ساڵی یەکەمی ترەمپ لە کۆشکی سپی

20-01-2018
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
ژمارەیەک لە بڕیارەکانی مشتومڕیان لێکەوتەوە
ژمارەیەک لە بڕیارەکانی مشتومڕیان لێکەوتەوە
نیشانەکردن ترەمپ
A+ A-

رووداو - واشنتن

ئەمڕۆ 20-1-2018 ساڵێک بەسەر دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەکو سەرۆکی ئەمریکا تێدەپەڕێت. ترەمپ لەماوەی ساڵێک سەرۆکایەتیکردنیدا چەندین بڕیاری دەرکردووە کە کاردانەوەی جیاوازییان لێکەوتووەتەوە. یەکێک لەو بڕیارانەش کە زۆرترین کاردانەوەی لێکەوتەوە، ناساندنی قودس/ئۆرشەلیم بوو بە پایتەختی ئیسرائیل.

رۆژی 20ی کانوونی دووەمی 2017 دۆناڵد ترەمپ وەکو 45ـەمین سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربوو.

ئەو سەرۆکە کۆمارییە تەنانەت دەستپێکەکەشی پڕ لە مشتومڕ بوو، کاتێک رایگەیاند، ملیۆنێک و 500 هەزار کەس ئامادەی ئاهەنگی دەستبەکاربوونەکەی بوون، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی میدیاکان ئامادەبووان زۆر لەو ژمارەیە کەمتربوون و دەستبەکاربوونی ئۆباما زیاتر بووە.

هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی، ترەمپ شەڕی دژی میدیاکان راگەیاند و میدیاکاری بە " ناڕاستگۆترین بوونەوەری سەر زەمین" ناوبرد. 

ترەمپ هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە هەڕەشەی درووستکردنی دیواری لەسەر سنوورەکان و رێگریکردن لە هاتنی مسوڵمانانی ئێران، عێراق، لیبیا، سۆماڵ، سوودان، سووریا و یەمەن کرد، دواتر عێراقی لەنێو ئەو وڵاتانە دەرکرد.

ئەم بڕیارە خۆپیشاندانی لە سەرانسەری جیهان لێکەوتەوە، ترەمپ ئەوەی بە رێگریکردن لە هاتنی موسڵمانان وەسفنەکرد، بەڵکو بۆ تووندوتۆڵکردنی رێوشوێنی ئەمنیی گەڕاندەوە.

سێ مانگ بەسەر سەرۆکایەتیی ترەمپدا تێنەپەڕیبوو، بەرەبەیانێک بڕیاریدا 59 مووشەکی تۆمهاوک ئاراستەی بنکەی سەربازی شوعەیرات بکرێت، ئەوەش لەسەر تۆمەتبارکردنی سوپای سووریا بە کیمیابارانکردنی خەڵکی خان شەیخۆن.

دەستلەکارکێشانەوە و دوورخستنەوەی بەرپرسانی ئیدارەکەی ترەمپ هەواڵی گەرم بوون، لەماوەی ساڵێکدا زیاتر لە 15 بەرپرس دەستیان لەکارکێشایەوە یان دوورخرانەوە، دیارترینیان جەیمس کۆمی، بەڕێوەبەری (ئێف بی ئای_ بوو. هەروەها چەند جارێک لەبارەی ئێران گوتاری داوە و باسی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی کردووە وەک "خراپترین رێککەوتن".

بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور، یەکێک لەو پرسانە بوو کە هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا هێندەی ترەمپ باسی نەکردووە. لە وەڵامی هەڕەشەیەکی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، ترەمپ گوتی "پیۆنگ یانگ مووشەک ئاراستەی وڵاتەکەمان بکات رووبەڕووی ئاگر و ئافاتی دەکەمەوە".

دۆناڵد ترەمپ توویتەر زۆر بەکاردەهێنێت، بەیانیی زوو و شەو درەنگ توویت دەکات. توویتێکی ترەمپ لەسەر کیم جۆنگ ئون بووە جێی گاڵتەوگەپی میدیاکان. کاتێک نووسی "بۆچی کیم جۆنگ بە پیاوە پیرەکە بانگم دەکات و سوکایەتیم پێدەکات لەکاتێکدا من هەرگیز پێم نەگوتووە کورت و قەڵەو." هەر لە توویتەریش بڕیاری دوورخستنەوەی هاوڕەگەزبازانی دا، کە بە LGBT ناسراون، لەڕیزی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا. 

بڕیارێکی ترەمپ کە زۆرترین کاردانەوەی لێکەوتەوە، ناساندنی قودس/ ئۆرشەلیم بوو بە پایتەختی ئیسرائیل لە 6ی کانوونی یەکەمی 2017 دا.
 
لە رۆژی 3-1-2018 کتێبی "Fire and Fury" لەسەر ترەمپ بڵاوکرایەوە، لە باس لە کێشەکانی لە کۆشکی سپی دەکات، ترەمپ زۆربەی ئەو نووسراوانەی کتێبەکەی بە "درۆ" وەسفکردووە.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە