کەسێک بەگومانی ئەنجامدانی هێرشەکەی ستۆکهۆڵم دەستگیرکرا

08-04-2017
گۆڤەند مستەفا
زنار شینۆ، نێردراوی رووداو لە ستۆکهۆڵم دوایین زانیارییەكان دەخاتەڕوو
زنار شینۆ، نێردراوی رووداو لە ستۆکهۆڵم دوایین زانیارییەكان دەخاتەڕوو
نیشانەکردن سوێد ستۆكهۆڵم
A+ A-

رووداو - ستۆکهۆڵم

پۆلیسی سوێد کەسێکی بەگومانی ئەنجامدانی هێرشەکەی شاری ستۆکهۆڵم دەستگیرکرد. نێردراوی رووداو دەڵێت دەستگیرکراوەکە ئۆزبەکییە و تەمەنی 39 ساڵە.

زنار شینۆ، نێردراوی رووداو لە ستۆکهۆڵم رایگەیاند: بەپێی نوێترین زانیارییەكان، ئەوە پشتڕاستبووەتەوە کە ئەو کەسە تەمەن 39 ساڵە خەڵکی ئۆزبەکستانە و نیشتجێی یەکێک لە گەڕەکەکانی سوێد بووە. گوماندەكرێت شۆفێری ئەو بارهەڵگرە بێت کە رۆژی هەینی لە سەنتەری ستۆکهۆڵمدا خۆی بە خەڵکدا کێشا، بەهۆیەوە 4 کەسی کوشت و 15 دیکەشی بریندار کرد.

 

نێردراوی رووداو لە ستۆکهۆڵم دەڵێت: بڕیارە رۆژی دووشەممە کاژێر 12:00 بەکاتی سوێد رێوڕەسمێکی ماتەمینی لە سەرتاسەری وڵات رابگەیێندرێت. دەشڵێت: لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو کارەی کراوە تەنها کەسێک بووە یان ژمارەیەک کەس بوونە.

بەپێی زانیارییەکانی میدیای سوێد، کەسە دەستگیرکراوەکە دوای ئەنجامدانی هێرشەکە رایکردووە، بەڵام دواتر  25 میل دوورتر لە شوێنی رووداوەکە، کاتێک ویستوویەتی سواری شەمەندەفەر بێت، دەستگیرکراوە. ئەو هاوسۆزیی بۆ داعش هەبووە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لایک کردوون کە پڕوپاگەندە بۆ داعش دەکەن.



پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە