رووداو-کەرکووک
لە یەکەم رۆژی پرۆسەی ئەژمار و جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکاندا، 23 سندووقی دەنگدانی پارێزگای کەرکووک کرانەوە و سەرچاوەیەک لە بنکەی جیاکردنەوەی دەنگەکان باس لەوە دەکات کە "جیاوازی هەبووە لە نێوان ئەنجامە ئەلیکترۆنییەکان و ئەنجامی دەستیی دەنگەکان". کاندیدێکی یەکێتیش دەڵێت، ئەو سندووقانە لەلایەن میلیشیاکانەوە لە کۆگاکان قوفڵەکانیان شکێندراون و دەستکاری کراون.
لە ھۆڵی چالاکییە وەرزشییەکانی کەرکووک جیاکردنەوە و ژماردنەوەی دەنگەکانی ئەو وێستگانەی کە سکاڵایان لەسەربوو دەستیپێکرد، کە ژمارەیان (334) وێستگەیە لەگەڵ ئەو وێستگانەی کە داتاکانیان رەوانەی بەغدا نەکراون و نەچوونەتە سێرڤەری سەرەکی کە ژمارەیان (188) وێستگەیە و کۆی گشتییان (522) سندووقە.
سەرچاوەیەک لە بنکەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ جیاکردنەوە و ژماردنەوەی دەنگەکانی پارێزگای کەرکووک دەستیپێکرد، 30 فەرمانبەری دادگای کەرکووک و 30 کارمەندی کۆمیسیۆن لەبەغدا و فەرمانبەرانی نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆن بەشدارن لە پرۆسەی جیاکردنەوە و ژماردنەوەی دەنگەکان، کە بۆ جیاکردنەوە و ژماردنەوەی ھەر سندووقێک پێنج کەسیان تەرخانکردووە سێ کەسیان لە فەرمانبەرانی نووسینگەی کەرکووکن، کوردێک و عەرەبێک و تورکمانێک، لەگەڵ فەرمانبەرێکی دادگای کەرکووک و فەرمانبەرێکی کۆمیسیۆنی بەغدا.
ئەو سەرچاوەیە گوتی: "ئەمڕۆ تەنیا 23 سندووق تەواو کراون و جیاوازیش ھەیە لەنێوان ئەنجامی ئەلیکترۆنیی و ئەوەی بەدەست ژمێردراونەتەوە، بۆ نموونە لەسندووقێک دەنگی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەپێی ئەنجامەکەی پێشوو (213) دەنگ بووە، بەڵام لەژماردنەوەی دەستیی (103) دەنگیان بەدەستھێناوە و سندووقەکانی دیکەش جیاوازی دەنگی تێدایە بە ژمارەی جیاواز".
رێبوار تەها، بەربژێری سەرکەوتووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکووک، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو سندووقانەی ژماردنەوەکەیان لەگەڵ ئەلیکترۆنییەکان جیاوازە ئەو سندووقانەن لەلایەن میلیشیاکانەوە لە کۆگاکان قوفڵەکانیان شکێندراون و دەستکاری کراون.
رێبوا تەها جەختیکردەوە کە لەکاتی ئەژمارکردنەوە بەدەست، دەرکەوتووە کە بەشێک لە سندووقەکان قوفڵەکانیان گۆڕدراون و بارکۆدیان جیاوازە لەو قوفڵانەی لە کۆمیسیۆن هەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 3-7-2018، ئەژمار و جیاکردنەوەی دەستی بۆ سندووقەکانی دەنگدانی پارێزگای کەرکووک دەستیپێکردووە و پارێزگاکانی دیکەش دەگرێتەوە، بەڵام تەنیا ئەو سندووقانە دەژمێردرێنەوە کە سکاڵایان لەسەرە.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان




.jpg&w=3840&q=75)