"پێویستە یۆڤینتۆس شێوازی یاریکردنی خۆی لەپێناو رۆناڵدۆدا بگۆڕێت"

11-07-2018
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یاریزانی نوێی یوڤێنتوس
A+ A-

رووداو - هەولێر

لۆچیانۆ مۆجی بەڕێوەبەری پێشووی وەرزشی لە یانەی یۆڤینتۆسی ئیتاڵی قسەی لەسەر رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ یانەی یۆڤینتۆسی ئیتاڵی کرد و کارەکەی بە نایاب ناوبرد.

مۆجی کە پێشتر لە رێگەی تویتێکەوە ئاشکرایکردبوو رۆناڵدۆ لە میونشن پشکنینی پزیشکی ئەنجامداوە، ساڵانێکی بەرچاو وەک بەڕێوەبەری وەرزشی لە یانەی یۆڤینتۆس کاریکردووە.

رۆناڵدۆ دوێنێ بە دەستەوارەیەکی 105 ملیۆن یۆرۆیی و بەگرێبەستێک بۆ ماوەی 4 ساڵ، پەیوەندی بە یانەی یۆڤینتۆسەوە کرد.

مۆجی لەبارەی گواستنەوەکە دەڵێ ماوەی 20 رۆژ بوو هەموو کارەکانی گواستنەوەکە تەواو بوو بوو، ئەو پاڵەوانە و یاریزانێکی مەزنە، بەڵام دەبێ ببینین بزانین لەگەڵ یۆڤینتۆس لە یاریگەدا چیدەکات.

مۆجی زیاتر دەڵێ رۆناڵدۆ لە جامی جیهاندا دوو یاری نایابی کرد، بەڵام دوای ئەوە و لە دوو یاری دیکەدا قاچی بەر تۆپ نەکەوت، لە رووی ئابوورییەوە دەستەوارەکە کارێکی نایابە بۆ یۆڤینتۆس، بێگومان بۆ خولی ئیتاڵیش بەهەمان شێوە.

بەڕێوەبەرەکەی پێشووی یۆڤینتۆس هیواخوازە رۆناڵدۆ لەگەڵ یۆڤینتۆسدا سەرکەوتوو بێت، چونکە ئەو کوالیتییەکی نایابی هەیە، هەرچەندە تەمەنیشی هەندێک گەورە بێت، لە کۆتاییدا یاریگە ئەوە دەستنیشاندەکات کارەکە چۆن دەکەوێتەوە.

لەبارەی شێوازی یاریکردنی یۆڤینتۆسەوە لە پاش هاتنی رۆناڵدۆ، مۆجی دەڵێ ئێستا لەسەر یۆڤینتۆس پێویستە لەپێناو رۆناڵدۆدا یاری بکات، لەبەرئەوەی ئەو زۆر حەزی لە بەرگری نییە، با بینین بزانین کێ لە یانەکە دەڕوات، چونکە هەموو باسی رۆیشتنی هیگواین دەکەن، بەڵام هێشتا هیچ دیار نییە، خۆ ئەگەر بیر لە فرۆشتنی دیبالا بکرێتەوە، ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە