رووداو ـ هەولێر
دوای ئەوەی سکرتێری ئەنجوومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران سعودیەی تۆمەتبار کرد بەوەی "دوو گرووپی تیرۆریستی ناردووە بۆ سنوورەکانی کوردستانی ئێران" کۆنسوڵخانەی سعودیە لە هەولێر ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە.
کۆنسوڵخانەی گشتی سعودیە لە هەولێر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ئەمینداری ئەنجوومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەکانی رژێمی ئێران گوتویەتی سعودیە 2 شانەی تیرۆریستی لە رێگەی کۆنسوڵەكەیەوە لە هەولێر رەوانەی ئێران كردووە، ئەو تۆمەتە رەتدەکەینەوە".
کۆنسوڵخانەی گشتی سعودیە له هەولێر لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "رۆژی دووشەممە 20-6-2016 موحسن رەزایی سکرتێری ئەنجوومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێمی ئێران بە ئاژانسی فارس نیوزی راگەیاندووە شانشینی سعودیە بە سەركردایەتی کۆنسوڵخانەی گشتی لە شاری هەولێر لە باكووری عێراق دوو شانەی تیرۆریستی رەوانەی نێو خاكی ئێران كردووە، ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەكی دروستی نییەو کۆنسوڵخانەی گشتیش ئەو تۆمەتە رەتدەكاتەوە".
موحسن رەزایی سکرتێری ئەنجوومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران چەند رۆژ پێش ئێستا و لە ئینستاگرامی خۆی لە پەیامێکدا بۆ شای سعودیە نووسیویەتی: "دوو گرووپی تیرۆریستی کە بە فەرمانی کۆنسوڵخانەی ئێوە لە هەولێر هاتبوونە سنوورەکانی کوردستانی ئێران، هەموویان کوژران".

.jpg&w=3840&q=75)

.webp&w=3840&q=75)