تاقى بکاتەوە، بەڵام دۆخەکە بۆ یۆڤنتۆس جیاوازە. 

هەموو ئەو جیاوازییان لە ئاست و ئەنجام و ئەزموون لە سوودى یۆڤێنتۆسە، ئەوەى ماوەتەوە باسى بکەم قسەکردنە لەسەر ئەو کارتانە کامانەن بەدەست ئێنریکى بۆ دووبارەکردنەوەى ڕیمۆنتادایەکى دیکە لە نێو یاریگەى نیوکامپ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە