رووداو- سلێمانی
لە دوای 14 ساڵ كاركردن لە پڕۆژەی پاركی هەواری شار، بڕیارە رۆژی یەکشەممە 22-5-2016 دەرگای پاركەكە بەڕووی هاونیشتمانیاندا بكرێتەوە، ئەگەرچی تەنیا 1 لەسەر 4-ی پڕۆژەكە كۆتاییهاتووە، بەڵام بەرپرسانی شارەوانی سلێمانی بە پڕۆژیەكی گرنگی دەزانن لەڕووی كەرتی وەبەرهێنان و ژینگە و گەشتیارییەوە.
پاركی هەواری شار دەكەوێتە سەر رێگەی سلێمانی - قەیوان لە باكووری رۆژئاوای شاری سلێمانی و بە 3 قۆناخ كاری تێداكراوە، زیاتر لە 3000 جۆر نەمام و گوڵی تێدا چێنراوە، سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی بە سیستەمی ئەلیكترۆنی رێكخراوە. هاونیشتمانیان دڵخۆشن بە كردنەوەی ئەو پڕۆژەیە.
پارك هەواری شار، لە سەر رووبەری 4400 دۆنم زەوی دروستكراوە، بە دووەم گەورەترین پارك هەژماردەكرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم پاركە لە قۆناخی دووەمدا 5 ملیار دیناری تێچووە و هێشتا پێویستی بە 6 ملیار دیناری دیکە هەیە تاوەكو هۆتێلی 5 ئەستێرە، میوانخانە، سینەما و رێستۆرانتی تێدا دروست بكرێت.