رووداو-هەولێر
ئەمڕۆ 27 ساڵ بە سەر پێکهاتنی یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت کە لە ساڵی 1992 بە سەرۆکایەتی فوئاد مەعسووم پێکهات و 16 وەزیری هەبوو.
لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا 8 کابینەی حکومی پێکهێندراون و 5 جاریش هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە. بۆ ماوەیەکیش لە سلێمانی و هەولێر دوو کابینەی جیاواز پێکهاتن.
4ی تەممووزی ساڵی 1992 یەکەم کابینەی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی فوئاد مەعسووم پێکهێندرا و رۆژ نووری شاوەیس جێگری سەرۆکی حکومەت بوو 16ی وەزیری هەبوو.
لەدوای ساڵی 1992 هیچ هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ساڵی 2005 ئەنجامنەدرا، بەڵام لەو ماوەیەدا چەند کابینەیەک گۆڕدران. کابینەی دووەمی حکومەت بە سەرۆکایەتی کۆسرەت رەسوول عەلی و جێگرایەتی رۆژ نووری شاوەیس پێکهێنرا.
کابینەی سێیەمی هەرێمی کوردستان دوو کابینە بوو؛ لە کابینەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی، رۆژ نووری شاوەیس سەرۆکی حکومەت و نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی حکومەت بوون. لە کابینەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی، کۆسرەت رەسوول سەرۆکی حکومەت و کەمال فوئاد جێگری سەرۆکی حکومەت بوون.
کابینەی چوارەمی هەرێمی کوردستان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە سەرۆکایەتی دەکرا و سەرکیس ئاغاجانیش جێگری سەرۆکی حکومەت بوو.
هەردوو کابینە لە ساڵی 2005دا یەکیانگرت و کابینەی یەکگرتوو بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و جێگرایەتی عومەر فەتاح پێکهێنرا. کابینەی شەشەمیش بە سەرۆکایەتی بەرهەم ساڵح و جێگرایەتی ئازاد بەرواری پێکهات.
کابینەی حەوتەم و هەشتەم بەسەرۆکایەتی نیچیرڤان بارزانی بوو و عیماد ئەحمەد لە کابینەی حەوتەم و قوباد تاڵەبانی لە کابینەی هەشتەم جێگری بوون.
چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا کابینەی نۆیەمی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسروور بارزانی پێکبهێنرێت کە تێیدا یەکێتی، گۆڕان، سۆسیالیست و پیکهاتەکان بەشدارن.




