رووداو بۆ كەیسی ئەندامێكی قاعیدە دەچێتە گوانتانامۆ؛ سەركردە گیراوەكەی ئەلقاعیدە كورد دەرنەچوو

08-10-2018
رۆژ عەلی زاڵە
نەشوان دژی ئەوەیە پێی بگوترێت کورد
نەشوان دژی ئەوەیە پێی بگوترێت کورد
نیشانەکردن نەشوان ئەلتەمر گوانتانامۆ
A+ A-
رووداو- گوانتانامۆ

گوانتانامۆ و دادگا سەربازییەكەی هەفتەیەك سەرقاڵی كەیسی یەكێك لە سەرانی ئەلقاعیدە بوون. ئەو كەسە، نەشوان عەبدولڕەزاقە كە پێشتر لە میدیاكان و لە چەند كتێبێكدا وەكو سەركردە كوردەكەی ئەلقاعیدە ناوی دەبرا. (رووداو) بۆ دەستكەوتنی وەڵامی چەند پرسیارێك لە گوانتانامۆ بوو، ئایا نەشوان كوردە؟ خەڵكی كوێیە؟ چۆن بووە هاوكار و راوێژكارێكی نزیكی ئوسامە بن لادن؟

رێگەی گەیشتن بە گوانتانامۆ

رێگەی گەیشتن بە گوانتانامۆ تەنیا سوپای ئەمریكایە. گەشتی رووداو بۆ گوانتانامۆ لە فڕۆكەخانەی سەربازیی ئاندروزەوە دەستیپێكرد كە نزیكەی 20 كیلۆمەتر لە واشنتنی پایتەختەوە دوورە و هەمان فڕۆكەخانەیە كە سەرۆكی ئەمریكا بەكاری دەهێنێ. فڕۆكەی ئێرفۆرس وەن كە فڕۆكەی سەرۆكایەتی ئەمریكایە، لەوێوە گەشت دەكات.

سەعات شەشی بەیانی گەشتینە بەر دەرگای فڕۆكەخانەكە. لەوێ خانمێكی رووخۆش، بە جلوبەرگی مەدەنییەوە پێشوازی لێكردین و گوتی: "من فەرماندە كاندیس ترێشم، لێرە بەدواوە من كارەكانتان بەڕێدەكەم، بەڵام خۆم ناتوانم لەگەڵتان بێم ببوورن".

ترێش ئاگاداری كردینەوە كە فڕۆكەكەمان كاژێر 10:20 خولەك دەفڕێ‌، بەڵام گوتیشی "لە ئاندروز زوو زوو كاتی هەستان و نیشتنەوەی فڕۆكەكان دەگۆڕێن". هەر واش بوو. پێش سەعات 10 سەربازێك هاتە ژوورەوە و بە دەنگێكی گڕ و پڕ گوتی: "گەشتەكەتان دواكەوتووە بۆ سەعات 12ی نیوەڕۆ". گوێم لێبوو یەكێك بە هاوڕێكەی گوت: "رەنگە ترەمپ یان جێگرەكەی گەشتیان هەبێت" سەربازەكەش كە هەواڵی دواكەوتنەكەی پێداین، هەر ئەوەندەی گوت كە :"كاتی هەستانی فڕۆكەكەی ئێوە لەگەڵ كاتی فڕۆكەیەكی دیكەدا هاوكاتە، بۆیە گەشتەكەی ئێوە كەمێك دوادەكەوێ".

من و رۆژنامەنووسێكی رۆژنامەی مەیامی هێراڵد بڕیارماندا بچینە بازاڕی نێو فڕۆكەخانەكە و هەندێك پێداویستی بكڕین. بۆ ئەوەی لە تەرمیناڵی فڕۆكەخانەكە بچینە دەرەوە، پێویست بوو كەسێكی سەربازیمان لەگەڵدا بێت، فەرماندە ترێش پێشمانكەوت.

كە گەیشتینەوە بەردەم تەرمیناڵەكە، سەعات 11 بوو، رۆژنامەنووسەكەی مەیامی هێراڵد ئافرەتێكی بە تەمەن بوو، زیاتر لە 11 ساڵە راپۆرت لەسەر پێنتاگۆن و كاروباری سەربازی و گوانتانامۆ دەنووسێت، تەنیا فریای كێشانی جگەرەیەك كەوت كاتێك ئاگادار كراینەوە كە كاتی فڕینی فڕۆكەكەتان بۆ گوانتانامۆ نزیك بووە. بەپەلە بە چەندین خاڵی پشكنیندا تێپەڕبووین و دواجار سواری فڕۆكەكەمان بووین.

نزیكەی دوو هەفتە لە رێگەی نامەی ئەلیكترۆنی (ئیمەیل) لەگەڵ ترێش لە پەیوەندیدابووم، لە ئیمەیلەكاندا رێسا و یاساكانی كاری میدیایی لە گوانتانامۆ روون كرابووەوە. كۆمەڵێك رێوشوێنی زۆر توندی تێدابوون كە چەندینجار گومانی دروست دەكرد لەوەی بتوانرێت هیچ كارێك بكرێت لە ژێر ئەو رێسا توندانەدا. وا دەردەكەوت كە بانگهێشتی میدیا بۆ ئەوەیە تەنیا بە چاو دۆخەكەیان پێ نیشان بدەن و بەو شێوەیەش لە شەڕی مافی ئازادیی دەربڕین و میدیا خۆیان بدزنەوە.

لەو فڕۆكەخانەیەدا رەنگ و دەنگی سەربازی لە هەموو كون و قوژبنێك ئامادەن. لە بری پۆلیس، سەرباز جانتات دەپشكنن. كۆمەڵێك سەربازی كچ بە پلەی عەریف كارەكانی فڕۆكەخانەت بۆ رایی دەكەن. بلیتی فڕۆكەت نییە، هەموو سووچێك كامێرای لێیە.

لە تەرمیناڵی فڕۆكەخانەكە نزیكەی 50 كەس چاوەڕێیان دەكرد. رێك لە بەرامبەر مندا، دوو پیاو دانیشتبوون. تۆزێك خۆم بۆ لایان چەماندەوە و پێمگوتن: "پەیوەندی ئێوە بەو دادگا سەربازییەوە كە بۆی دەچین، چییە؟". 

یەكەمیان  گوتی من جەنەراڵێكی سوپام و تایبەتمەندیم لە بواری یاسادایە. ئەو بەڕێوەبەری هەموو تیمی پارێزەرانی دادگای سەربازیی گوانتانامۆ بوو. ئەوی دیكە گوتی: "من وەكو ئەو گرنگ نیم، تەنیا عەقیدێكم و پارێزەری خالید شێخ محەممەدم". بە زەردەخەنەیەكیشەوە گوتی :"دڵنیام، خالید دەناسیت". خالید شێخ محەممەد، بە یەكێك لە پلاندانەرانی هێرشەكەی 11ی سێپتەمبەر دادەنرێ، لە ئاداری 2003 لە پاكستان رفێنرا و ئێستا لە گوانتانامۆیە.

نیشتنەوە لە گوانتانامۆ

فڕۆكەكەمان لە گوانتانامۆ نیشتەوە. چووینە ژوورێكی بچووك. سەربازێك داوای پاسپۆرت و مۆڵەتی چوونە ژوورەوەی لێكردین. بۆ هەر كەسێك سەربازێك دانرابوو تاوەكو رێنوێنی بكات. سەربازێكی گەنج بەرەو رووم هات و سڵاوی لێكردم. ناو و هەموو شتێكی منی دەزانی.

بۆ ئەوەی بگەینە كەمپە سەرەكییەكە، پێویست بوو بە بەلەم ئاوێك ببڕین كە گوانتانامۆی كردووە بە دوو بەشەوە. كامپی زیندانەكەی گوانتانامۆ لەو بەشەی دیكەی گوانتانامۆیە. گەیشتینە كامپە سەرەكییەكە، خانمێك بەخێرهاتنی كردین و فەرمووی لێ كردین بۆ سەنتەری میدیای گوانتانامۆ و گوتی پێویستە بۆتان روون بكەمەوە كە نابێت وێنەی چی بگرن و دەتوانن وێنەی چی بگرن. نابێت لە راپۆرتەكانتاندا باسی سەربازەكانمان بكەن. نابێت وێنەی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە و كارەبا و زیندانەكان بگرن. لە ژووری دادگادا جگە لە قەڵەم و كاغەز هیچ شتێك نابەنە ژوورەوە. ئەگەر داواكارییەكتان بۆ وێنەگرتن هەیە، دەبێت بۆمان بنێرن و ئێمە لە كۆبوونەوەدا بڕیاری لەسەر دەدەین. كاتێكیش وێنە و ڤیدیۆ دەگرن، دەبێ‌ بەشی راگەیاندنی گوانتانامۆ بیبینێ‌ و رەزامەندی لەسەر بدات.

نەشوان ئامادە نەبوو

بڕیار بوو رۆژی دواتر نەشوان عەبدولڕەزاق كە بە كوردێكی نێو سەركردایەتی ئەلقاعیدە ناسراوە، لە سەعات نۆی بەیانی دادگایی بكرێت. پرۆسەكەش سێ‌ سەعات بخایەنێ‌. ئێمە سەعاتێك زووتر لە هۆڵەكە ئامادە بووین.

سەعات نۆ سەربازێك هاتە هۆڵی دادگاییەكە و چەند هۆشدارییەكی پێداین: پێكەنین بە قسەی هەر كەسێك لەژووری دادگا قەدەغەیە، خەوتن، وێنەكێشان، سكێچكردن قەدەغەن. هەر كە سەربازەكە تەواو بوو، مولازمێك هاتە ژوورەوە و گوتی دادگاییەكە دواخراوە بۆ سەعات 12. دڵنیاش نین ئەمڕۆ دادگاییەكە بەڕێوەدەچێت یان نا. 

سەعات چوار دانیشتنی دادگا دەستیپێكرد. چاوەڕێ بووم، نەشوان ببینم و گوێی لێ بگرم تاوەكو بزانم بە چ زمانێك قسە دەكات؟ چی دەڵێت؟ كوردە یان عەرەبە؟ بەڵام ئەو نەهات بۆ دادگا.

نەشوان نەخۆشیی بڕبڕەی پشتی هەیە. دەگوترێ‌ ساڵی رابردوو رۆژێك لە ژووری زیندانەكەیدا كۆنترۆڵی بەشی خوارەوەی جەستەی لەدەستدابوو. پێنتاگۆن خێرا تیمێكی پزیشكی لە ئەمریكاوە نارد و نەشتەرگەرییان بۆ كرد، لەو كاتەشەوە تا ئێستا چوار نەشتەرگەری دیكەی بۆ كراوە. ئێستاش بە گۆچان و لە عەرەبانەی هاندیكاپدا هاتوچۆ دەكات. دۆخی تەندروستیی نەشوان وایكردووە چەند جارێك دادگاییەكەی دوابخرێت.

ئەو دانیشتنەی دادگا بۆ مایكل لیبەرتۆ كە عەقیدێكی مارێنزە، یەكەم دانیشتنی دادگا بوو وەكو دادوەری نوێی دادگا سەربازییەكەی گوانتانامۆ. دانیشتنەكەی بۆ هۆكاری نەهاتنی نەشوان عەبدولڕەزاق تەرخان كرد. لە دانیشتنەكەدا، ئەفسەرێكی بەشی تەندروستی كە دادگا ناوەكەی بەنهێنی هێشتەوە، ئامادەبوو تا گەواهی لەسەر دۆخی تەندروستی نەشوان بدات. 

ئەفسەرەكە لە گەواهینامەكەیدا وەڵامی هەردوو تیمی داواكار (كە نوێنەرایەتی حكومەتی ئەمریكای دەكرد) و تیمی پارێزەرەكانی نەشوان (كە لەلایەن دادگای سەربازییەوە بۆ داكۆكی لە نەشوان دابینكراوە) خستە بەردەم دادوەر. تیمی داواكار پێیانوابوو نەشوان دەتوانێت ئامادەی دانیشتنەكە بێت، بەڵام رەنگە هەندێك ناڕەحەتی بۆ دروست بكات. داوایان لە دادوەر كرد رێگە نەدرێت دادگا بە ئارەزووی نەشوان بەڕێوەبچێت. 

لەبەرامبەردا تیمی پارێزەرەكانی نەشوان كە ئەوانیش پلەی سەربازییان هەبوو، دەیانگوت ئەگەر ئامادەبوونی نەشوان لە دادگا ببێتە هۆی ناڕەحەتبوونی، ئەوە دەچێتە قاڵبی ئەشكەنجەدانەوە.

دوای كاژێرێك لە بێنەوبەردەی نێوان هەردوولا، دواجار دادوەر بڕیاری دا كە نەشوان دەتوانێت ئامادەی دادگا بێت و دەشتوانن بە زەبری هێز راپێچی دادگای بكەن، بەڵام ئەو كارە ناكەن.

لەكاتی ئەم مشتومڕەدا، نەشوان لە زیندانەكەیدا جارێكی دیكە ئازارێكی توندی پشت لێیدابووەوە. ئەفسەری تەندروستی سەردانی كردبووەوە، رۆژی دواتر رایگەیاند كە پێیوانییە نەشوان بتوانێت لەم هەفتەیەدا ئامادەی دانیشتنی دادگا بێت. لەبەرئەوەش دانیشتنی دادگا كە بڕیار بوو لە رۆژی 28ی ئەیلول بەڕێوەبچێت، دواخرا بۆ رۆژی پێنجی مانگی داهاتوو.

نەشوان كوردە؟

كە لە هۆڵی دادگا هاتینە دەرەوە، لە پارێزەرەكانی نەشوانم پرسی: نەشوان چ جۆرە كەسێكە؟ باكگراوندی چییە؟ هەندێك میدیا وایان بڵاوكردبووەوە كە كوردە، ئەوە تا چەند راستە؟ پارێزەرەكانی، ئەو بە كەسێكی بە ئەدەب و رەوشتبەرز و ئارامگر و زیرەك وەسف دەكەن، بەڵام زۆر بە روونی و بەبێ دوودڵی كوردبوونی نەشوانیان رەتكردەوە.

ئەی بۆ وا بڵاوكراوەتەوە كە كوردە؟ ئادەم سێرشۆڵد كە پارێزەری سەرەكی كەیسەكەی نەشوانە، گوتی "بۆ ئەم بابەتە قسە لەگەڵ پارێزەر ئەیمی كووپەر بكە".

كە گەڕامەوە سەنتەری میدیای گوانتانامۆ، یەكسەر تەلەفۆنم بۆ ئەیمی كرد. ئەیمی كە كچێكی گەنجە، پارێزەری پێشووتری نەشوان عەبدولڕەزاق بووە. پلەی فەرماندەی هێزی دەریایی ئەمریكای هەیە و هەر بە فەرماندە ئەیمی دەناسرێت.

ئەیمی زۆر بەڕێزەوە گوتی هەر پرسیارێكت هەبێت بەخۆشحاڵییەوە وەڵامت دەدەمەوە، بەڵام هەندێك لە پرسیارەكان دەبێت لەگەڵ چەند كەس و لایەنێك باس بكەم و بزانم تا چەند دەتوانم وەڵامت بۆ بنێرمەوە. من داوای كۆپییەكی جنسیەكەی و ناوی عەشیرەتەكەی نەشوانم كردبوو. ئەم دوو زانیارییە بۆ ئەوەی ئەیمی بتوانێت بڵاویان بكاتەوە، پێویستە لەگەڵ پارێزەران و نەشوان خۆی و هەندێ لایەنی دیكە گەنگەشەی بكات.

دواتر لە ئیمەیڵێكدا، ئەیمی بە (رووداو)ی راگەیاند كە "بە داوای لێبوردنەوە.. ناتوانم كۆپییەكی جنسییەكەی نەشوانتان بدەمێ، بەڵام دەربارەی عەشیرەتەكەی، نەشوان ئێستا بە نەشوان ئەلتەمر دەناسرێت، وەكو خۆشت دەزانیت تەمر واتە خورما. ئەو لە هۆزی یان خێزانی خورمافرۆشانە". ئەیمی گوتیشی: "دڵنیا نیم لەوەی كە ئەوە ناوی عەشیرەتەكەیەتی یان ئەو ناوەی چۆن پێدراوە، بەڵام باپیری نەشوان بازرگانی خورما بووە، لەبەرئەوەشە ئەو ناوەیان هەیە".

ئەیمی زانیاری دیكەشی دامێ‌ :"دایك و باوكی نەشوان هەردووكیان لە مووسڵ لەدایكبوونە. باوكی بەڕێوەبەری قوتابخانەیەكی سەرەتایی بووە لە مووسڵ. نەشوان خوێندنی ناوەندی تەواو كردووە. دوای تەواوكردنی خزمەتی سەربازی لە 1988 گەڕاوەتەوە مووسڵ و لەگەڵ باوكی خورمای فرۆشتووە و شۆفێری تاكسی بووە".

چۆن كرا بە كورد؟

ئەوەی ئەیمی و هەموو پارێزەرەكانی دیكە بە (رووداو)یان گوت، چیرۆكێكی سەرنجڕاكێشە كە چۆن نەشوان ناوی بە "كورد" رۆیشت. نەشوان لە مانگی ئۆكتۆبەری 2006 لە غازی عەنتاب لە توركیا لە رێگەی چوونی بۆ سووریا و عێراق لەلایەن پۆلیسی توركیاوە دەستگیر كرا و دواتر رادەستی CIA كرا. ئەو كاتە، رۆژنامەنووسی تورك رووشەن چاكیر، هەواڵێك لەسەر دەستگیركردنەكەی دەنووسێ، بەڵام كەس لێی ناكڕێ‌. دواتر كەمێك دەستكاری ناوەڕۆكی هەواڵەكە دەكات و دەنووسێت نەشوان كوردە. ئیدی چەندین میدیای ئەمریكی و جیهانی لەنێویاندا فۆرین پۆڵەسی هەواڵەكەی رووشەن دەكەن بە سەرچاوە و نەشوان وەكو كوردێكی ئەلقاعیدە دەناسێنن.

لە ئاداری 2017 سێ لە پارێزەرەكانی نەشوان دەچنە ئیستانبوڵ و داوا لە رووشەن چاكیر دەكەن بەڵگەی كوردبوونی نەشوانیان نیشان بدات. بەڵام رووشەن دەڵێت، هیچ بەڵگەی كوردبوونی ئەوم لا نییە. ئەوەندە دەزانم لە باكووری مووسڵ لەدایكبووە، بۆیە پێموابوو كە كوردە. یەكێك لە پارێزەرەكانی نەشوان پێیگوتم: "رووشەن گوتوویەتی جاری یەكەم ویستم هەواڵەكە بڵاوبكەمەوە، كەس بڵاوی نەدەكردەوە. ئەوكات لە توركیا رق و كینەیەكی زۆر بەرامبەر كورد هەبوو، بۆیە نووسیم نەشوان كوردە. بەوشێوەیە هەواڵەكەم بڵاوكرایەوە". 

هەموو ئەو پارێزەر و كەسانەی كە قسەم لەگەڵ كردن، دەڵێن نەشوان زۆر سوورە لەسەر ئەوەی كە ئەو كورد نییە، ئەو هەواڵە ناڕاستانەش بێزاری دەكەن.

لەوێ‌ پرسیارم كرد، میدیاكان چۆن كەوتنە ئەو هەڵەیە و بە قسەی چاكیر باوەڕیان كرد؟ پێیانگوتم چەند هۆكارێك هەبوون كە بڕوا بەو رۆژنامەنووسە بكەن. لەوانە نەشوان چاوی شینە و پێستی سپییە و لە عەرەبی ناوچەكە ناچێ‌.

كەسێكی دیكە كە لە هەموو دانیشتن و قسەكردنێكدا لەگەڵ نەشوان ئامادەیە، پێیگوتم: "هۆكارێكی دیكەی ئەو هەڵە تێگەیشتنە لە نەشوان ئەوەیە ئەوكاتەی لە ئەفغانستان بووە، كەسێكی كورد لەوێ بووە و هەمان پاشناوی هادی هەبووە. نەشوانیش لە ناو قاعیدە، ناسناوی عەبدولهادی ئەلعێراقی بووە، لەبەرئەوە هەندێك كەس پێیانوابووە ئەو هادیە، نەشوانە".

نەشوان كە لە شوباتی 1961 لە مووسڵ لەدایكبووە، بە چەند ناوێكی دیكەش بانگ كراوە. دواترین ناو كە لە دادگا سەربازییەكەی گوانتانامۆ پێی دەناسرا، نەشوان ئەلتەمر بوو. لە پرۆفایلی CIAیشدا بە نەشوان عەبدولڕەزاق عەبدولباقی ناوی هاتووە. لە سەردەمی جەنگی عێراق و ئێراندا، سەربازی سوپای عێراق بووە، بەڵام بە گوتەی حكومەت و داواكاری گشتی، دواتر لە كاتی شەڕی كوێتدا بەرەو ئەفغانستان رۆیشتووە و لەوێ‌ هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێكی ئەفغانی كردووە. پارێزەرەكانی بە (رووداو)یان راگەیاند: "هەرچەندە ئەو لە سوپای عێراقدا بووە، بەڵام حەزی لە سەدام حوسێن نەبووە و نییە".

دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا نەشوانی بەسەركردەیەكی باڵای ئەلقاعیدە ناساندووە و دەڵێت: لە نێوان 2002 بۆ 2004  بەرپرسی هێرشەكانی ئەلقاعیدە بووە لە ئەفغانستان، هەروەها فەرمانی كردووە سەرۆكی پێشووتری پاكستان، پەروێز موشەڕەف و ئەندامانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان تیرۆر بكرێن.

بەگوێرەی CIA ، نەشوان ئەو كاتەی دەستگیركراوە، ویستوویەتی بگەڕێتەوە عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ئەلقاعیدەی عێراق و سەركردایەتی ئەلقاعیدە لە ئەفغانستان.

نەشوان دوای دەستگیركردنی، تەسلیمی CIA كراوە. بۆ ماوەی 170 رۆژ لە زیندانێكی نهێنیی دەزگاكە هێڵدراوەتەوە، پارێزەرەكانی دەڵێن لەوێ ئەشكەنجە دراوە، بەو هۆیەش تووشی نەخۆشیی بڕبڕەی پشت بووە، بەڵام راپۆرتی لیژنەی هەواڵگریی سێنات لە پەڕەی 448 دا نكۆڵی لە ئەشكەنجەدانی نەشوان دەكات.

نەشوان لە نیسانی 2007 لە كەمپی ژمارە 7ی زیندانی گوانتانامۆ بەندكراوە. ئەو كامپە كە بە كامپی زیندانییە مەترسیدارەكان ناسراوە، ئێستا 40 ئەندامی قاعیدەی تێدایە.


ئەو هێرشانەی كە نەشوان پێی تۆمەتبارە، 8 سەربازی ئەمریكی، سەربازێكی بەریتانی و سەربازێكی نەرویجیی تێدا كوژراون. داواكاری گشتی حكومەتی ئەمریكا داوا دەكات كە حوكمی بەندكردنی هەتاهەتایی بەسەر نەشواندا بسەپێندرێ‌. نەشوان تەنیا بەندكراوە لە گوانتانامۆ كە حكومەت و داواكاری گشتی داوای لەسێدارەدانی ناكەن، بەڵام نەشوان هەموو تۆمەتەكان رەتدەكاتەوە.



گوانتانامۆ

گوانتانامۆ بەشێكە لە خاكی كوبا، بەڵام لەلایەن ئەمریكاوە بەڕێوەدەبرێ. ئەو بەشەی كوبا لە ساڵی 1903 بە رێككەوتنێكی نێوان ئەمریكا و كوبا بە كرێی ساڵانەی 2000 دۆلار دراوەتە ئەمریكا، دواتر كرێیەكەی بۆ 4085 دۆلار زیادكراوە.

لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی چەپگەراكانی كوبا لە ساڵی 1959 بە سەرۆكایەتی فیدڵ كاسترۆ، پرسی گوانتانامۆ بووە پرسێكی گەورەی نێوان كوبا و ئەمریكا. كوبا و كاسترۆ دەڵێن گوانتانامۆ بەشێوەیەكی نایاسایی داگیركراوە. بۆیە لەو كاتیشەوە تەنیا یەكجار كرێی خاكەكە بە كوبا دراوە، بەڵام دواتر كاسترۆ رایگەیاند كە ئەو چێكەش بە هەڵە لەلایەن كارمەندانی بانكی ناوەندیی كوباوە براوەتە بانك و قبوڵ كراوە.

گوانتانامۆ جگە لە زیندانی سەرانی ئەلقاعیدە، بنكەیەكی هێزە دەریاییەكانی ئەمریكاشی تێدایە. ئەو بنكە سەربازیەی گوانتانامۆ بۆ شەڕی دژی بازرگانانی مادەی هۆشبەر لە ناوچەی كاریبی بەكاردێ. حكومەتی ئەمریكا دەڵێت بۆ هاوكاری وڵاتانی ناوچەكە لە حاڵەتی كارەساتی سروشتیدا بەكاردێت. هەروەها بۆ رێگەگرتن لە چوونی كۆچبەری نایاسایی بۆ ئەمریكا بەكاردێ.

پەیوەندییەكانی نێوان كوبا و ئەمریكا تاڕاددەیەك ئاسایی بوونەتەوە، هەموو مانگێكیش كۆبوونەوەیەك لە نێوان سەربازەكانی بنكەكە و كاربەدەستانی كوبی دەكرێ‌، بەڵام هێشتا نامتمانەیی لە نێوان هەردوولادا بەشێوەیەكی بەرچاو هەستی پێدەكرێ. 

گوانتانامۆ بە تەواوەتی لە كوبا دابڕاوە، لایەكی بە دەریا و لایەكی دیكەی بە كێڵگەی مین دەورە دراوە. لە چواری تەمموزی هەموو ساڵێكدا ئەمریكییەكان بە هاوتا كوبییەكانیان دەڵێن، جەژنی سەربەخۆیی ئەمریكا دەگێڕین، یاریە ئاگرینەكان دەتەقێنین، ترستان نەبێت بە هەڵە تێنەگەن هێرش ناكەین.

هەر كەسێك سەردانی گوانتانامۆ بكات، پێویستە پاسپۆرتەكەی لەگەڵ خۆی بەرێت. لە ئەفسەرێكی بنكەكەم پرسی پاسپۆرت بۆ چییە؟ 

"ئەگەر هێرشمان كرایە سەر، پێویستە هەموومان بچینە وڵاتێكی دیكەی ناوچەكە". ئەفسەرەكە وایگوت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە