رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی چین بەتووندی وەڵامی کەنەدا دەداتەوە لەسەر تۆمەتبارکردنی پەکین بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی شینژییانگ و لە بەرامبەردا داوای لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییە مێژووییەکانی کەنەدا دژ بە دانیشتووانە رەسەنەکانی وڵاتەکە دەکات.
کەنەدا سەرۆکایەتیی هەڵمەتێک دەکات کە زیاتر لە 40 وڵاتی لەخۆگرتووە و داوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە دەکات لە ئەگەری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی شینژییانگی چین دژ بە ئیگۆرە موسڵمانەکانی و کەمینە ئایینییەکانی دیکەی ناوچەکە، ئەوەش بووەهۆی سەرهەڵدانی گرژی لەنێوان هەردوو شاندی کەنەدا و چین لە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ لە سویسرا.
لە بەرامبەردا چین دژ بەو هەنگاوەی کەنەدا وەستاوە و داوای لێکۆڵینەوە لە مێژووی ئەو وڵاتە دەکات لە ئەگەری کوشتنی هەزاران منداڵ لە دانیشتووانی رەسەنی کەنەدا لەنێو قوتابخانەکانی ژێر دەستی کەنیسەیەکی کاسۆلیکی لە کۆتایی سەدەی 19 تاوەکو ناوەڕاستی سەدەی 20.
ژییانگ دووان، نێردەی چین بۆ ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکیدا رایگەیاند، لەڕووی مێژووییەوە کەنەدا هێرشیکردووەتەسەر دانیشتووانە رەسەنەکانی وڵاتەکەی و کوشتوونی و کولتوورەکەیانی لە رەگوریشە دەرهێناوە.
ماوەی دوو ساڵە پەیوەندیی نێوان کەنەدا و چین بە قۆناخێكی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت ئەوەش لەدوای دەستگیرکردنی مینگ وانژوو، کچی خاوەن کۆمپانیای هواویی چین لەلایەن کەنەداوە لەسەر پێشێلکردنی سزاکانی ئەمریکا تایبەت بە ئێران، هەنگاوێک بوو چین بە دەستگیرکردنی دوو هاووڵاتی کەنەدی کە سەردانی چینیان کردبوو، وەڵامی کەنەدای دایەوە.



