رووداو - پاریس
سەرۆکی فەرەنسا ریدەگەیێنێت، دەبێت ماددەی 140 لە ناوچە جێناکۆکەکان جێبەجێ بکرێت، جەختیشدەکاتەوە کە نابێت هیچ میلیشیایەک لە عێراق بمێنیت بە حەشدی شەعبیشەوە.
ئێمانوێل ماكرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، رۆژی شەممە 2-12-2017 لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازی لە شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان کرد بەسەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی و کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیشدا نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
ماددەی 140 و حەشدی شەعبی دوو تەوەری قسەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بوون و رایگەیاند: "فەرەنسا پشتگیری لە دیالۆگێکی نیشتمانی دەکات لە عێراق و بە هەموو شێوەیەک دەبێت ئەو دیالۆگە دەستپێبکات، هەروەها دەبێت ئەو دیالۆگە لە چوارچێوەی 4 خاڵی گرنگ دەستپێبکات".
سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی خاڵەکان گوتی: "رێزگرتن لە دەستووری عێراق بەتەواوەتی بە هەموو ماددەکانییەوە، دەبێت دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵ لە سەرجەم خاڵە سنوورییەکان بچەسپێن. لەوکاتەی بەڕێزی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی پاریسی کردبوو، رامانگەیاند دەبێت هەموو میلیشیاکانی عێراق لەگەڵ دەستپێکردنی دیالۆگەکان نەمێنن بە حەشدی شەعبیشەوە، هەروەها دەبێت هەموو داهاتەکانی عێراق بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر هەموو گەلانی عێراقدا دابەشبکرێن، واتە هاوسەنگی هەبێت لە دابەشکردنی ئەم داهاتە کە دەبێتە هۆی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراقدا، هەروەها دەبێت ماددەی 140 ی تایبەت بە ناوچە جێناکۆکەکان جێبەجێبکرێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند: "ئێمە پێشتریش رەئی خۆمان داوە لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ئەوەشمان راگەیاندووە کە ئێمە رێز لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەگرین، ئێمە سوپاسی جەنابی سەرۆک دەکەین بۆ ئەو ئیلتیزامەی خۆی بەرامبەر بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئێمە پێمانوایە ئەو رۆڵە گرنگە بۆئەوەی ئێمە بگەینە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەگەڵ بەغدا".
داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ