هێرشکارەکەی سەر کاپیتاڵ گازێت "پێشتر پلانی هێرشەکەی داڕشتووە"

29-06-2018
هۆشەنگ دارا
نیشانەکردن کاپیتاڵ گازێت
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەو رۆژنامەیەی لە ئەمریکا کەسێک هێرشیکردە سەر باڵەخانەکەی و پێنج رۆژنامەڤانی کوشت، راپۆرتێکی لەبارەی هێرشەکە بڵاوکردەوە.

لە راپۆرتەکەی رۆژنامەی کاپیتاڵ گازێت، کە لە شاری ئەناپۆڵس لە ویلایەتی ماریلاند دەردەچێت، ئاماژەی بەوەکراوە، هێرشکارەکە پیاوێکی سپیپێستی تەمەن 38 ساڵان بووە. پێشتر پلانی هێرشەکەی داڕشتووە و وەک بەشێک لە پلانەکەش دەرگاکانی دەرچوونی کتوپڕی داخستوون.

هێرشکارەکە ناوی جارۆد وارێن رامۆس-ـە، ئەمڕۆ (هەینی 29-6-2018) ئامادەی بەردەم دادگا بووە، ئەو بە تۆمەتی "ئەنجامدانی هێرشی بە ئەنقەست و ئامانجدار بە کوشتنی پلە یەک" دادگایی دەکرێت. 

رامۆس بە تاوانی کوشتنی رۆب هیاسێن، نووسەر و ستووننووسی تەمەن 59 ساڵ، وێندی وینتەرز،  پەیامنێری تەمەن 65 ساڵ و 3 ئەندامی دیکە لە ستافی رۆژنامەکە کە تەمەنیان 61 و 56 و 34 ساڵان بوون، هەروەها بریندارکردنی دوو ئەندامی دیکەی رۆژنامەکە، سزادەدرێت. 

هێرشکارەکە دەستگیرکراوە، بەڵام هێشتا هۆکاری ئەنجامدانی هێرشەکە نازانرێ، تەنیا ئەوە نەبێ کە ساڵی 2012 سکاڵایەکی دژی رۆژنامەکە تۆمارکردووە و سکاڵاکەشی دۆڕاندووە.

سەرۆکی شارەوانیی ئەناپۆڵس، ئەو شارەی کە هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرا، هۆکاری زۆربوونی هێرشە چەکدارییەکان بۆ خراپیی یاساکانی چەک دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، چەک لەسەر شەقامەکان زۆرە و ئاسان بەدەستدەکەوێت. 

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە